سەركردەیەكی گۆڕان بێبەریبوونی بزووتنەوەكەی لە ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت و بە دووری نازانێت پەرلەمانتارەكە لە داهاتوودا لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی كاندید بكات.
مەلا بورھان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان،راگەیاند: ”وەك گۆڕان دوور و نزیك هیچ پەیوەندیمان بە غالب محەمەدەوە نەماوە، چۆن باسی پەرلەمانتارێكی عەرەب دەكەین و پەرلەمانتارێكی عەرەب چەند پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئەویش هەر هێندە“.
لەبارەی قسەكانی غالب محەمەدیشەوە، ئەو سەركردەیەی گۆڕان گوتی: ”ئەوەی دەیبینن وەک یارییەکی دووگۆڵییە، کاتێک ئەم لە تەلەفزیۆن جنێو بە بەرپرسێکی کورد دەدات، ئیتر قسەکانی دەقۆزنەوە بۆ یارییەکی سیاسی، دیاریشە کێن ئەوانەی یاری بەو شتانەوە دەکەن“.
مەلا بورهان نایشارێتەوە، غالب محەمەد ”دوور نییە خۆی لەسەر لیستی یەكێتی كاندید بكات“. گوتیشی: ”ئێمە پێمان گوت ئەگەر گۆڕان نەبوایە، چاوت بەو دەنگانە نەدەکەوت، خەڵكی وا ھەیە گۆڕان نەبوایە کاک مەسعودی ھەر نەدەبینی، کەچی ئێستا خۆی لێ بوە بە شت و بە ناوی سیاسییەوە خەریكی خۆ نواندنە“.
دووپاتیشی كردەوە: ”غالب محەمەد نەیشاردوەتەوە كە لەگەڵ یەکێتی نزیکایەتی دروست کردوە“.