
زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنێک کە خەڵک بە هیوای گۆڕانکاری و چاکسازی نوێنەری خۆیان هەڵبژارد، بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو!؟
پەرلەمان، کە دەبێ موڵکی خەڵک بێت، بووە بە بارمتە بۆ ناکۆکی سیاسی و حیساباتی لایەنەکان. ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەستپێکردنەوەی چالاکیەکانی پەرلەمان و ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنەکانی دەکات. ئەم بانگهێشتنامەیە هەنگاوێکی بەرپرسیارانە و هاوتەریبە لەگەڵ کۆتایی هێنان بە داخستنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە یاساییەکانی هەرێم. بەڵام لە لایەکی دیکەوە هێشتا هەندێک کەس مەرجی کاراکردنی پەرلەمان بە ڕێککەوتنی سیاسی دادەنێن.
پرسیار ئەوەیە: ئایا پەرلەمان شوێنی ڕێککەوتن و ناکۆکی سیاسی نییە؟ ئەگەر بڕیارە پەرلەمان بە داخراوی بمێنێتەوە تا لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا فەلسەفەی بوونی پەرلەمان چییە؟
دیارە هەندێک ڕێکەوتن لەسەر پشک و ئیمتیازات گرنگترە لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان بەرامبەر بەو خەڵکەی دەنگیان پێداون. ئەوان کورسی دەسەڵاتیان دەوێت، بەڵام ئامادە نین بەرپرسیارێتی دانیشتن لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان قبوڵ بکەن. پەرلەمان موڵکی تایبەتی حزبەکان نییە کە هەرکاتێک بیانەوێت دایبخەن.
با بپرسین، ئەگەر سبەی پەرلەمان کارا نەکرێت، کێ بەرپرسیار دەبێت لە لاوازبوونی دامەزراوە یاساییەکان و بێمتمانەیی خەڵک؟
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری قەیرانی ئەمنیدایە و لەو کاتەدا ئێمە هێشتا سەرقاڵی یارییەکانی پەرتبوون بووین. پێویستە ڕاستگۆیانە شتێک بگوترێ: کەسێک پەرلەمان وەک ئامرازێک بۆ موزایەدەی سیاسی بەکار بهێنێ، ناتوانێت لە یەک کاتدا بانگەشەی بەرگری لە دیموکراسی و ئیرادەی گەل بکات. ئەمڕۆ کاتی هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنی نێوان بەرپرسیارێتی و بارمتەگرتنی دامەزراوە یاساییەکان، هەڵبژاردنی نێوان بەرژەوەندییەکانی خەڵک و بەرژەوەندیی کوتلەکان. پەرلەمان دەبێت ئەکتیڤ بکرێت، نەک بە ئیزنی ئەم حزبە یان ئەو حزبە، بەڵکو بە ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک. کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا هەیە، نەک سیاسەتمەدارانێک کە داخستنی پەرلەمانیان کردۆتە کارت فشار بۆ دەسکەوت لە دانوستانەکانیاندا.
ئەوەتا پەڕلەمانتارەکانی خۆیان بەو بەروبازاڕە ڕازی نین و ڕووبەڕووی هەلوەرین بوونەتەوە . بێگومان نە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی و نە خەلکی تێکۆشەرى کوردستان چیدی ڕێگە بەو سەرکێشیە نادات و ناتوانێت بەرامبەر بە بەهەدەردانی دیرۆکی پڕ لە سەروەری شەهیدانمان بێدەنگ بنوێنێت .
عبدالقادر رزاق هەرکی
3/11/2026
See less




























