نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێره‌وه

ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێره‌وه

ئەمشەو2021.3.28، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدیوانی پارێزگا، کۆبووە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-

یه‌كه‌م: دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردەوە لە وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهەموو شێوەیەک، هەموو جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوە و کۆڕ و سمینار و کۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵه‌كانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان دا‌خراو ده‌بن، هێزەکانی ناوخۆ و تیمه‌كانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی لەوبڕیارە بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان‌)، دەبێت سەرجەم ڕێنامییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هه‌رشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆک، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.

چوارەم/ دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.

پێنجەم/ کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، ڕەچاووی دووری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بكه‌ن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، هەر شوێنک پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.

شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک ڕاسپێردراون و بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

حەوتەم/ سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن و پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و مەفرەزەکانی، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەشتەم/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

نۆیەم/ لەبەیانییەوە ڕۆژی دووشەمە 2021.3.29، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.

ئەو بڕیارانە سه‌رجه‌م قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (28)لەسەر(29)ی ئازاری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر 28ی ئازاری 2021

بەپەلە

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی تازە دەردەكات

ئارام عەبدوڵا : پوول خەرجیی زۆری دەوێت، چونكە لەدەرەوە چاپ دەكرا، بۆ نموونە، پوولێك 500 …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *