
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: لێدوان و تۆمەتەکانی ئاڵا تاڵەبانی رەت دەکەینەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29/10/2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا لێدوان و تۆمەتەکانی ئاڵا تاڵەبانی رەتدەکاتەوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاتووە: بە توندی هەموو ئەو بانگەشە بێبنەمایانە ڕەت دەکەینەوە کە ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگەی کەناڵی (الأولى) ـەوە، کە سەر بە میلیشیا ناسراوەکانە و هەڵوێستی دژ بە هەرێمی کوردستانیان هەیە، دەربارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی و کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانی کار لە هەرێمی کوردستان دەری بڕیوە.
ئاماژە بەوەش دراوە: ئەم بانگەشەیانەی کە پشت بە ڕاستی و داتای باوەڕپێکراو نابەستن، تەنها زیان بە کار و ئەدای دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەیەنن، بەڵکو متمانە بە دامەزراوە فیدراڵییەکان و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم فایلەش دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت کە چەندین پرسیار دەربارەی بنەمای ئەم جۆرە لێدوانانە دروست دەبێت:
یەکەم: دەربارەی بانگەشەی بەرهەمهێنانی ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی کوردستان
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، کۆمپانیای (Wood Mackenzie)، وەک کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری پسپۆڕ کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، دیاری کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی.
بەپێی داتاکانی ئەم کۆمپانیایە، ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم نزیکەی ٢٥٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٧ بگاتە ٣٠٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ بە مەرجێک کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان هەموو مافە دارایی و گرێبەستییەکانی خۆیان وەربگرن، بارودۆخی ئەمنیی پێویست دابین بێت و بتوانن بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە کەندنی بیری نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەکان، بۆ پاراستن و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
لەبەر ئەوە، دانانی ژمارە و ڕێژە و بەستنەوەی بە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراو، بەبێ ئەوەی ئەو دامەزراوەیە بە فەرمی بڵاوی کردبێتەوە یان ڕایگەیاندبێت، گومڕاکردنی ڕوونی ڕای گشتییە و هەوڵێکە بۆ پیشاندانی زانیاریی پشتڕاستنەکراو وەک ڕاستی.
دووەم: دەربارەی بانگەشەی قاچاخکردنی نەوت
باسکردن لە قاچاخکردنی نەوت، نیشانەی نەتێگەیشتنێکی ڕوونە لە میکانیزمەکانی هەناردەکردن و ڕێکارە چاودێرییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە.
٤٢ نوێنەر لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چاودێریی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەکەن. بۆیە، هەر بانگەشەیەک دەربارەی قاچاخکردن پێویستی بە پێشکەشکردنی بەڵگەی ڕوون و دیاریکراو هەیە. هەروەها ئەم بانگەشەیە پرسیاری ڕاستەوخۆ دەربارەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی هەناردەکردن و لایەنە فیدراڵییە بەرپرسیارەکان دروست دەکات؛ ئەو پرۆسەیەی کە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە هاوکاریی کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق «سۆمۆ» بەڕێوەی دەبەن.
باشتر وایە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ئەگەر ئەم بانگەشانە پشت بە بەڵگەی ڕاستەقینە دەبەستن، ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە و بەرگری لە میکانیزمەکانی هەناردەکردن و کارمەندە بەرپرسیارەکانی خۆی بکات، لەبری ئەوەی بوار بۆ تۆمەتی بێبنەما و گومڕاکەر بهێڵێتەوە.
سێیەم: دەربارەی داهاتە نەوتییەکان
هەموو ئەو داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی «سۆمۆ» ـەوە بەدەست دێن، دەچنە خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
لەسەر ئەم بنەمایە، هەر بانگەشەیەک دەربارەی بوونی پێشێلکاری لە داهاتەکان دەبێت پشت بە بەڵگە ببەستێت و بەرپرسیارێتی بخرێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە بەڕێوەبردن و چاودێریی ئەم پارەیانە دەکەن.
لەبەر ئەوە، ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە، لەبری لێپرسینەوە لە لایەنە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان، لە ڕووی لۆژیک و بابەتییەتەوە بێبنەمایە.
چوارەم: دەربارەی کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانی کار لە هەرێمی کوردستان
کۆمپانیا نەوتییەکانی کار لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ناسراون، لە بازاڕە جیهانییەکان تۆمار کراون و لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکاندا پەڕەیان هەیە. ئەم کۆمپانیایانە پابەندی پێوەرە توندەکانی ئاشکراکردنی زانیاریی دارایی، پشکنین، پابەندبوون بە یاسا و ڕێکارەکانی دژەگەندەڵین.
هەروەها دادگای فیدراڵیی عێراق ڕەوایی یاسایی گرێبەستەکانی ئەم کۆمپانیایانەی دانپێدا ناوە و گرێبەستەکانیش هێشتا کاریان پێ دەکرێت. هەندێک لەم کۆمپانیایانە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش گرێبەستیان هەیە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کار دەکەن.
لەبەر ئەوە، بانگەشەی ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە سەر بە خێزانە حاکمەکانی هەرێمن، تۆمەتێکی قورس و قبووڵنەکراوە؛ تۆمەتێک کە زیان بە پاکی و ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئەم کۆمپانیایانە دەگەیەنێت و ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی خراپ دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە تۆمەتانە بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی باوەڕپێکراو، نە خزمەت بە شەفافیەت دەکات و نە بەرژەوەندیی گشتی؛ بەڵکو زیان بە ناوبانگی وەبەرهێنان لە عێراق دەگەیەنێت و متمانەی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی لاواز دەکات.
پێنجەم: دەربارەی هاوکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە جدییەت و بەرپرسیارییەوە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە فایلی نەوت.
لە چوارچێوەی ئەم هاوکارییەدا، حکوومەتی هەرێم ڕێگەی بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی داوە سەردانی هەموو کێڵگە نەوتییەکان بکات، بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک. هەروەها ڕێگەی بە شارەزایانی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ داوە سەردانی ئەم کەرتە بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی بن، هەروەها کۆنتەرەکانی هەناردەکردنیش ببینن.
بڵاوکردنەوەی بانگەشەی بێبنەما و پشتنەبەستوو بە ڕاستی، خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق ناکات، بەڵکو ڕێگر دەبێت لە بەردەوامیی هاوکاری و هاوئاهەنگی و تێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لایەن، هەروەها زیان بە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بە کەرتی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پابەندی پیشەگەری و بەرپرسیارییەتی بن، لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا وردی بگرنەبەر، زانیاری لە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکان وەربگرن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی بێبەڵگە.
هەروەها وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمیشە ئامادەیە هەر زانیاری و داتایەک دەربارەی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان ڕوون بکاتەوە، بە پابەندبوون بە شەفافیەت و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.




























