محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پەیامەکەی لە تویتەر راگەیاندووە و ئاماژە بەوە دەدات “پیرۆزبایی لە بەڕێز جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا.”
پێشتر محەممەد حاجی مەحموود لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی پێشکێشکاری دیاری رووداو باسی هەڵبژاردنی ئەمریکای کرد و رایگەیاند کە حەزدەکات جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا “چونکە بایدن بۆ کورد باشترە”.
محەممەد حاجی مەحموود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە، سیاسەتی ترەمپ و بایدین بەرامبەر بە کورد جیاوازە و “بایدین لەسەرخۆترە و پەیوەندی لەگەڵ کوردا هەیە و کوردی بینیوە و هاتووەتە کوردستان، بەڵام ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ کورددا نییە و ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەمریکاش خراپە.”
قسەکەی سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستاش دوای دەرچوونی جۆ بایدن بە سەرۆکی نوێی ئەمریکا سۆشیال میدیای تەنیوە و قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت.