
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی راگەیاند بەوەی لە هەرێمی كوردستان وەک كونسوڵی وڵاتەكەی دەستبەكار بووە و ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەوڵەكان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریکا بەردەوام دەبێ.
هێماشی بەوەدا كە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت و رێزی تایبەتیان بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و هیواشی خواست هەرێمی كوردستان وەک هەمیشە لە رۆڵی خۆی لە بەهێزكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت.
سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی كونسوڵی ئەمەریكای لە هەولێر كرد و سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە.
سەرۆک بارزانی دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی كونسوڵخانەی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان برەوی زیاتر وەربگرێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەرقەرار بێت


























