نوێترین هەواڵ
سەرەتا / جۆراوجۆر / كچە ئەكتەری مەغریبی سەنا بەحاج: هێڵی سوورم هەیە و نایانبەزێنم

كچە ئەكتەری مەغریبی سەنا بەحاج: هێڵی سوورم هەیە و نایانبەزێنم

لە وڵاتی مەغریب گرنگییەكی زۆر بە توانا و بەهرەی لاوانی هونەرمەند دەدرێت، بۆیە بەردەوام هونەرمەندانی بەتوانا دەركەوتوون. سەنا بەحاج یەكێكە لە و ئەكتەرە بەتوانا و سەركەوتووانەی كە لەبەر لێهاتوویی خۆی لە زۆر كاری هونەریدا لە بواری تەلەفزیۆن و دراما بەشداری كردووە، كە لە ئاست تەمەنی هونەریی خۆی زیاترن و لەگەڵ چەندین ئەكتەر و دەرهێنەری ناوداری مەغریبیش كاری كردووە. سەرەتا سەمای بە شێوەیەكی ئەكادیمی خوێندووە، ئینجا لە پەیمانگەی باڵای هونەری شانۆیی و رۆشنبیریی بۆ ماوەی چوار ساڵ خوێندوویەتی، دواتر لە چەندین زنجیرە دراما و كورتە فیلم و فیلمی درێژدا بەشداری كردووە، ئەو هونەرمەندە مەغریبییە لە دیمانەیەكدا بەم جۆرە وەڵای پرسیارەكان دەداتەوە.

* لە سینەمای مەغریبیدا پەیوەندیی نێوان سینەماكاران خۆیان و جەماوەری سینەما لە چ ئاستێكدایە؟
– لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرە مەغریبییەكاندا هەیە، هەر ئەمەشە بووەتە هۆی ئەوەی بتوانین پەیامی سینەمای مەغریبی بەشێوەیەكی باش و راشكاوانە بگەیەنین و تێیدا سەركەوتوو بین، لە زۆربەی فیلمە مەغریبییەكاندا بەرهەمهێنەر و دەرهێنەران توانیویانە لە رێگەی پێشكەشكردنی ئەو بابەتانەی كە لە جەماوەرەوە نزیكن، كۆنتاكێكی بەهێز لەگەڵ جەماوەردا درووست بكەن، بۆیە دەتوانم بڵێم سینەمای مەغریبی توانیویەتی رەنگدانەوەی كۆمەڵگەی مەغریبی و ئێش و ئازارەكانی بێت. بەداخەوە زۆر جار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبیستین كە ململانێی توند لە نێوان خودی هونەرمەنداندا هەیە، یان پڕوپاگەندەی سەیر دژی هونەرمەندان بڵاو دەكرێتەوە، بێگومان ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما ئەخلاقییانەیە كە پێویستە لە هونەرمەنددا هەبێت.
* زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە كچە ئەكتەرانی مەغریبی بۆ دەركەوتن زیاتر پشت بە ورووژاندن و خۆرووتكردنەوە دەبەستن، نەك بە تواناكانیان، سەبارەت بەم قسەیە رات چییە؟
– ئەمە زۆر دوورە لە راستییەوە، چونكە سینەمای مەغریبی سنووری نەبەزاندووە و پشت بە جورئەت و ورووژاندن نابەستێت بۆ راكێشانی سەرنجی جەماوەر، ئەمە زیاتر پڕوپاگەندەیە و دەخرێتە پاڵ سینەمای مەغریبی، چونكە دەرهێنەری مەغریبی رێزی جەماوەری خۆی دەگرێت، سەرەڕای ئەوەش نكۆڵی لەوە ناكەین كە هەندێك فیلم كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، چەند دیمەنێكی ورووژاندنیان بەكارهێناوە، بەڵام ئەوش لە چوارچێوەیەكی جیا و لە دەرەوەی سیناریۆی فیلمەكەن، من وای دەبینم سینەمای مەغریبی هێشتا پارێزگارە بە پێچەوانەی ئەوەی لە فیلمە عەرەبییەكاندا دەیبینین.
* لە نواندندا هێڵی سوورت هەیە؟
– بێگومان، هەر ئەكتەرێكی ئافرەت هێڵی سووری هەیە، كە ناتوانێت بیانبەزێنێت، بەڵام من دژی ئەو رۆڵانە نیم كە جۆرێك لە جورئەتیان تێدایە، بەو مەرجە تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشان و وروژاندن نەبن، بۆیە پێشتر سیناریۆكان دەخوێنمەوە و لێیان ورد دەبمەوە، ئینجا بڕیار دەدەم، زۆر جاریش رۆڵ هەبووە لەبەر ئەم بابەتە رەتم كردۆتەوە.
* دەتوانیت پێمان بڵێیت كە سینەمای مەغریبی چ تایبەتمەندییەكی هەیە كە لە سینەمای دیكەی عەرەبی جیای بكاتەوە؟
– لەو بڕوایەدا نیم كە سینەمای مەغریبی هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكەی عەرەبی هەبێت، كە شایەنی باسكردن بێت، زۆربەی كارە هونەرییە عەرەبییەكان هاوشێوەن، یان جۆرە نزیكبوونەوەیەك لە نێوانیاندا هەیە، تائێستا هونەری عەرەبی بە گشتی لە نێو خۆیاندا ركابەرێتی دەكەن و هیچمان نەگەیشتووینەتە ئاستی جیهانی، بە شێوەیەكی گشتی جیاوازیی سینەمای مەغریبی و عەرەبی تەنیا لە شێوەزارەكەدایە.
* لە ئێستادا گرنگییەكی زۆر بە كورتە فیلم دەدرێت، رای ئێوە سەبارەت بە كورتە فیلم چییە؟
– زۆربەی ئەكتەرە سینەماییە ناودارەكان، بەتایبەتی لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكاندا لە كورتەفیلمدا دەستیان بە كاری نواندن كردووە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پێشخستنی ئەكتەر، چونكە كورتەفیلم مەشقێكی گەورە و بەسوودە بۆ ئەنجامدانی فیلمی درێژ، بە هۆی ئەزموونی خۆمەوە لە كاركردن لە هەردوو جۆری فیلمدا، دەتوانم بڵێم كورتەفیلمی باش و سەركەوتوو رۆڵێكی گرنگ و سەرەكیی لە بەرهەمهێنانی فیلمی درێژدا هەیە.
* ساڵانە فیلمە كوردییەكان بەشداری لە فیستیڤاڵە سینەماییەكانی مەغریبدا دەكەن، بەڵام هونەرمەندانی مەغریب وەك پێویست ئاشنایەتییان بە فیلمە كوردییەكان نییە، رای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
– بەداخەوە زانیارییەكی زۆرم نییە، بەڵام پێموایە لە زۆر رووە سیناریۆی فیلمە كوردییەكان لە فیلمە مەغریبییەكان نزیكن، كە رەنگدانەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی كۆمەڵگەی كوردین، هەر ئەو فیلمانەش هانیاندام كە لە بارەی مێژووی كوردەوە بخوێنمەوە و زانیاریی زیاتر پەیدا بكەم.
* ئایا سینەمای میسری كاریگەریی لەسەر سینەمای مەغریبی هەیە؟
– من یەكێكم لەوانەی لە نزیكەوە سەیری فیلمە میسرییەكان دەكەم، بە رای من هەندێك لە فیلمەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، لە هەموو روویەكەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو عەرەبەكان كاریگەریی فیلمە میسرییەكانیان بەسەرەوەبێت، چونكە وڵاتانی دیكەش خاوەن كولتوور و هونەری تایبەتی خۆیانن و هەر یەكەیان جیاوازی و تایبەتمەندێتیی خۆیان هەیە.
* لە جیهان بە گشتی بینەری سینەما رووی لە كەم بوونە كردووە، ئێوە هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
– منیش سەرسامم بەم كارە كە خەریكە دەبێتە دیاردە، نازانم جەماوەر بۆچی پشتی لە سینەما كردووە، چونكە جەماوەری مەغریبی بەوە ناسراوە كە تینووی سینەمایە، هیوادارم سینەمای مەغریبی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی و جەماوەر وەك جاران هۆڵەكانی سینەما بكەنەوە و سینەماش وەكو جاران پاڵەوانە جیهانییەكان بەرهەم بهێننەوە.
* ئایا دەبێت چی بكرێت بۆئەوەی جەماوەر لەگەڵ سینەما ئاشت بكرێتەوە؟
– بێسەروبەریی هۆڵەكانی سینەما و گرنگی نەدانی حكومەت و كەرتی تایبەت بە بواری سینەما و سینەماكاران و پێشكەشنەكردنی ئەو فیلمانەی كە لە ئاستی خواستی جەماوەرن، پێویستە چاكسازییا تێدا بكرێت، چونكە ئێستا جەماوەر زۆر لەو فیلمانە زیرەكترە كە پێشكەش دەكرێن، رەنگە ئەمانە هۆكاری سەرەكیی دووركەوتنەوەی جەماوەر بن لە سینەما.

بەپەلە

بزووتنەوەى گۆڕان جارێکى تر لەگەڵ یەکێتى هاوپەییمانى ناکەین لیژنه‌ی‌ ئاشته‌وایی گۆڕان، له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *