ئەمریکا و قەتەر بە هاوبەشی سزایان بەسەر تۆڕێکی پاڵپشتیی دارایی حیزبوڵلای لوبناندا سەپاند. ئەمەش لەکاتێکدایە کە قەتەر پەیوەندییەکی تاڕادەیەک دۆستانەی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە سزایان بەسەر 7 کەسدا سەپاندووە، دوو لەو کەسانە هاوڵاتی قەتەرین بە ناوی عەلی ئەلبەنای و عەلی لاری . بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو 7 کەسە بە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند حیزبوڵلا “تۆڕی دارایی جیهانی و کۆمپانیای وەهمی بۆ پاڵپشتیکردنی کارە قێزەونەکانی بەکاردێنێت” و هەماهەنگیی قەتەری لەم هەنگاوەی ئەمریکادا بەرز نرخاند.
بلینکن ئەمەی بە یەکێک لە کارە هاوبەشە هەرە گرنگەکانی نێوان ئەمریکا و قەتەر باسکرد کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ هاوبەشێکی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو کرابێت و گوتی “ئەمە دووپاتی هەماهەنگی فراوانی دوولایەنەی نێوانمان دەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر.”
بە وێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەحرێن هەنگاوێکی هاوشێوەی نا و هەژمارە بانکییەکانی برازایەکی ئەلبەنای لەو وڵاتە سڕکرد و بڕیارە سێ کەس لەسەر ئەم بابەتە دادگایی بکات.