نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / نامەیەك بۆ خاكفرۆشان

نامەیەك بۆ خاكفرۆشان

ڕێبوار سیوه‌یلی 

1. هەرچەندە ئازارم دەدات بەڵام هەموو ساڵێك هەر بیرتان دەخەمەوە: پێرار لەم ڕۆژەدا ئێوە خەریكی خاكفرۆشییەكی گەورە بوون. نەتەوەش هێشتا مەستی ئەو دەنگدانە مێژووییە بوو بۆ ئازادیی لە پاشكۆیەتی و پەراوێزبوونی میژوو. هەردووكیان تۆمار دەكرێن: خیانەت بۆ ئێوە و نشوستی بۆ نەتەوە. بەڵام، سەرشۆڕی بۆ ئێوە و سەربەرزی بۆ نەتەوە. پیرۆزبایی لە هەردووكتان دەكەم، ئەمڕۆ لە دوو یادی جیاوازدا دەژین..

2. لەوساوە تا ئێستا، ئێمە لەسەر خاكیی خۆمان، “سالم”ئاسا، برینی جەستە و ڕۆحی خۆمان دەلێسینەوە و ئێوەش پاساوی قۆشمەئاسا بۆ وڵاتفرۆشی دەهێننەوە. وەلێ ئەمە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت: ئێوە وەك ناپاكانی مێژوو دەمێننەوە و ئێمەش وەك قوربانیی و لە نیشتیمان نامۆكراو. سوپاس كە واتان كرد، قوربانییەكان سووربن لەسەر هەڵبژاردنەكەیان و زیاتر پشتی یەكتر بگرن. سوپاس لە ڕۆحمەوە، كە واتان كرد بۆ هەمیشە بكەونە بەر نەفرەتی مرۆڤایەتی و كوردە وڵاتدۆستەكانی سەراپای جیهان.. ڕاستە ئێوە لە دنیای لۆكاڵییدا ناپاكیتان كرد، بەڵام جیهان بەو ناپاكییەی ئێوەی زانی، بۆیە وا بیرمەكەنەوە كە مرۆڤایەتی و كوردەكان لەبیرتان دەكەن، چونكە لەبیركردنتان نیشانەی سەركەوتنتانە لە هاندانی خەڵك بۆ ئاساییكردنەوەی ناپاكییەكەتان و سپییكردنەوەی ڕووخسارتان.. ڕووخسارێك كە زمان هەڵدێنێتەوە و چاو دەپتێنێ و نیگا دەكات، دەمێك كە دێتە گۆ و قۆشمەجاڕی لێوە دەڕژێ، ئەو شەرمەزارییە ناخەكییە دەهێنێتە دەرەوە كە ئێوە تیایدا دەژین. خووڕ خووڕ و خەست خەست لە هەر نیگایەك و لێوەلەرزەیەكتان دێتە خوارەوە شەرمەزاریی بەبێ ئەوەی ووشكایی دایەت لە شوێن و كاتدا.. وەكئەوەی ئێوە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد بۆ ناپاكیی خوڵقابن..

3. هیچ پاساوێك بۆ خۆفرۆشیی و خاكفرۆشیی نییە، جگە لەو خۆكووژییەی كە میژوو بە “خیانەت” وەسفی دەكات. هەرچەندە وشەكە كوردیی نییە، بەڵام ناچارم بەكاری بهێنم، تا بەو زمانە خیانەت لەسەرتان تۆمار بكرێت، كە زمانی داگیركارییە. ئێوە خۆتان كوشت، لە كاتێكدا من دەمەویست بۆ پاساودانەوەی كارە بەدەكانی ڕابردووتان، بەشێك لەو شانازییەتان پێببڕیت، كە هەر كوردێك لە ناخی خۆیدا هەستی پێدەكات. ڕیفراندۆمچییەكان لەم قسەیە باش تێدەگەن و ئەوانەش كە چەواشەتانكردن، لە ماناكەی حاڵیی دەبن، بەڵام خۆیان لە قەرەی ناوەڕۆكەكەی نادەن.. ئەوانیش بە دەمامكیی فەیسبووكییانەوە بێدەنگەیان هەڵبژاردووە تا ڕۆژێك دێ، خۆیانمان لێبكەنە شۆڕشگێڕ و داوامان لێبكەن، ساڵانی بێدەنگییان بە خەباتی نهێنی بۆ ئەژمار بكەین و پلەی سەربازییان بدرێتێ لەپای ئەو هەدادانەیاندا!.

4. سوپاس بۆ ئێوە كە ئێستا باشتر لە هەر كاتێك دەتانناسم. ئیتر پێویستیم بەوە نییە بچمەوە ناو میژووی بابان و سۆران و ئەردەڵان، تا ڕووخساری ئێوە لەشێوەی خزمەتكار و جاسووس و دەستەندەخۆری سەفەویی و قاجاریی و عوسمانییدا، بناسمەوە. ئێوە هەمان ئەركتان بۆ دووژمنان لەم سەردەمەدا كێشا، كە هاوخوێنە ناپاكەكانتان لە سەدەكانی پێشوودا ئەنجامیانداوە.. من ئێستا باشتر دەتانناسم، چونكە ئامادەییتان لەناو مێژووی هاوچەرخ و خەونی بوون بە نەتەوەدا، هەمان ناپاكیی و خۆفرۆشیی سەدەكانی پێشووتری هاوخوێنە ناپاكەكانی، بیر خستمەوە.

5. بۆیە یادی خیانەتكاریی و خاكفرۆشیی ئێوە، شاییەكە بۆ من و جەهەندەمێكە بۆ ئێوە. كاتێكیش لەم یادەدا بتانبینم هەڵدەپەڕن، باش تێدەگەم ئەوە هەڵپەڕینە لەسەر ئاگر، نەك لەسەر ئاوازی مۆسیقا. پێویستە ڕیفراندۆمچییەكان ئەو ڕۆژەتان بۆ هەمیشە لێبكەنە دۆزەخ تاكو واتان لێبێت، لە ئاوێنەشدا بوێریتان نەبێت تەماشای ڕووخساری خۆتان بكەن.. ڕیفراندۆم تا ئەو كاتەی شەرمەزاریی هەمیشەیی نەكاتە خۆراكیی ئەبەدیی ئێوە، بەردەوام دەبێت.

6. من دەمزانیی سیاسەت لە دنیای ئێمەدا هەمیشە یەكسانە بە (ڕامكردن) و (فێڵ) و (درۆ)، بۆیەش لەبەرەی نەتەوەدا مامەوە، چونكە ئەوان دەنگیان بە (ئازادی)دا، نەك (فێڵ) و (درۆ).. ئەوان نە ڕامكراوبوون و نە گەوجینرابوون، بەڵكو گوزارشیان لە ناخێك كرد و تینوێتییان بۆ ئازادییەك شكاند، كە بەری چەوسانەوەیەكی مێژوویی بوو. ڕێك لەو كاتەدا، كە ئەوان سیاسەتیان كردە كردەی واقیع بۆ سەلماندنی بوونێكی ڕاستەقینە، ئێوە لە شێوەی كۆمەڵێك ئەوباش و دەرمانخۆر و قۆشمەجاڕی فەیسبووكی و تۆڕی كۆمەڵایەتیدا، ڕەهەندە فێڵاوی و قۆشمەجاڕی و ڕامكەرەكەی سیاسەتتان خستەوە گەڕ.. بەڵام نە قۆشمەجاڕی سیاسەتە و نە تۆڕی كۆمەڵایەتی جێگەی سیاسەتكردن و نە دەرمانخۆرانیش دەتوانن نەتەوە بەرەو كەشتی ڕزگاریی، ببەن. مێژووش داوەریی خۆی بەو جۆرە ناكات كە مشتێك هەرزەی سیاسی دەیانەوێت.

7. سوپاستان دەكەم، كە مرۆڤبوون و كوردبوونتان لا شیرینتر كردم. ئەگەر ئێوە نەبوونایە هێشتا دارەدارەی تێگەیشتنم لە خۆم و كوردبوون و مرۆڤبوونم دەكرد، ئێوە فێرتانكردم كە دەبێت لە ئاست كوردبوونی ڕاستەقینەدا گومان بكەمە سەرمەشق، تاكو بۆ هەمیشە لەسەرپێی نەتەوەیی خۆم بوەستم. چونكە هەموو كوردێك ناتوانێت كورد و مرۆڤ بێت، هەروەكچۆن ناشتوانێت ئازادیی بكاتە سەرمەشق.. ئێوە بیرتان خستینەوە، كە لە دەرەوەی ئازادیی، جگە لە كۆیلەیی و خاكفرۆشی و نوكتەبازیی و فوكاهەت و قۆشمەجاڕیی سیاسی، هیچ شتێكیتر نییە. فێرتانكردین بۆ ئەوەی كورد و مرۆڤ و خاوەن كەرامەت بین، دەبێت ئێوە بناسین. ناسینی ئێوە پێشمەرجی كوردبوون ومرۆڤبوون و ئازادییخوازییە. ئێوە تەنیا شایانی ئەوەن ببنە وانەیەكی شەرمەزارانە لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا، لە قۆناغی سكی داییكەوە بۆ باخچەی ساوایان و بۆ ناو سیستەمی پەروەردەیی و ئەكادیمیی لەوێشەوە بۆ ناو یادوەریی هەمیشەیی مرۆڤبوون. سوپاس كە ئێوە وانەی (دەروونناسی ناپاكی) و (كۆمەڵناسیی ناپاكی) و (فەلسەفەی ناپاكی) و (مرۆڤناسیی ناپاكی) و (نیشانەناسیی ناپاكی) و (ئەدەبیانی ناپاكیی)تان بۆسەر كایە زانستییەكانی نێو سیستەمی پەروەردە و زانكۆكانی ئێمە زیاد كرد.. ئەو سیستەمەی ئێوە نەكاتە بابەتی خوێندن، ئێوە لە بیری خۆی و نەوەكانی داهاتوو دەباتەوە.. بەڵام بیرچوونەوەی ئێوە، خیانەتێكی گەورەیە لە ئازادی..

8. بۆی هەیە لەناو بەشێك لەنەوەی ئێستادا، كە سەرگەرمی دنیای دیجیتاڵی و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانە، پەسەندیی كارەكەتان بەدەستبهێنن و لەپای هەرزانكردنی هێڵی ئینتەرنێت و سەرگەرمكردنیان، ئەو ناپاكییەی كردتان لەبیریان بەرنەوە، بۆی هەیە ئەمەشتان وەك سەركەوتنێك بۆ ئەژمار بكرێت و ئەوەش پاساوێك بێت بۆ سپییكردنەوەی ناپاكییەكەتان، بەڵام مێژوو ئەوە نییە كە ئێوە بە دووبارەكردنەوەی وەك ڕاستیی مێژوویی، دەیخەنە ڕوو، چونكە نەوەی داهاتوو، كە ڕۆڵەی ئەو شەهیدانەن ئێوە بەسەر لاشەكانیاندا تێپەڕین و نەوەی ئەو پێشمەرگانەن كە ئێوە لەناو سەنگەردا نائومێدتان كردن، بە ئاسانی لەو مێژووە دروستكراوەی ئێوە خۆش نابن و تۆڵەی زامەكانی خۆیان لە نەوەكانی ئێوە دەكەنەوە.

داهاتووتان باش ناپاكان، لەناو ڕیسواییەكی هەمیشەییدا..

بەپەلە

نامەیەک بۆ تێکۆشەرە رەسەنەکانی یەکێتی

ئاری نانەکەلی سڵاوێکی گەرم ھەموومان گوێمان لێ بووە ودەزانین کەلەرۆژە سەختەکاندا بەرپرس و فەرماندەو پێشمەرگە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *