سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمشەو لەگەڵ گەڕانەوەی شاندی هەرێمی كوردستان، دوو منداڵی كوردی ئێزدیش لەتوركیاوه گه‌ڕێنرانه‌وه هه‌رێمی كوردستان.
لە راگەیهنراوێكی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە “ئه‌مڕۆ هه‌ينى 4-9-2020 دوو منداڵى کوردی ئێزدى كه خوشك و بران و داعش رفاندبوونى، له‌گه‌ڵ شاندى ياوه‌رى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له سه‌ردانه‌كه‌ياندا بۆ ئه‌نقه‌ره، گه‌ڕێنرانه‌وه هه‌رێمى كوردستان و له فڕۆكه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر راده‌ستى كه‌سوكاريان كراونه‌ته‌وه”.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه “دواى هه‌وڵێكى زۆر و به هاوكاريى خێرخوازان و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كانى حكومه‌تى توركيا، توانرا بدۆزرێنه‌وه و دواى ته‌واوكردنى رێكاره ياساييه‌كان، بگه‌ڕێنرێنه‌وه هه‌رێمى كوردستان”.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئەمیر 10 ساڵە و ئایە تەمەنی 11 ساڵانە، خەڵکی گوندی گرعوزێرن لە رۆژئاوای شنگال، تاوەکو ئێستاش سێ خوشک، برایەک و دایک و باوکیان نادیارن. ئێستا كه گەڕێندراونەتەوە كوردستان راده‌ستی خوشك و مامێکیان كران.