
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک و پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسی لە قەڵەم دا.
چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جێگر و سکرتێری پەرلەمان کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان.
سەرۆکی حکوومەت هاوکات دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە پەرلەمانتارانی خەمخۆر و نیشتمانپەروەر کرد کە هەوڵی بەردەوامیان داوە بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعییەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، “بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و رەنگدانەوەی راستەقینەی ویستی دەنگدەرانە، هاوکات هەنگاوێکە بەرەو سەرخستنی ئیرادەی گەلی کوردستان”.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان، بەڵگەی پابەندبوون و پێگیرییەکی روونە بە بەردەوامی و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.
لە بارەی تەواوکردنی ئەرکە یاسایی و پەرلەمانییەکانەوە، سەرۆکی حکوومەت هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەم پەرلەمانتارانی دیکەش بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بکەن، بۆ ئەوەی ئەرکی نیشتمانی، شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی قۆناخەکە و متمانەی دەنگدەرانیاندا بن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم بێنە پێشەوە، تا پێکەوە و بە هەماهەنگی، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەمان بکەین و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.





























