
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێکی دیپلۆماسیدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و شەرعی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کرد. لە دیدارەکەدا ڕامی نووری، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، و مونا نەبی نادر قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش ئامادە بوون.
لە دیدارەکەدا، باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گرنگی پاراستنی قەوارەی دەستووری و شەرعی هەرێمی کوردستان کرا.
د. ڤاڵا فەرید ئاماژەی بەوە دا کە کاراکردنەوەی پەرلەمان، بە پشتبەستن بە ماددەکانی (٤٦، ٤٧ و ٤٨)ی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەنگاوێکی پێویستە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی پەرلەمان هەروەها ڕوونی کردەوە کە دووساڵ دواکەوتن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی یاسایی هەرێمی کوردستان هەبووە و مەترسیشی لەسەر مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێم دروست کردووە.
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە پەرلەمانییەکانی خۆیان، کە بریتین لە یاسادانان و چاودێری. هەروەها وتی کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندایە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان پشتگیرییان لە وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان کرد و کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکانی هەرێم دانا.
لە بەرامبەردا، کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستخۆشییان لە هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەو هەنگاوەیان بە گرنگ بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا هەڵسەنگاند. هەروەها هیوایان خواست لە داهاتوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان پتەوتر بکەن.





























