نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / نێچیرڤان بارزانی: شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك دەچێتە بەغدا

نێچیرڤان بارزانی: شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك دەچێتە بەغدا

ئەمڕۆ یەكشەممە 15/11/2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ساز كرد و ئاماژەی بەوە كرد، كە تێپەڕاندنی یاسای قەرزی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەو “زمانە زۆر توندە” و بە بڕینی بەشە بودجەی 320 ملیار دیناری هەرێمی كوردستان، “جێی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی جدیی ئیمەیە”.

نێچیرڤان بارزانی، ئەو كارەی بە چاوەڕێنەكراو و سزادانی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی كوردستان ناوبرد و ڕای گەیاند “بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو پێشهاتە و بە پێشهاتێكی مەترسیداری دادەنێین.”

ئەوەشی پرسی، كە ئایا مووچەخۆرانی هەرێم بەشێكن لە مووچەخۆرانی عێراق یان نا؟ بێگومان وەڵامی حكوومەتی عێراقیش بەڵێ دەبێ، كەواتە بۆچی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جیا دەكرێنەوە و فەرامۆش دەكرێن؟

هەروەها تێپەڕاندنی یاسای قەرزی بەو شێوەیە، بە پێچەوانەی پرەنسیپی پێكەوەژیان و هاوسەنگی و هاوبەشی و بنەما سەرەكییەكانی بنیاتنانی عێراق لە ساڵی 2003 ناوبرد و ئاماژەی بەوەش كرد، كە  كێشەكانی عێراق بەوە چارەسەر نابێ لایەنێك یان چەند لایەنێك بتوانن لە ناو پەرلەمان یاسایەك تیپەڕێنن، بەڵكوو بەو كارە گەورەترین شكستی خۆیان لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا سەلماند.

نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی ڕاگەیاند، كە هەرێمی كوردستان بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر عێراق جێبەجێ دەكا و كابینەی نۆیەم بە بەردەوامی لە هەموو كۆبوونەوەكان تەئكیدی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئامادەیە بە تەواوی لەسەر دۆسیەی نەوت و دۆسیەكانی تریش لەگەڵ حكوومەتی عێراق ڕێك بكەوێ.

جەختیشی كردەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر ئەوە ڕیك كەوتوون كە بڕی 320 ملیار دینار تا كۆتایی ساڵ بدرێ و لە كۆتایی ساڵ لە یاسای بودجەی 2021ـدا ئەوەی پێویستە بەنسبەت نەوت و فرۆشتنی لە ڕێی سۆمۆوە ئامادەین ڕێككەوتنی لەسەر بكەین.

ئاشكراشی كرد، كە بە دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوای دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە و راستییەكان بۆ خەڵكی كوردستان و عێراق باس دەكرێ، كە چۆن لەسەر ئەم دۆسیەیە لەگەڵ عێراق ڕێك كەوتبوون و هەموویشی بە نووسراو هەیە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دووپاتیشی كردەوە، “پەیامی ئێمە بۆ هێزە سیاسییەكان ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئامادەی ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت و هەموو دۆسیەكانی دیكە. بەبێ چارەسەری ئەو كێشانە مومكین نییە عێراق سەقامگیری خۆی بپارێزێ”.

وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، داوای كرد نەتەوە یەكگرتووەكان لەم بابەتەدا رۆڵ ببینن بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.

ئاشكراشی كرد، كە بەم نزیكانە شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك دەچێتە بەغدا.

بەپەلە

مه‌سرور بارزانی: یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، مێژوویەکی پرشنگداری خه‌بات و داكۆكیكردن له‌ مامۆستایانی هه‌یه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی 62ـه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌ …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *