
ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کێشە و تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووی شارۆكەی خەبات بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هۆشداریشی دا كە بەكارهێنانی چەك بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت و ڕێکاری توند بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
لە ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە قەزای خەبات کێشە لە نێوان دوو ماڵبات ڕووی دا و چەک بەکارهێنرا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی زێرەڤانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بە خێرایی دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.
پۆلیسی هەولێر دووپاتی کردووەتەوە کە لێپێچینەوەی یاسایی بەرانبەر هەر کەسێک دەکرێت کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.
هاوکات هاووڵاتییانی ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت چەک بەکاربهێنرێت، و لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکاری زۆر توند بەرانبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی سەقامگیری.





























