نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / گەڕانەوەی فەرەنسا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین.

گەڕانەوەی فەرەنسا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین.

بزاڤ ھیوا ئەحمەد

سەرەڕای ھەبوونی چەندین کێشەی سیاسی، ئابووری، مێژوویی، نەتەوەیی و ئاینی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام وا دەردەکەوێت کە لەمەودوا پڕۆسەی بنیادنانەوەی وڵاتانی ناوچەکە دەست پێدەکاتەوە، لەپێش ھەمووشیاندا عیراق، سووریا و میسر، ھەروەھا ئەگەری ھەیە دوای کەمێک وێرانکاریتر نۆرەی لوبنانیش بێت.

یەکێک لە تازەترین ھۆکارەکانی ئەم سەقامگیریەش ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیە، کە ئەمەریکا سەرپەرشتیان دەکات و دەیەوێ سەقامگیری بۆ ناوچەکە بڕەخسێنێت بۆ دروستکردنی بەرژەوەندی زیاتری خۆی.

لە قازانجی ئەم پڕۆسەیەدا ئەوەی پشکی شێری بەردەکەوێت کۆمپانیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوان.

دوورنیە ئەم وێرانکاریەی چەندین ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر تاریکایی بەسەر ئەم ناوچەیەدا ھێناوە ھەر بۆ قازانجکردن لەم دووبارە بنیادنانەوە بووبێت!

پێشبینی دەکرێت لەم دەیەی داھاتوو، تاڕاددەیەک سەقامگیری لە بەشێک لەم ناوچەیە ببینرێت. دواتر لەبری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوورنیە کە لە ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیا بەمەبەستی جیاواز ئاژاوەی تازە درووست بکرێت، یان لانی کەم ناسەقامگیری لە لەم وڵاتانە درووستبکرێت کە ئاسان ئاڵۆزی تێدەکەوێ، ئەگەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوینیشدا بن.

فەرەنسا خۆی بەشێکە لەیاریەکە، دەزانێ لەپاڵ بنیادنانەوەدا کە مەبەست تێیدا دەستکەوتی ئابووریە، ھەڵمەتی زیادکردن و سەپاندنی Political Hegemony ھەژموونی سیاسی دەستی پێکردووە، بۆیە کە دەبینێ ئەمریکا، ڕووسیا، بەریتانیا، چین و چەند وڵاتێکی زلھێزی ھەرێمی خەریکی ئەم پڕۆسەی خۆسەپاندنەن، ئەویش بەپێویستی دەزانێ کە نەک ھەر لەم ھەژموونکاریەدا بێبەش نەبێت، بەڵکو زۆریش باڵادەست بێت! چونکە پێشینەی مێژوویی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمی پێش دامەزراندنی UN نەتەوەیەکگرتووەکانی لەم ناوچەیە ھەیە و ئەوکات بەشێکی فراوانی کیشوەری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەراست ژێردەستەی فەرەنسا بوون، ئەمانە جگە لە ئەوروپا و ئەمەریکای باشوور و شوێنە جیاوازەکانی تری گەردوون.

سەرەتای پڕۆسەی خۆ بەخاوەن زانینەوەی فەرەنسا بۆ ئەم ناوچەیە لەم دەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دوای Brext بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەردەکەوێت!

لە تازەترین کردە سیاسیەکانیشیدا لەسەر پێشنیاری حکومەتی فەرەنسا، سەرۆک کۆماری لوبنان (میشل عون) ھەستاوە بە ڕاسپاردنی (مصطفي أديب) بۆ پێکھێنانی کابینەی تازەی حکومەتی لوبنان. لەلایەکی تریشەوە بەشێوەیەکی پراکتیکی لە کێشەکانی نێوان یۆنان و تورکیا و میسر خەریکە بێتە مەیدان.

لەدوای ڕێککەوتنە ئابووریەکانی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم و و دواتر لەساڵی ١٩٥٨ کە European Economic Community لەلایەن ھەریەک لە وڵاتی ئەورپی (فەرەنسا، بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، لوکسمبۆرگ و نێثرلاند)ـەوە دامەزرێنرا کە دواتر لە ڕێککەوتنی ماستریخت ١٩٩٣ بوو بەھۆکاری لەدایک بوونی (EU) یەکێتیەکی سیاسی و ئابووری ئەوروپا.

بەریتانیا دوای چوونی بۆ ناو ئەم ڕێککەوتنە ئەوروپیانە لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە سەرەڕای ئەوھەموو دیموکراسیەتەی نێو یەکێتیەکە بەلام بۆ یاریە نێودەوڵەتیەکان پێگەی سیاسی، مێژوویی و ئەم ئابووری و ھێزە سەربازیە گەورەی کە بەریتانیا ھەیەتی وایکردووە لەڕوانگەی زۆرێک لە Elite نوخبەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە قسە و Doctrine باوەڕگەی لەھەموو وڵاتانی تری ئەندام باڵاتر ببینرێ.

ئێستاش کە بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەچێتە دەرەوە، وادیارە ئەوەی جێگای دەگرێتەوە فەرەنسایە. ئەگەرچی ھەندێ بۆچوون ھەن پێیان وایە فەرەنسا ڕکابەری زۆری ھەن لەنێو یەکێتی ئەوروپا بەڵام لەڕووی مێژوویی، ئابووری و ھێزی سەربازیەوە لەھەموو وڵاتانی تری نێو یەکێتیەکە شیاوتر و بەرچاوتر دەردەکەوێ و لەھەمان کاتیشدا تاکە ئەندامی ناو یەکێتی ئەوروپا دەبێ کە ئەندامی ھەمیشەیی Permanent Member ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان UNSC.

وا دیارە کە دوای سەری ساڵی ٢٠٢١ فەرەنسا وەک سەرۆکی ھەموو ئەوروپا دەربکەوێت، ڕەنگە لەلایەن ولاتانی دنیاوە بە ھەستیارتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و خۆیان لە مامەڵەی توند لە دژی ئەم وڵاتە بپارێزن.

بەپەلە

نامەیەک بۆ تێکۆشەرە رەسەنەکانی یەکێتی

ئاری نانەکەلی سڵاوێکی گەرم ھەموومان گوێمان لێ بووە ودەزانین کەلەرۆژە سەختەکاندا بەرپرس و فەرماندەو پێشمەرگە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *