
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق: سەقامگیری بە میرات بەدەست نایەت و سەرکردە بەهێزەکان دەستەبەری دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ستایشی هەنگاوەکان و سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
تۆم بەڕاک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووە و نووسیویەتی: “سەقامگیری بە میرات بەدەست نایەت، بەڵکو لەلایەن ئەو سەرکردانەوە بنیاددەنرێت کە رێگە سەختەکە هەڵدەبژێرن.”
ئەم لێدوانەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە پێناو چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەشەپێدانی ئابووری، و بەدوورگرتنی وڵاتەکە لە ئاڵۆزییە هەرێمییەکان.
نوێنەری سەرۆکایەتیی ئەمریکا جەختیشی لەوە کردەوە کە ئایندەی سەقامگیری لە عێراق بەستراوەتەوە بە ئیرادەی سیاسی و بڕیاری بوێرانەی سەرکردایەتیی وڵاتەکە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دروستکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاووڵاتییان.

























