
موزەفەر ئهحمهد عهباس
١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تەنها ڕۆژێک نییە لە ڕۆژمێری مێژوودا؛ ڕۆژێکە کە برینی قوڵی لە ناخی نەتەوەیەکدا بەجێهێشت. کەرکووکی نیشانە و ناسنامەی شکۆی کورد، بووە مەیدانی تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی نیشتمانپەروەران لەلایەک و خاك و نیشتمان فرۆشان لەلایەکی تر.
ئەو ڕۆژە کورد تەنها خاکێکی لەدەست نەدا، بەشێک لە متمانەی خۆشی لەدەست دا؛ متمانە بەو هێزانەی کە پێیان وابوو پارێزەری خاك و کەرامەتی نەتەوەکەن. لەو کاتەوە پرسیارێکی گەورە لەناخی هەر کوردێکدا دروست بووە: کاتێک بەرژەوەندیی حیزب لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەوە سەیر دەکرێت، چارەنووسی نیشتمان دەبێتە قوربانی!
کەرکووک خیانەتی لێ کرا و هەراج و هەرزان فرۆش کرا. لەو ڕۆژەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لەو یەکانەی پەیوەندییان بە ئێران و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانەوە هەبوو، بە چاوساغی و پێشڕەویی هاتنە ناو کەرکووک. بەشێک لە هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی خێرا و بەرنامەداڕێژراو پاشەکشەیان کرد و کەرکووکیان ڕادەست کرد. ئەوە ڕووداوی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بوو بە ڕێککەوتن و دەستبەرداربوون لە شاری کەرکووک. ئەگەر خاکی نیشتمان بەبێ بەرگرییەکی شایستە جێ بهێڵرێت، ئەگەر بڕیاری چارەنووسی گەل لە پشت دەرگای داخراوەوە بدرێت، ئەگەر هەژماری حیزب و دەسەڵات لە هەژماری نەتەوە گرنگتر بێت، ئەوا نەتەوە مافی ئەوەی هەیە بپرسێت: کێ بەرپرسی ئەو برینەیە؟ کێ دەبێت وەڵامی مێژوو بداتەوە؟
١٦ی ئۆکتۆبەر وانەیەکی تاڵی دا بە گەلی کورد؛ دوژمن کاتێک هێزی زیاتر دەدۆزێتەوە کە ناوخۆمان دابەش بێت، خاك کاتێک لەدەست دەچێت کە بەرژەوەندیی حیزبی لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوە بێت. کەرکووک تەنها ناوچەیەک نییە کە لەدەستمان چوو، بەڵکو کەرکووک بووە پێوەری دڵسۆزی، پێوەری بەرپرسیارێتی و پێوەری ئەوەی کە چەندە ئامادەین نیشتمان لە هەژماری سیاسی بپارێزین.
تا ئەمڕۆش ئەو زام و ئازارە هێشتا سارێژ نەکراوە، چونکە زامی خاك بە تێپەڕبوونی کات چاک نابێتەوە، بەڵکو بە ڕاستگۆیی، دادپەروەری، یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی چاک دەبێتەوە. مێژوو لە کۆتاییدا ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە بۆ نیشتمان وەستان، و ئەوانەش کە بڕیارەکانیان بوونە هۆی لەدەستچوونی خاك و شکاندنی متمانە، هەمیشە سەرسوڕماو و شەرمەزارن.


























