مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی عێراقی و عه‌ره‌بی، به وردی تیشكی خسته سه‌ر كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. له‌و باره‌وه رایگه‌یاند، هیچ كاتێك هه‌رێمی كوردستان پشكی راسته‌قینه‌ی خۆی له داهات و بودجه‌ی عێراقه‌وه به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه. پێشكه‌وتن و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری و ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئیداره‌ی باشتری ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ی، كه هیچ كاتێك (%17) و ته‌نانه‌ت (%12.6)ـی كۆی گشتیی بودجه‌ی عێراق نه‌بووه کە بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه كراوه. هه‌روه‌ها گوتی: “پێمخۆشه خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی عێراق ئه‌وه بزانن، كه هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته داراییه‌كانی خۆی له حكومه‌تی عێراق وه‌رنه‌گرتووه”.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راشیگه‌یاند، “له ماوه‌ی دوای په‌سندكردنی ده‌ستوور له (2005)ـه‌وه تا ئێستا، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ستیان به‌وه نه‌كردووه، حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور بووه وه‌ك خۆی. له‌به‌ر ئه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا ده‌یانبینین، ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور بووه”.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، “په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای (هاوسه‌نگی، سازان و هاوبه‌شی) بووه. له‌سه‌ره‌تای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه رێككه‌وتین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌مانبینیوه: (هاوسه‌نگی، سازان و هاوبه‌شی) بووه”.
له باره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی كه‌ركووك له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، “كاتێك داعش هێرشیكرده سه‌ر شار و ناوچه‌كان، مووسڵ و تكریتی داگیركرد، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بوایه؛ كه‌ركووك و ئه‌و سه‌رچاوه نه‌وتیانه‌ی له ناوچه‌كه هه‌ن، ده‌كه‌وتنه ده‌ست داعش و له ده‌ست عێراق نه‌ده‌مان. چونكه عێراق نه‌مابوو، سوپای ئیتیحادی له‌و سنوورانه به هیچ شێوه‌یه‌ك بوونی نه‌مابوو. پێشمه‌رگه نه‌ك ته‌نیا كه‌ركووك، ناوچه جێناكۆكه‌كان و كێڵگه نه‌وتییه‌كانیان پاراست، به‌ڵكو به شكستپێهێنانی داعش ده‌رفه‌تی دایه حكومه‌تی عێراق تا خۆی رێكبخاته‌وه. له باره‌ی داهاتیشه‌وه با به‌راوردی نێوان ئه‌و شایسته داراییانه‌ی هه‌رێم بكرێت، كه به‌غدا نه‌یداون به هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی فرۆشراوه بزانین كێ قه‌رزار ده‌بێته‌وه”.
له باره‌ی ناكۆكی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كانی به‌غدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیكرده‌وه “كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب هه‌بێت” و گوتی: “ده‌مه‌وێت ئه‌وه بیر هه‌موو خوشك و برایانی به‌ڕێزم له عێراق بهێنمه‌وه، كه جه‌نابی بارزانی نه‌مر و ئێستاش جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌میشه ئه‌و ئامۆژگاریه‌یان كردووه، كه كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب نییه. كێشه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه به ناهه‌ق مافی خه‌ڵكی كوردستان ده‌خۆن. ئه‌گینا بێ ئه‌وه‌ی هیچ منه‌تێك بكه‌ین، ده‌روازه‌ی كوردستان به رووی هه‌موو خوشك و براكانمان له عێراق كراوه‌ته‌وه. ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانن، گه‌واهیی ئه‌وه ده‌ده‌ن؛ هه‌رێمی كوردستان به په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ خۆیان ده‌زانن. “
له باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كیی له خاكی عێراق، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی بۆ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق، سه‌باره‌ت به ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا گوتی: “ئێمه هۆكارێكی هاتنی سوپای توركیا له راستییدا بۆ بوونی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه ده‌زانین. هیوادارین په‌كه‌كه رێز له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت. چونكه هه‌رێمی كوردستان خوێنێكی زۆری بۆ رژاوه، ساڵانێكی زۆر خه‌باتی بۆ كراوه، تا ئه‌م ناوچه‌یه ئازادكراوه. رێزگرتن له ده‌سه‌ڵاته ئیداری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، مه‌رجه بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی بیانه‌وێت وه‌كو میوان له هه‌رێمی كوردستان بمێننه‌وه. “
له به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی له گرنگی به‌شداریكردنی شاندی هه‌رێمی كوردستان له “گفتوگۆی ستراتیژی” عێراق و ئه‌مه‌ریكا كرد و سه‌باره‌ت به رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له له‌یه‌كنزیكخستنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا، گوتی: “پێش هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت. ئێمه پێشوازیمان له هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كی وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ عێراق كردووه، كه بتوانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ پێشخستن و ئاسانكاری كرد له گه‌یشتن به رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ردوولادا. “
چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی (چوارشه‌ممه 26ی ئاب/ ئۆگستی 2020 ) به به‌شداری رۆژنامه‌نووسانی دیاری هه‌ریه‌ك له كه‌ناڵه‌كانی (العراقیة، زاگرۆس، الشرقیة، العربیة الحدث، الجزیرة و الحرة) ئه‌نجامدرا. ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ش دوای ئه‌وه دێت رۆژی (24ی ئاب ئۆگستی 2020)، سه‌رۆك وه‌زیران چاوپێكه‌وتنێكی هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ میدیای كوردستانی ئه‌نجامدا و تێیدا به وردی باسی له پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و لێكه‌وته‌كانی كۆرۆنا و ره‌وشی دارایی هه‌رێمی كوردستانی كرد.
ئەمەش ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یە :
– كه‌ریم حه‌مادی (العراقیة):
سڵاو و ڕێز بینه‌رانی به‌ڕێز، سڵاوتان لێ بێت له‌م دیداره تایبه‌ته‌دا، كه تێیدا میوانداری به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵه عێراقی و عه‌ره‌بییه‌كان نوێنه‌رانیان، كه ژماره‌یه‌ك له رۆژنامه‌نووسانی ده‌سته‌بژێر ئاماده‌بوون. سوپاس بۆ ئێوه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌و كاته‌ی پێت به‌خشین. به پرسیارێك ده‌ست پێده‌كه‌ین، هه‌میشه ئێوه بوونه‌ته پارسه‌نگی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن، كه واژووتان كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌تانه، به‌ڵام تێبینی ده‌كرێت، ئێوه پابه‌ند نه‌بوون به هیچ كام له‌و رێككه‌وتنانه‌ی واژووتان كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌تانه، به تایبه‌تی له باره‌ی ئه‌و داهاته‌ی له فرۆشی نه‌وته‌وه ده‌ستتان كه‌وتووه، ڕادەستی بهغداتان نەکردووە و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه شایسته‌ی دارایی مووچه خۆرانتان له به‌غداوه وه‌رگرتووه، وه‌ك ده‌وترێت به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شتان نه‌كردووه؟
مه‌سرور بارزانی:
به‌خێر بێن، خۆشحاڵم به ئاماده‌بوونی هه‌مووتان. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراقدا، حه‌ز ده‌كه‌م، كه‌مێك به پوختی باسی بكه‌م. ئێستا عێراق حكومه‌تێكی فیدراڵییه، هه‌رێمی كوردستانیش كیانێكی فیدراڵییه له عێراقدا. ئێمه خاوه‌نی ماف و ئه‌ركین. به‌داخه‌وه له ماوه‌ی دوای په‌سندكردنی ده‌ستوور له (2005)ـه‌وه تاكو ئێستا، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ستیان به‌وه نه‌كردووه، حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا پابه‌ندیی به جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور وه‌ك خۆی كردووه. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر به‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا ده‌یانبینین، ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور بووه وه‌ك خۆی.
سه‌باره‌ت به ده‌روازه سنوورییه‌كان و داهاتیان، پێویسته بگوترێت: ئه‌مه له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵییدا دیاریكراوه، كامه ده‌سه‌ڵات هی هه‌رێمن، كامه‌یان تایبه‌تن به ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادی و كامه‌شیان به هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ده‌برێن. ده‌روازه سنوورییه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت به ئیتیحادی نین. ئیداره‌دانی ئه‌و ده‌روازانه به شێوه‌یه‌كی گشتیی ده‌بێت به هاوبه‌شی بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی. ئێمه هه‌رگیز كێشه‌ی ئه‌وه‌مان نه‌بووه، به‌و شێوه‌یه ئیداره‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان بكرێت.
سه‌باره‌ت به داهاته‌كانیش، ئه‌و داهاتانه‌ی پێویسته بۆ حكومه‌تی فیدراڵی بگه‌ڕێنه‌وه له ده‌ستووردا دیاریكراوه. ئێمه هه‌میشه ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان ده‌ربڕیوه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بگه‌ینه ئه‌و ڕێككه‌وتنه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری ئه‌و پرسانه یه‌كلا بكه‌ینه‌وه.
به‌داخه‌وه ئێمه هه‌ستمان كردووه، حكومه‌تی عێراق شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك خۆی نه‌ناردووه. به‌رده‌وام ئه‌و گله‌ییه‌مان له به‌غدا هه‌بووه، كه ئه‌و شایسته داراییانه له‌سه‌ر بنه‌مای (%17) نه‌گه‌یشتووه‌ته ئێمه و دواتر كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئێمه وه‌رمان نه‌گرتووه.
ته‌نانه‌ت ئه‌و شایسته داراییانه‌ی پێویست بوو له خه‌رجی سیادی بۆ هه‌رێم بگه‌ڕێندرێنه‌وه، ئه‌وانیش نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه. بابه‌ته‌كه ئه‌وه نییه، ئێمه ئاماده نه‌بین ئه‌و داهاتانه‌ی هی ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادین بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ حكومه‌تی عێراق، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه ئه‌مه‌یه، كه كۆی گشتی ئه‌م پرۆسه‌یه وه‌كو پێویست حكومه‌تی عێراق نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م كێشانه تا ئێستا وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه. هیوادارم بتوانین بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه. ئه‌گینا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه به گوێره‌ی ده‌ستوور ئه‌و ئه‌رك و پابه‌ندیانه‌ی له ئه‌ستۆیه‌تی جێبه‌جێی بكات.
محه‌مه‌د جه‌بار (زاگرۆس):
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق، هه‌میشه كاریگه‌ر بووه به “میزاج“ی سیاسی ناسه‌قامگیری حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و له بنه‌ڕه‌تدا پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتیحادی (%17) بووه و دواتر كه‌مكراوه‌ته‌وه و له‌سه‌رده‌می عه‌بادی گه‌یشته (%12) و دوای وردبینی كردهییانه و پیشه‌ییانه ئێستا ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كراوه (%5)ی بودجه‌ی گشتیی عێراقه و له‌و میانه‌یه‌شدا ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه، گوایه ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بواری بیناسازی و خۆشگوزه‌رانی به‌ده‌ستیهێناوه به پاره‌ی باشوور بووه.. ده‌وترێت پاره‌ی نه‌وتی به‌سره ده‌درێته كوردستان، ئێوه وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و تۆمه‌تباركردنه و ده‌نگۆیانه چییه؟
مه‌سرور بارزانی:
په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای (هاوسه‌نگی، سازان و هاوبه‌شی) بووه. له‌سه‌ره‌تای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه رێككه‌وتین. ئه‌وه‌ی نه‌مانبینیوه: “هاوسه‌نگی، سازان و هاوبه‌شی” بووه.
بابه‌تی پشكی هه‌رێم، له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتین، (%17) بێت له كۆی گشتیی داهاتی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه. دواتر ئه‌م رێژه‌یه دابه‌زێندرا بۆ (%12.67) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا به بڕیارێكی كه‌سیی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی هه‌بێت، به‌ڵام له هیچ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م رێژه‌یه‌ی له شایسته داراییه‌كانی خۆی له كۆی داهاتی عێراقی وه‌رنه‌گرتووه.
بۆ نموونه زۆربه‌ی داهاته‌كانی عێراق، كه له داهاتی نه‌وتییه‌وه دێت، حكومه‌تی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، پێنج ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرد، كه زۆربه‌ی داهاتی حكومه‌تی عێراق داهاتی نه‌وت بوو. له‌وه (5) ملیۆن به‌رمیلی به‌رهه‌م ده‌هێنا و (4) ملیۆنی هه‌نارده ده‌كرد و (1) ملیۆنی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی ته‌رخانده‌كرد، پێویست بوو هه‌رێمی كوردستانیش سوودمه‌ند بێت له‌و یه‌ك ملیۆنه‌ی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی ته‌رخانكرابوو.
ئه‌مه به نزیكه‌یی رێژه‌ی (%22) له داهاتی عێراق بوو. ئه‌م بڕه نه‌ده‌خرایه بودجه‌ی گشتیی عێراقه‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه (%78)ـی داهاتی نه‌وتیی بوو وه‌ك و داهاتی گشتیی له بودجه‌ی عێراق هه‌ژمار ده‌كرا. له‌و بڕه‌ش به تێپه‌ڕینی كات، وایانكرد، خه‌رجی سیادی ساڵ له دوای ساڵ زیاد بكه‌ن، تا گه‌یشته (%45) كه‌واته (%78)ـه‌كه بگه‌یه‌نینه‌وه به رێژه‌ی (%100) ، ده‌بینین (%45)ـی بۆ خه‌رجی سیادی ته‌رخانكرابوو. ده‌بوایه هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه.
له‌و رێژه‌یه (%55)ـی ماوه‌ی ئه‌و داهاته دابه‌ش ده‌كرا به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكه. ئه‌گه‌ر بێین ئه‌م ژمارانه لێكبده‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و (%12.6)ـه‌ی كه بۆ هه‌رێمیان ته‌رخانكردبوو، له كۆی گشتی (%55) و (%78)ـی داهات بووه، واته له هیچ كاتێكدا (%12.6)یش له كۆی گشتی بودجه‌ی (%100)ـی عێراق بۆ هه‌رێم نه‌هاتووه. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم ماوه‌ته‌وه شتێكه كه‌متره له (%5)ـی كۆی گشتی بودجه‌ی عێراق، كه بۆ هه‌رێم هاتووه. پێم وایه ئه‌مه ناهه‌قییه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. گوایه حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر حسابی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق داهاتی بۆ دێت، كه ئه‌وه هیچ كات وانه‌بووه و نییه. جارێ هیچ پێوه‌رێكی زانستی نییه، كه رێژه‌ی هه‌رێمی كوردستان (%12) یان (%17)یه؟.
پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای (%17) پێكهاتبووین، به‌ڵام له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كه‌مكراوه‌ته‌وه؟ هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نییه. باشترین پێوه‌ر ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك به شایسته داراییه‌كانی بگات، ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرییه. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانی (كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كریستیان) بزانین چه‌نده؟ به‌م جۆره ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ین، بزانین له كۆی گشتیی داهاتی عێراق چه‌ندی به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت؟ و ئه‌و كاته كێشه‌كه به‌م جۆره نامێنێت.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، گریمان ئه‌و داهاته بۆ هه‌رێمی كوردستان هاتووه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به به‌شێك له عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، كه ئێمه كیانێكی فیدراڵین له حكومه‌تێكی فیدراڵیدا به ناوی عێراق، بۆچی ئه‌و داهاتانه‌ی بۆ هه‌رێم ته‌رخان ده‌كرێت، ئه‌و هه‌ستیارییه هه‌بێت و خه‌ڵكێك پێی وابێت ئه‌و ته‌رخانكردنه له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی دیكه‌یه. ئێمه‌ش هاونیشتمانین و ده‌بێت ئه‌م یه‌كسانییه ره‌چاو بكرێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه، ئه‌ی ئه‌و باقی داهاته‌ی، كه له‌ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی ده‌مایه‌وه، چی كراوه بۆ تێكڕای ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌ین، ده‌بینین جیاوازییه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه، ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه نییه، هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زیاتر له شایسته داراییه‌كانی خۆی به‌ركه‌وتووه؛ به پێچه‌وانه‌وه، سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتییه‌كانیش پێم وایه ئیداره‌یه‌كی باشتر له هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه، كه توانیویه‌تی به‌م ئاسته هه‌رێمی كوردستان پێشبخات.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌ین، به‌و رێژه‌ی (%95)ـی كۆی ئەو داهاته‌ی له‌به‌رده‌ست حكومه‌تی عێراق بووه، چی كراوه؟ نموونه‌یه‌كم بۆ بێنه، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان چاوی لێبكات و بڵێت: چاو له‌م شاره و پێشكه‌وتنی ئه‌و پارێزگایه ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بۆمان روونبێته‌وه، كه باقی داهاته‌كان به شێوه‌یه‌كی باشتر ئیداره كراوه و خه‌رج كراوه. ئه‌مه ته‌نیا بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و شكسته ئیدارییه‌یه، كه به‌رپرسان له ماوه‌ی رابردوودا نه‌یانتوانیوه ئه‌ركه‌كانی خۆیان له شاره‌كانی عێراق به‌جێبهێنن. كوردیش ئاسانه بۆ ئه‌وه‌ی ئۆباڵی هه‌موو گرفته‌كان بخرێنه ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان.
پێموایه ئه‌مه ناهه‌قییه‌كی گه‌وره‌یه بوترێت هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی دیكه پێشكه‌وتووه و خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه.
سه‌باره‌ت به خه‌رجی سیادی، له ده‌ستووردا هاتووه: پێویسته رووماڵی ئه‌و به‌شانه‌ی له خه‌رجی هه‌رێمه بكرێت، بۆ نموونه، پاره‌ی مووچه‌ی شه‌هیدان، مووچه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان، خانه‌نشین و بودجه‌ی كاره‌ساته‌كان له خه‌رجی سیادی ده‌درێت، هیچ كام له‌م خه‌رجیانه له بودجه‌ی سیادی بۆ هه‌رێم ته‌رخان نه‌كراون.
هه‌رێم پێویست بووه له‌سه‌ری مووچه‌ی پێشمه‌رگه و شه‌هیدانیش بدات و سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌رجیانه‌ی ده‌ستوور به خه‌رجی سیادی ده‌ستنیشانی كردوون، هه‌رێم له بودجه‌ی خۆی دابینی كردوون. ئه‌مه به‌شێكه. به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه: پێویسته قه‌ره‌بووی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه، دوای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و سته‌مه‌ی له ساڵانی رابردوو ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان كرا، وه‌كو: ئه‌نفال، كیمیاییباران، وێرانكردنی (4500) گوندی هه‌رێمی كوردستان..هتد، هیچ یه‌ك له‌مانه حكومه‌تی عێراق پابه‌ندییه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردووه. نه قه‌رزه‌كانی داینه‌وه، نه بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی گرته ئه‌ستۆ، ته‌نانه‌ت له كاتی شه‌ڕی داعش، ئێمه كاتێكدا نزیكه‌ی (2) ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ری عێراق و سووریا له هه‌رێمی كوردستان په‌نا درابوون، ده‌بوایه له خه‌رجی سیادی عێراق هاوكاری ئه‌م ئاواره و په‌نابه‌رانه بكرێت، كه زۆربه‌یان له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق هاتبوونه هه‌رێم، چونكه هه‌ستیان به سه‌قامگیری و ئاسایش و ئارامی ده‌كرد، حكومه‌تی عێراق نه‌چووه ژێر باری ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری هه‌رێم بكات له ئیداره‌دانی كه‌مپی ئاواره و په‌نابه‌راندا.
له كاتی شه‌ڕیشدا، له شه‌ڕی داعشدا، كه تێچووی شه‌ڕ یه‌كجار زۆر بوو، ئێمه وه‌ك پێشمه‌رگه یه‌كه‌م كه‌س بووین ئه‌فسانه‌ی داعشمان تێك‌شكاند. داعش كه به‌ره‌و ده‌روازه‌كانی به‌غدا ده‌ڕۆیشت، پێشمه‌رگه بووه هۆی ئه‌وه‌ی داعش تووشی شكستی سه‌ربازی بێت و بوار بۆ حكومه‌تی عێراق بڕه‌خسێنێت خۆی رێكبخاته‌وه و ئینجا بێن شه‌ڕی داعش بكه‌ن. ته‌نانه‌ت له دابینكردنی تێچووی شه‌ڕیش، نه‌ك یارمه‌تی هه‌رێمیان نه‌دا، به‌ڵكو هه‌موو داهات و بودجه‌یه‌ك، كه پێویست بوو بۆ هه‌رێم دابین بكرێت، هه‌موویان بڕی.
كه‌واته هه‌رێمی كوردستان، بێ بودجه، له شه‌ڕدا بوو، نزیكه‌ی (2) ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ری به‌خێوده‌كرد، ئینجا به‌و داهاته‌ی هه‌رێم خۆی دابینی ده‌كرد، توانی ئیداره‌ی خۆی بكات.
كه‌واته بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه پێیانوایه هه‌رێمی كوردستان زیاتر له مافی خۆی، له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق داهاتی وه‌رگرتووه، به هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست ده‌كه‌ن سته‌مێكی گه‌وره‌یان لێكراوه، نه‌ك ته‌نیا له رووی داراییه‌وه، به‌ڵكو له رووی مه‌عنه‌ویی و سیاسییشه‌وه، ئه‌م جۆره تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه، له راستییدا جێی داخ و نیگه‌رانین.
پێمخۆشه خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی عێراق ئه‌وه بزانن، كه هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته داراییه‌كانی خۆی له حكومه‌تی عێراق وه‌رنه‌گرتووه.
له رووی سه‌ربازیشه‌وه، له كاتی شه‌ڕ به هیچ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی عێراق، نه‌ك ته‌نیا یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان نه‌دا، به‌ڵكو رێگرییان كرد، له‌و هاوكارییه سه‌ربازیانه‌ی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هات. رێگریان كرد له دابینكردنی جۆریی هاوكاری بۆ پێشمه‌رگه. نه‌یانده‌هێشت وه‌ك پێویست ئه‌و هاوكاریانه بگاته خه‌ڵكی كوردستان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك منه‌ت ناكه‌ین له‌و كارانه‌ی كردوومانه به‌رامبه‌ر به‌و خوشك و برایانه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
لێره‌ش ده‌مه‌وێت ئه‌وه بیر هه‌موو خوشك و برایانی به‌ڕێزم له عێراق بهێنمه‌وه، كه جه‌نابی بارزانی نه‌مر و ئێستاش جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌میشه ئامۆژگاریان كردووه، كه كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب نییه، كێشه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه به ناهه‌ق مافی خه‌ڵكی كوردستان ده‌خۆن.
ئه‌گینا بێ ئه‌وه‌ی هیچ منه‌تێك بكه‌ین، ده‌روازه‌ی كوردستان به رووی هه‌موو خوشك و براكانمان له عێراق كراوه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانن گه‌واهیی ئه‌وه ده‌ده‌ن؛ هه‌رێمی كوردستان به په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ خۆیان ده‌زانن.
– عه‌بدولسه‌میع عه‌زاوی (الشرقیة):
له باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و پشكی هه‌رێم له داهاته‌كه‌ی، ده‌مه‌وێت بڵێم، عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئه‌و كاته‌ی وه‌زیری نه‌وت بوو له كابینه‌ی حكومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، رێكاری پێویستی گرته به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وتی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و یه‌كه‌م وه‌زیر بوو رێگه‌ی دا هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی كه‌ركووك هه‌نارده بكات و پشكی خۆی وه‌ربگرێت و كاره‌كان به‌و جۆره به ئاسایی تێده‌په‌ڕین، دواتر ده‌مه‌وێت بپرسم چی روویدا، ئایا گرفته‌كه له هه‌رێمه‌وه بوو، یان له به‌غداوه بوو، ئایا لێكه‌وته‌ی ریفراندۆم بوو، دواتر ئێوه چۆن وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه ده‌ده‌نه‌وه، كه ده‌خرێنه پاڵ هه‌رێم، گوایه نه‌وتی له ده‌ره‌وه‌ی سۆمۆ و له رێگه‌ی ده‌روازه‌كانی دیكه‌وه هه‌نارده كردووه؟
مه‌سرور بارزانی:
جارێ بابزانین هه‌رێمی كوردستان، كه‌ی ده‌ستی به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرد؟! دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، ئه‌و كاته حكومه‌تی هه‌رێم به رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌ستی به ده‌رهێنانی نه‌وت كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت داهاتێكی بێته‌ده‌ست بۆ ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان. چونكه به‌داخه‌وه حكومه‌تی ئیتیحادی له به‌غدا پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كانی به هه‌نارده‌كردنی بودجه و مووچه بۆ هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌كرد. دواتر هه‌ندێك گۆڕانكاری روویدا و داعش هێرشیانكرده سه‌ر عێراق و زۆرێك له شوێنه‌كانیان داگیركرد، له‌وانه مووسڵ و تكریت و به‌ره‌و كه‌ركووكیش ده‌ڕۆیشت؛ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه، كه‌ركووك و ئه‌و سه‌رچاوه نه‌وتیانه‌ی له ناوچه‌كه هه‌ن ده‌كه‌وتنه ده‌ست داعش و له ده‌ست عێراق نه‌ده‌مان. چونكه عێراق نه‌مابوو، سوپای ئیتیحادی له‌و سنوورانه به هیچ شێوه‌یه‌ك بوونی نه‌مابوو. پێشمه‌رگه نه‌ك ته‌نیا كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان و كێڵگه نه‌وتییه‌كانیان پاراست، توانرا ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی له‌به‌ر ده‌ست بوو، هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت.
با ئه‌وه روون بێت، چونكه زۆر جار ده‌وترێت، هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی كه‌ركووكی فرۆشتووه و ئه‌مه مافی خۆی نییه، با ئه‌مه به راشكاوی بڵێم: هه‌رێمی كوردستان نه‌بووایه، داعش ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌برد و زۆر به‌هێزتر ده‌بوو، چونكه له ده‌ست عێراق نه‌ده‌ما، پێشمه‌رگه كه‌ركووكی پاراست. هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه، ئه‌و به‌شه‌ی له‌و نه‌وته، كه فرۆشراوه، به شێوه‌ی به‌راورد له‌گه‌ڵ داهاتی عێراق و مافی هه‌رێمی كوردستان له داهات و پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان بكرێت و بزانرێت چه‌نده و مافی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بووه و كێ قه‌رزاری كێیه؟
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراق بكه‌ین، ده‌بینین، عێراق له سنووری (5) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، كه (450) هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه بوو، ئێستا كه‌متر بووه‌ته‌وه، چونكه ئێمه هه‌وڵمانداوه به‌شداربین له كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پابه‌ندی عێراق له چوارچێوه‌ی بڕیاری ئۆپیك بگونجێت.
له (5) ملیۆن به‌رمیل، (450) هه‌زار به‌رمیلی به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه، به رێژه‌یی ده‌كاته كه‌متر له (%10)، كه‌واته حكومه‌تی عێراق له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت، ده‌بێت بودجه‌ی هه‌رێم (%12.6) بێت دوای دابه‌زاندنی له (%17) بۆ (%12.6) بۆچی له‌وێ پشكی هه‌رێم (%12.6) بێت، به‌ڵام له فرۆشتنی نه‌وته‌كه ده‌بێت كه‌متر بێت له‌و رێژه‌یه. كه‌واته ئێمه زۆر كه‌متر له پشكی خۆمان نه‌وتمان به‌رهه‌مهێناوه. له‌و یه‌ك ملیۆن به‌رمیله‌ی ده‌بوایه بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی به‌كاربێت، ده‌بوایه (%12.6) یان (%17)ی به‌ر هه‌رێم بكه‌وێت، ده‌بوایه (120) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكرابا، به‌ڵام نه‌كراوه. هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو به‌رهه‌می هه‌نارده و ماوه‌كه‌ی، (20 تا 30) هه‌زار به‌رمیلی هه‌یه بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی، كه به‌داخه‌وه به‌شی پێداویستی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكات. له راستییدا كاتێك ورده‌كاری و ژماره‌كان لێكده‌درێنه‌وه، ئه‌و كات به‌دیار ده‌كه‌وێت، كه حكومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌شدا سته‌میان لێكراوه و ئه‌و ژمارانه‌ی به خه‌ڵك ده‌وترێن راست نیین.
راستییه‌كه ئه‌وه‌یه، هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له پشكی خۆی نه‌وتی به‌رهه‌مهێناوه، كه‌متر له پشكی خۆی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆی به‌كاری هێناوه، كه‌متر له مافی خۆی ده‌ستكه‌وتووه. كه‌واته له كاتی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستیپێنه‌كردووه، به‌ڵكو له (2014)ـه‌وه ده‌ستیپێكراوه، به تێپه‌ڕینی كات گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و داعش هاتووه، به‌داخه‌وه له دوا ساته‌كانی حكومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌نانه‌ت مووچه‌كانیشی بڕی.
لێره پرسیار ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ناكۆكیش له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت هه‌بێت، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بێت ببڕێت، بۆچی ئه‌مه وه‌كو كارتێكی فشار له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌كاردێت، ئه‌گه‌ر ناكۆكی سیاسییش له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش هه‌بێت، خۆ كێشه‌ی ئێمه ته‌نیا كێشه‌ی داهات و نه‌وت نییه. كێشه‌ی كوردستان كێشه‌یه‌كی مێژوویی و درێژخایه‌نه. بابه‌تی ناوچه جێناكۆك، كه‌ركووك، پێشمه‌رگه و جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوورمان هه‌یه و زۆرێك له‌و كێشانه هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوون. سه‌رنج چڕكردنه‌وه له‌سه‌ر داهات و نه‌وت پێم وایه لادانه له پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ جێبه‌جێكردنی بابه‌ته‌كانی دیكه.
سه‌باره‌ت به یاسای نه‌وت، تا ئێستا حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه یاسای نه‌وت تێپه‌ڕێنێت له په‌رله‌مان و پێشتر گفتوگۆی زۆری له‌سه‌ر كرا و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز به هاوبه‌شی تێپه‌ڕێت له په‌رله‌مان. به‌داخه‌وه حكومه‌تی عێراق وه‌ڵامی نه‌بوو. ده‌ستی ده‌ستی كرد له‌وه‌ی ئه‌و یاسایه تێپه‌ڕێت. ئێستا دوو یاسا هه‌یه كه حكومه‌تی عێراق پشتیان پێ ده‌به‌ستێت و هی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسن. هه‌موو بڕیار و یاساكانی رژێمی پێشووی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ته‌نیا پرسی ته‌عریب له ناوچه‌كانی كوردستان هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و تا ئێستا به‌رده‌وامه و دووه‌میش پرسی نه‌وته.
یاساكه ئه‌و كاته بۆ سیاسه‌تی حكومه‌تێكی ناوه‌ندیی دانراوه، نه‌ك بۆ حكومه‌تێكی فیدراڵی. دوای (2005) ده‌ستووری عێراق، ده‌ستووری حكومه‌تێكی فیدراڵییه. ده‌بوایه ئه‌م یاسایانه بگونجێن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌یه‌كی فیدراڵی. تا ئێستا حكومه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌م بووه، له دابینكردنی ئه‌م یاسایانه‌ی كه گونجاوبن بۆ قۆناغی ئێستا.
“سۆمۆ”ش دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌رده‌می رژێمی پێشووه. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی سیستمی فیدراڵی پێوه دیار نییه. پێشنیازمان كردووه، ئه‌گه‌ر سۆمۆ بیه‌وێت ببێت به كۆمپانیایه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه و هه‌موو عێراق بڕوای پێی بێت، داوامان كردووه، هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بێت له ئیداره‌دانی سۆمۆ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان چه‌ند ئاگادارن له‌سه‌ر به‌رهه‌م و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵكی كوردستانیش مافیانه بزانن له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق چه‌ند نه‌وت به‌رهه‌مدێت و داهاتی چه‌نده؟.
ئه‌حمه‌د حه‌مدانی (العربیة الحدث):
بۆردومانی توركیا به‌رده‌وامه. ململانێی توركی– توركی ماوه‌ی (35) ساڵه له‌سه‌ر خاكی عێراق به‌رده‌وامه. تێبینی ده‌كرێت (1000 تا 1500) گوندی ناوچه سنوورییه‌كان له ماوه‌ی (25) ساڵی رابردوودا چۆڵكراوون. شه‌هید و بریندار هه‌ن و دواترینیان پاسه‌وانانی سنوور بوون له ناوچه‌ی سیدهكات، هه‌ولێر هیچ چاره‌سه‌رێكی دۆزیوه‌ته‌وه، هیچ هه‌وڵێكتان داوه له‌گه‌ڵ به‌غدا و له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌ربازبوون له‌و ره‌وشه، هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره هیچ هه‌وڵێكی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت جێی داخه. نه‌ك ته‌نیا له سنووره‌كان به‌ڵكو له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌یه و پێشێلی سه‌روه‌ری عێراق ده‌كرێت و ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش له هه‌موو لایه‌ك به‌رده‌وامه و جێی داخه‌وه و هیوادارین به زوویی كۆتایی پێ بێت.
هۆكاری هاتنی سوپای توركیا بۆ ئه‌و سنوورانه په‌كه‌كه‌یه. بۆ زانیاری جه‌نابت ئه‌و (4500) گونده‌ی باسم كرد، كه وێران و خاپوور كران له‌و ناوچانه بوون و دوای (1991) كه گه‌ڕاینه‌وه و به تایبه‌تی دوای (2003) كه بواری زیاتر بۆ هه‌رێم ره‌خسا هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و ناوچانه درا، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر هۆكاری شه‌ڕ و پێكدادان نه‌مانتوانی ده‌ستمان بگاته زۆرێك له‌و شوێنانه، چونكه بوونی په‌كه‌كه و شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه و توركیا وایكرد ئه‌و ناوچانه به‌كه‌ڵكی ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی نه‌یه‌ت و نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه.
ئێستاش ئێمه داوا ده‌كه‌ین، له هه‌موو وڵاتانی دراوسێ، كه ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی خۆیانیان هه‌یه له سنووره‌كانی ئێمه به‌رنه ده‌ره‌وه. با له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، شه‌ڕی خۆیان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیان یه‌كلا نه‌كه‌نه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئێمه هۆكارێكی دیكه‌ی هاتنی سوپای توركیا له ڕاستییدا بۆ بوونی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه ده‌زانین. هیوادارین په‌كه‌كه رێز له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت. خوێنێكی زۆری بۆ رژاوه. ساڵانێكی زۆر خه‌باتی بۆ كراوه تا ئه‌م ناوچه‌یه ئازادكراوه. رێزگرتن له ده‌سه‌ڵاته ئیداری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مه‌رجه بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی بیانه‌وێت وه‌كو میوان له هه‌رێمی كوردستان بمێننه‌وه. له راستییدا هه‌رێمی كوردستان و هیچ به‌شێكی دیكه‌ی عێراق پێویسته به‌كار نه‌یه‌ت بۆ ئازاردانی وڵاتانی دراوسێ. چونكه ئێمه داوای ئه‌وه ده‌كه‌ین، په‌یوه‌ندی ئاسایی له سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی دوولایه‌نه له نێوان عێراق و دراوسێكان هه‌بێت.
– ئه‌میر فندی (الجزیرة):
سه‌رچاوه میدیاییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، له میانی پێشوازیكردنی له مسته‌فا كازمی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، كه پێویسته دۆسیه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئایا به‌ڕاستیی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر هێڵه و رۆڵی چییه و پێشبینیتان بۆ داهاتووی ئه‌و دۆسییه هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا چییه.
مه‌سرور بارزانی:
پێش هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێویسته له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت. ئێمه پێشوازیمان له هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كی وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ عێراق كردووه، كه بتوانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ پێشخستن و ئاسانكاری كرد له گه‌یشتن به رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ردوولادا.
ئه‌مجاره كه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكای كرد، پێش ماوه‌یه‌ك ئێمه ئاماده‌كاریمان كردبوو، كه له شاندی عێراقیدا شاندی هه‌رێمی كوردستانیش به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌شدار بێت. به‌ڕێزیان ره‌زامه‌ند بوو و ئه‌مه‌ریكاش هاوڕا بوو، كه شاندی هه‌رێمی كوردستان گرنگه به‌شدارییه‌كی كارای هه‌بێت بۆ به‌شداری له گفتوگۆی ستراتیژی له واشنتن. شاندی ئێمه له ئاستێكی باش و به‌رز به‌شدار بوون. له‌وێ چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ و زۆرێك له به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
ئێمه به شێوه‌یه‌كی گشتی خوازیاری ئه‌وه‌ین، عێراق بتوانێت سوود له په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌قامگیری و ئارامی بۆ عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ست به سه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و ئابووری بكرێت بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش تێیدا سوودمه‌ند ده‌بێت. له‌وانه‌یه هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌ی له‌بارتر بێت بۆ ئه‌وه‌ی له رووی ئابوورییه‌وه كاریگه‌ریی هه‌بێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیكردووه و راسته. پێیان خۆش بووه، ئه‌و گفتوگۆیانه له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز مسته‌فا كازمی و كابینه‌كه‌یدا به‌رده‌وامن و هیوادارین ئێمه له كاتێكی زوودا بگه‌ینه ئه‌نجامێك و پێموایه ئه‌مه سوودی بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت.
بۆ نموونه له به‌رهه‌مهێنانی وزه‌دا هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوی باش نراوون. ئێستا توانای به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ( 6500تا7000 ) میگاوات كاره‌بایه، به‌ڵام ئێمه ده‌توانین (3500) میگاوات به‌رهه‌مبهێنین، چونكه سووته‌مه‌نی پێویست له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و وێستگانه‌ی كه هه‌ن. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بتوانین به‌یه‌كه‌وه سوود له‌و توانایانه‌ی هه‌رێم بكه‌ین و سووته‌مه‌نی له حكومه‌تی عێراقه‌وه دابین بكرێت بۆ ئه‌و وێستگانه، ده‌توانین نه‌ك ته‌نیا (24) كاتژمێر كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین، كه ئێستا توانیومانه (21) كاتژمێر دابین بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌توانین بۆ كه‌ركووك، مووسڵ و تكریت و زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ی عێراق كاره‌با دابین بكه‌ین. جا هیوادارین ئه‌م جۆره هه‌ماهه‌نگیانه چ له رووی سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌وه بێت، بتوانین هه‌نگاوی به‌كرده‌وه بنێین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ك لێی سوودمه‌ند بێت.
عه‌بدولحه‌مید زێباری (الحرة):
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له ده‌ستپێكی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و پێكهێنانی كابینهكهتاندا درووشمی چاكسازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیتان به‌رز كرده‌وه و به‌ڵێنتان به گه‌ل دا، كه گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری بنبڕبكهن، ئه‌و پرۆسه‌یه به كوێ گه‌یشت و ئایا رووبه‌ڕووی ئه‌و ته‌حه‌دایانه له ناوخۆی حكومه‌ت یان له ناو ریزی لایه‌نه كوردستانییه‌كان بوونه‌ته‌وه له هه‌مبه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به گه‌لتان دابوو؟
مه‌سرور بارزانی:
راسته، ئێمه له پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان، جه‌ختمان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه چاكسازی بنه‌مای كاری حكومه‌ت ده‌بێت. ده‌ستمان پێكرد، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌كه‌مان ده‌ستمان به چاكسازی كرد. به‌ڵام پێویسته بوترێت چاكسازی پرۆسه‌یه‌ك نییه، له ماوه‌یه‌كی كورتتدا ته‌واو بكرێت، پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه. چی بكه‌یت، پێویستی به چاكسازی زیاتر و هه‌مواركردنه‌وه‌یه. له‌سه‌ره‌تاوه هه‌نگاوی باشمان ناوه. ئه‌و شتانه‌ی ده‌مانتوانی به زوویی بیكه‌ین كردوومانه، وه‌ك نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، رێگرتن له به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربازی، حزبی و ئیداری كه خراپ كه‌ڵك له ده‌سه‌ڵاتی خۆیان وه‌رنه‌گرن، نه‌هێشتنی به‌رتیل و ره‌شووه، زیادكردنی ده‌وام، خزمه‌تگوزاری زیاتر، خێراتركردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان، گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی، كه ده‌ستدرێژیان كرابووه سه‌ر و گێڕانه‌وه‌یان بۆ حكومه‌ت. له زۆر رووی دیكه‌وه، له‌وانه مه‌سه‌له‌ی وزه و بابه‌تی كاره‌با، ئێمه توانیمان به هه‌ندێك گۆڕانكاری خێرا و ئه‌و چاكسازیانه‌ی له‌و كه‌رته كرا، توانیمان رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با زیاد بكه‌ین. ئێمه جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك جۆر نه‌بن، به‌ڵكو هه‌مه‌جۆر بن، پرسی كشتوكاڵ، كه سامانێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه بتوانین گرنگی پێ بده‌ین بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاتر و پشتیوانیكردن له جووتیاران، به‌وه‌ی كه هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له ناوخۆ ده‌توانین به‌رهه‌میان بێنین رێگری له هاورده‌كردنیان بكه‌ین به زیادكردنی گومرگ و حكومه‌تی عێراقیش هه‌مان رێكاری گرتووه‌ته به‌ر، ئێمه لێره جێبه‌جێمان كردووه بۆ پشتیوانیكردنی به‌رهه‌می جووتیاران. هه‌روه‌ها نه‌ك ته‌نیا بتوانین به‌شی پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌مبهێنین، به‌ڵكو هه‌وڵمانداوه بتوانین بۆ ده‌ره‌وه‌ش هه‌نارده‌یان بكه‌ین و بازاڕیان بۆ بدۆزینه‌وه. كه‌واته هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه، له رووی ئابوورییشه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هیوادارم عێراقیش، ته‌نیا چاوی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی پێداویستییه‌كان نه‌بێت، به‌ڵكو بتوانێت به ئاستێكی ژێرخانی ئابووری وا بگات، كه هاوسه‌نگییه‌ك هه‌بێت له پرسی هه‌نارده و هاورده‌دا.
ئێمه گرنگیمان به بابه‌تی پیشه‌سازی، ژێرخانی ئابووری، ستراتیژی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان داوه، به درووستكردنی رێگه‌وبان و بابه‌تی گه‌یاندنه.
له بواری په‌روه‌رده كاری زۆر كراوه. له كه‌رتی ته‌ندرووستی كاری باش كراوه. چه‌ندین سایلۆ درووست كراوون، به‌نداوی ئاو كه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئه‌م نیشتمانه‌ن گرنگیمان پێداوه و (13) به‌نداوی بچووك و مامناوه‌ند له حاڵه‌تی جێبه‌جێكردن و درووستكردنیانین. هه‌ندێك به‌نداوی گه‌وره‌ش هه‌یه، پێویستی به هاوكاری و پاره‌داركردنی حكومه‌تی فیدراڵی و هاوكارانی ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه. زۆر له‌و شتانه‌ی ده‌ستمان پێكردووه، ئه‌نجامی هه‌بووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ته. رێگریمان له به‌فیڕۆدان كردووه و ئه‌وه‌ی خه‌رج ده‌كرێت، ده‌بێت له خزمه‌تی خه‌ڵك بێت. ئێمه به دیجیتاڵكردن و به ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی هاووڵاتیانمان ده‌ستپێكرد و به‌شێكی كه‌وتووه‌ته كار و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له دوو سێ مانگی داهاتوو ده‌كه‌وێته كار. ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌و هه‌وڵانه بوون، كه داومانه بۆ بابه‌تی چاكسازی.
بیرمان نه‌چێت ئه‌مه (13) مانگه ئه‌و كابینه‌یه درووست بووه و به‌داخه‌وه له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیشمان تووشی دوو قه‌یرانی گه‌وره بووین، یه‌كێكیان بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا بوو، ئێمه‌ی خاوكرده‌وه و خه‌ڵك نه‌یتوانی وه‌ك پێویست كار بكات و حكومه‌ت نه‌یتوانی وه‌ك پێویست له خزمه‌تی هاووڵاتیان بێت. دووه‌میش قه‌یرانی ئابوورییه، كه هه‌م حكومه‌تی عێراق به‌داخه‌وه پابه‌ندی خۆی جێبه‌جێ نه‌كرد و مووچه‌ی (3) مانگی ئه‌مساڵی بۆ ئێمه نه‌ناردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهاتی نه‌وت كه‌مبووه‌وه و نرخی نه‌وت دابه‌زی. ئه‌مه هه‌مووی وایكرد له رووی ئابوورییه‌وه تووشی قه‌یران بین و نه‌توانین له ئاستی خواستی خۆمان ئه‌و خزمه‌تانه‌ی پێویست بوو جێبه‌جێیان بكه‌ین، جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه ئێمه‌یان نه‌وه‌ستاند. ده‌ستمانكرد به درووستكردنی پیشه‌سازی خۆراك له دهۆك، وه‌ك شارۆچكه‌یه‌ك درووستده‌كرێت و له شوێنی دیكه‌ش درووستی ده‌كه‌ین. زۆر پڕۆژه‌ی دیكه‌ی پشه‌سازیمان ده‌ستپێكردووه و به‌شێكی زۆریش ماوون و به نیازین له كاتێكی زوودا جێبه‌جێیان بكه‌ین.
كه‌واته ئێمه هه‌وڵێكی زۆرمان داوه، به‌ڵام هه‌م كاته‌كه كه‌مه و هه‌میش به‌داخه‌وه ئه‌م قه‌یرانانه كه تووشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهانیش بووه‌ته‌وه، تۆزێك ده‌ستیان به‌ستووین، كه بتوانین به‌و خێراییه‌ی ئومێدمان هه‌بوو به‌ڕێوه‌بچێت.
له رووی وه‌به‌رهێنانیشه‌وه، ئێمه بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی و ناوخۆیی ئاسانكاریمان كردووه. گرنگیمان به كه‌رتی تایبه‌ت داوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت رۆڵێكی گرنگ له پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت. پشتگیریمان له‌و پڕۆژانه كردووه، كه خه‌ڵك بتوانێت پێشكه‌شیان بكات له رووی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا زیاتر له (1000) پڕۆژه پێشكه‌ش كراوون و داوا ده‌كه‌ین وه‌به‌رهێنه‌ران له هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر بتوانن بێن ئه‌م پڕۆژانه جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌مووی ده‌بنه هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین په‌ره به بواری ئابووری بده‌ین. هه‌روه‌ها سیستمی (PPP) كه سیستمی به‌شداری كه‌رتی گشتیی و تایبه‌ته له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، بتوانین هه‌موو ئه‌وانه جێبه‌جێ بكه‌ین. پڕۆژه‌مان زۆره و زۆریشی كه‌وتوونه‌ته كار و هیوادارم به‌و ئاسانكاریانه‌ی به‌رده‌وام ده‌یكه‌ین، بتوانین له‌م قه‌یرانانه ده‌رباز بین. ئینشه‌ڵڵا كاتێكی باشتر بۆ كوردستان و بۆ عێراقیش بێته پێش.