
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەو دەنگۆیانە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە کە باس لە جووڵاندن و جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە دەکەن، و ڕایدەگەێنێت کە جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی دەڤەرەکە تەنیا پەیوەندی بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوخۆیی حزبەکەوە هەبووە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (چرکە)، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکاندا لەبارەی جووڵاندن و جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە بڵاوکراونەتەوە، سەرلەبەری دوورن لە ڕاستییەوە.”
گوتەبێژی حزبەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەو جموجۆڵەی لە ناوچەکە بینراوە هیچ ڕەهەندێکی سەربازیی نەبووە، بەڵکوو تەنیا بەهۆی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئاسایی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکرات بووە و هیچ هێزێک بۆ ناوچەکە نەجووڵێندراوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی پارتی سۆسیال دیموکرات لە کاتێکدا دێت کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبەکە دەرکرد. فەرمانەکە لەسەر بنەمای سکاڵایەک بووە کە پەیوەندی بە خاوەندارییەتی بارەگایەکی حزبەکەوە هەبووە لە شارەدێی تەکیە. دوابەدوای دەرچوونی فەرمانی دادگاش، ڕۆژی دواتر محەممەد حاجی مەحموود لەگەڵ ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی سەردانی بارەگای ئاماژەپێنراویان کردبوو.




























