قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان و كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی، له ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی باوكی‌دا په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و ده‌رده‌دڵی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت، له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی مافیائاسا و پیسخۆر و گه‌نده‌ڵه‌وه رێگریی زۆر ده‌خرێته به‌رده‌مم.
قوباد تاڵه‌بانی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی له په‌یامێكدا كه له واڵی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ڕای گه‌یاندووه كه “ئه‌م به‌یانییه ته‌ماشای هه‌ندێك له وێنه‌كانتم ده‌كرد، له هه‌موویاندا گه‌شبین و ده‌م به پێكه‌نین بووی، بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه سیحری ئه‌وه له چیدایه كه له ساته ناخۆش و تاریكه‌كانیشدا هه‌ر به هیوا و ئومێده‌وه ده‌تڕوانییه داهاتوو؟ بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه بۆچی به‌ر له‌وه‌ی نه‌خۆشی به یه‌كجاری له سیاسه‌ت دوورت بخاته‌وه، نه‌ك تۆ، به‌ڵكو هه‌موو كورد به هیوا و به گه‌شبینییه‌وه ده‌یانڕوانییه ئاینده؟.
تاڵه‌بانی له به‌شێكی تری نووسینه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، “میراتی تۆ كێبه‌ركێی ته‌ندروستیی سیاسییه، رێزگرتنه له نه‌یار و ڕكابه‌ر، هه‌وڵدانه بۆ یه‌كێتی و یه‌كڕیزی گه‌لی كورد، كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كانه له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان، رێزگرتنه له سیمبۆله‌كانی نیشتمان، به‌ڵام به داخه‌وه له‌و كاته‌وه تۆ جێت هێشتووین زیاتر په‌رش و بڵاوین”.
“ئێسته كه سێ ساڵ به‌سه‌ر ژیانئاوایی تۆدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م تا مردن له‌سه‌ر رێبازی تۆ به‌رده‌وام ده‌بم. هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی مافیائاسا و پیسخۆر و گه‌نده‌ڵه‌وه رێگریی زۆر ده‌خرێته به‌رده‌مم، به‌ڵام دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه به هه‌موو توانامه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م خزمه‌ت به‌خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م”. قوباد تاڵه‌بانی وای نووسیوه.