
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی لێدوان و چەواشەكارییەكانی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە و رێكاری یاسایی لە بەرانبەری دەگرنەبەر.ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی ئۆكتۆبەر، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئاڵا تاڵەبانی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا لە كەناڵێكی نزیك لە نەیارانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، “وەك پیشەی هەمیشەیی كۆمەڵێك درۆ، قسەی ناڕاست و چەواشەكاریی بەرانبەر هەرێمی كوردستان خستووەتە روو و درێژەی بەو هەڵمەتە راگەیاندنە ناڕەوایە داوە كە بەردەوام هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی دەكاتە ئامانج.””ئێمە بە توندی سەرلەبەری ئەو تۆمەتە بێبنەمایانە رەت دەكەینەوە و دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان و عێراقیش زۆر لەوە هۆشیارترن بەم جۆرە چەواشەكارییانە فریو بخۆن” لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە. هەروەها هاتووە، رای گشتی باش دەزانێت فایلی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی دەرمان و نەوت لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت و كێ لە كەسە نزیكەكانی ناوبراو ئەنجامی دەدات، بۆیە دەیەوێت بەم دەنگە ناشیرین و قسە ناراستانە خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكەوە و سەرنجەكان لەسەر تاوانە راستەقینەكانی دەوروبەری لابدات، كە ئەمەش درێژكراوەی ئەو ئەجێندا دژە كوردستانەیە لە كەناڵە گوماناوییەكانەوە بەرجەستە دەكرێت.باس لەوە كراوە كە ئەم جۆرە دەنگ و كەسانە لای هاووڵاتییانی كوردستان نامۆ نین، لە مێژوودا چەندان لەم جۆرانە هەبوون كە بوونەتە ئامرازی جێبەجێكردنی پلانەكانی نەیارانی كوردستان، بەڵام لە كۆتاییدا هەر هەموویان مایەپووچ بوون و چوونەتە زبڵدانی مێژووەوە؛ لە بەرامبەریشدا ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان هەمیشە بەرزتر، سەركەوتوو و تێكشكێنەری پیلانەكان بووە و دەمێنێتەوە.”دووپات كرتاوەتەوە كە لە بەرانبەر ئەم بوختان، تۆمەتبەخشینەوە و چەواشەكارییانەدا، هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە.



























