
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی بەغدادا پێداگرییان لەسەر مافە دەستوورییەکان و بودجە کردووە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیش پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بووە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم بووە و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات لەسەر ڕۆشنایی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بەشداربن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی 45ـیەمینی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەددین، پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و هیوای دواڕۆژێکی گەشی بۆ خواستن، هاوکات سوپاسی مامۆستایان و ئەنجوومەنی زانکۆی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە سەردانی چەند رۆژی رابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی: “لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرەکان کۆبووینەوە و گفتوگۆی چڕمان کرد، پێداگریمان لەسەر مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و بەشە بودجەی هەرێم کردەوە.”
مەسرور بارزانی روونیشی کردەوە: “یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانمان دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو. بەداخەوە زیاتر لە 12 ساڵە رێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت، بەتایبەت کە ساڵانە هەزاران قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و بەشێکیان دەیانەوێت لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.”
سەرۆکوەزیران هیواخوازی خۆی دەربڕی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە چوارچێوەی بودجەی عێراقدا، بتوانرێت دەرفەتی دامەزراندنی زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد لە ساڵانی رابردوودا حکوومەت پشتیوانییەکی زۆری لە کەرتی تایبەت کردووە بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ لاوان دابین بکەن، هەروەها بڕیاری پێویستیش دراوە بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان زیاتر بخرێنە سەر کار.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: “دوای دوو ساڵ پەرلەمان کارا کرایەوە؛ ئامانج لەم پرۆسەیە تەنیا پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بوو، دژی هیچ کەس و لایەنێک نەبوو، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو.”
سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە کرد کە “بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی، یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد.”
مەسرور بارزانی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییەوە لە پرۆسەکە بڕوانن و گوتی: “هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر رۆشنایی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، هەروەها بەشداربن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و نیشتمانەکەمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بکەین.”
سەرۆکی حکوومەت سوپاسێکی بێپایانی ئاراستەی پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان کرد بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی، هەروەها سەری ڕێز و نەوازشی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دوانواند.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بەناوی خودای گەورە و دلۆڤان
بەڕێز دكتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێزان سەرۆک و ئەنجومەن و مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆی سەلاحەددین
قوتابییانی دەرچووی هێژا
کەسوکاری بەڕێزی قوتابییان
ئامادەبوانی خۆشەویست
ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە، لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارین لەم ئاهەنگ و ڕێورەسمە تایبەتەدا، بە بۆنەی دەرچوونی خولی چل و پێنجەمینی زانکۆکەتان. گەرمترین پیرۆزبایی لە قوتابییە دەرچووەکان دەکەم و ئومێدی سەرکەوتن و دواڕۆژێکی گەشتان بۆ دەخوازم لە قۆناخەکانی داهاتووی ژیانتاندا.
سوپاسی سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆ و گشت مامۆستایانی بەڕێز دەکەم، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پێگەیاندنی قوتابیياندا.
هەروەها ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ئەرک کێشان و ماندووبوونی دایک و باوک و کەسوکاری قوتابیان، کە بە دڵنییاییەوە، ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵن بە دەرچوونی نەوەکانیان و چنینەوە بەری ڕەنج و ماندووبوونیان. چونکە دەرچوونی ئێوە، چەند دەسکەوتی ئێوەی قوتابییە، هێندەش دەسکەوتێکی گەورەی دایک وباوک و کەسوکارتانە.
دەرچوانی بەڕێز:
هەر یەک لە ئێوە، ئەمڕۆ بڕوانامەیەک لە بوارێکی دیاریکراودا بە دەست دەهێنن، ئەم بڕوانامەیە، بێگومان تەنیا کارت و کاخەزێک نییە بە تەنیا، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکە بۆ ئەو زانین و پسپۆڕی و شارەزاییەی، لە زانستە جیاجیاکاندا، لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا، فێری بوون و بەدەستتان هێناوە. هیوادارم هەر یەکەتان، بتوانن لە بواری تایبەتمەندی خۆتاندا، خزمەتی کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان بکەن و ڕۆڵێکی دیارتان لە کاروانی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستاندا هەبێت.
هەوڵ بدەن خۆتان داهێنان بکەن و دەتوانن لە پڕۆژەیەكی بچووکە دەست پێ بکەن. هەمیشە لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن تا سەردەکەون. لە شکستهێنان مەترسن، شكست ئەوە نییە کە هەوڵ بدەین و سەرنەکەویت، بەڵکوو شکست ئەوەیە کە لە ترسی سەرنەکەوتن، هەرگیز هیچ هەوڵێک نەدەیت.
بەڕێزان:
ئەو ئارامی و دەرفەتی کار و کەشە گونجاوەی ئێوە چاوەڕێی دەکەن، پێویستیی بە سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی و سیاسیی هەیە. هەر بۆیەش ئێمە بەردەوام لە هەوڵ داین بۆ ڕەخساندنی بارودۆخێكی گونجاو بۆتان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیرە بەڕێزەکانی حکومەتەکەی، کۆبوونەوەی چڕمان كرد و گفتوگۆیەكی درێژمان هەبووە کە پێداگیریمان لە سەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و بەشە بودجەی تایبەتی هەرێمی کوردستان کرد.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانمان، بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچوانی زانکۆکانمان بوو، کە بە داخەوە زیاتر لە دوازدە ساڵە، ڕێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنین، بە تایبەتی کە ئێمە ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆمان هەن کە بەشێکیان دەیانەوێ لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.
هیوادارم بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، بتوانين دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کاری زیاتر، بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە ساڵانی ڕابروودا، پشتیوانییەکی باشمان لە کەرتی تایبەت کردووە و هەموو کارئاسانییەکمان پێشکەش کردوون بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا لە کوردستاندا بگێڕن و سەرەنجام هەلی کاری زیاتریش، بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر بکەن و بڕیاریشمان دەرکردووە، بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان زیاتر بەکار بخرێن.
لە هەمان کاتدا، دەستمان بە چاکسازییش کردووە لە یاسای کاردا، بۆ ئەوەی هەلومەرجی کارکردن لە کەرتی تایبەتيشدا، بە تایبەت لە ڕووی پاراستنی مافە یاساییەکان و دابینکردنی داهاتووی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، باشتر بکەین کە هاوشێوەی کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بێت.
ئامادەبوانی بەڕێز:
وەک ئاگادارن دوای دوو ساڵ، دواجار پەرلەمانی کوردستان کارا کرا و دەستی بە کارەکانی خۆی کردەوە. ئامانج لەم پرۆسەیە، پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بوو. دژی هیچ كەس و لایەنێك نەبووە، بەڵكوو بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەرانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان بووە.
لێرەدا دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشداریان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد.
هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی، لەم پرۆسەیە بڕوانن و پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار بن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و كوردستانمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بكەین.
سوپاسێكی بێ پایانی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین، سوپاسی هێزی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین بۆ ئەو ئاسایش و ئارامییەی بۆ ئێمەیان بەرقەرار كردووە. سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین.
جارێکی تریش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەركەوتوو بن، ئەم سەركەوتنە لە ئێوە پیرۆز بێ، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
هەر شاد و سەرکەوتوو بن.




























