نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / دەستوور، كتێـبی پیــرۆزی گەل و نەتــەوەیە نەك چەرەزاتی كاتیـی فراكسیۆنـەكانی پــارلـەمان!!

دەستوور، كتێـبی پیــرۆزی گەل و نەتــەوەیە نەك چەرەزاتی كاتیـی فراكسیۆنـەكانی پــارلـەمان!!


ژۆزێف دو مێستــری سیاسەتمەداری فەرەنسایـی (1753 ــ 1821) لەمەڕ دەستوور دەڵێت:
“ئەو دەستورەی كە لەپێناو هەموو نەتەوەكاندا نووسراوە لە ڕاستییدا بۆ كەسیان نەنووسراوە.”
*
بەڵـێ‌ دەستوور كتێبی پيــرۆزی نەتەوە و گەل و وڵاتـانى سەروەرە! لــێ‌ ئێمە، وەك نەتەوەی كورد، لە كـــەم بەختــــی خۆمان، بۆ یەك جاریش لە مێژووماندا، بواری ئەوەمان نەبووە كە ئازادانە، كە كەرامەت پارێزراوانە، دەستووری خۆمان پەسەند بكەین! دەرەنجام، هەمیشـە لە سایـەی دەستووری نەتەوەكانی دیكـــەدا و، بۆ شكۆداریی دەستووری ئەوان، ژیـــاویـــن!
بە بڕوای ئازادانەی من، تەواوی ئازادیـــیە سیاســـییە دەستووریــیەكانی كوردستان، لە ڕابووردوودا تا ئەمڕۆ، جا ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماریشی بۆ تاكی كورد ڕەخساندبێت، نەك خودان ئازاديی خاوەن سەروەریی نەبوون بەڵكو خودان ئازادیی كاتیی بوون لەپێنــاو ملكەچیی بەردەوامـــدا!
ئەگەر یەك لە فاكتــەرە خوڵقێنەرەكانی ئەو دۆخـە داگیركاریی سیاسـیی بووبێت فاكتەرێكی دیكەی سەرەكیی (ژینگەی كولتوریی و كۆمەڵایەتیی خۆمان و هزری خۆمان) بووە!
ئێمە توانیومانە، كە لە ڕێگای چەك و چیاوە ببین بە خاوەن پێشمەرگە و فەرماندەی دلێــر و كادیر و سەركردەی زۆر باش، ئێمە لە ڕێگای قوتابخانـە و زانكۆوە توانیومانە كە ببین بە خاوەن (پزیشك، مامۆستا، هونەرمەند، مەلا، ئەندازیار، … هتد)ی كارامە، بەڵام، سەربای بوونی یاساناسی زۆر باشیش، كەچی هێشتا نەمانتوانیوە ببین بە خاوەن كولتوری یاســایی، هەربۆیە پرسی دەستوور، هێــندەی پرســە لاوەكییە حزبییەكانیش مایــەی بایـەخی گشتیی و سياســيى نەبووە!
*
بەڕێز نەوشیروان مسـتەفا، لە بیرەوەری دانوستاندنــەكانی ساڵی 1991ی بەرەی كوردستانیی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا، ڕاشكاوانە، كەم تا زۆر، بەم شێوەیە دەنووسێت و دەڵێت:
“كاتێك كە هاتینە سەر باسی وردەكارییــەكان و پێكهێنانی لیژنە تایبەتییەكان پێویستمان بە پسپۆڕی بواری (یاسای دەستوریی) هەبوو، كەسمان نەبوو، ناچار ڕوومان لە د. مكرم تاڵەبانی نا بۆ ئەوەی ئامۆژگارییمان بكات!!!”

لەبیرمان نەچێت كە، مكرم تاڵەبانی، مووچەخۆری ڕژێم بوو، وەك ڕاوێژكاری تایبەتی خودی سەدام حسێن، كاری دەكرد!!
*
زۆر سەركردەی كورد، لە ئەوروپایش، هێندەی هانی لاوی كوردیان دەدا كە ببن بە قاچاغچی، بە چەقۆوەشێن، بە جنێوباز، هێندە هاندەر نەبوون بۆ خۆپێگەیاندنی ئەكادیمیــــیانەی یاسایــیان!
ئیــدی، بــا ڤیكتۆر هیــوگۆی مەزن دوو سەد ساڵ لەمەوبەر وتبێــتی:
“دەستوورێك، كە لە سەدەی نۆزدەدا، هێشتا دەقی یاسایی تایبەت بە سزای لەسێدارەدان لەخۆبگرێت، شایانی كۆمارێكی شكۆدار نیە!”
ئێمە، دوو سەد ساڵ دواتــر، لەبەر پرسی لەسێدارەدان نــــــــــــا، بەڵكو لەبەر ژاوەژاوی حزبییانەی بێ‌ سەنگ، هێشتا ناتوانیــن كە تەنانەت پرسی دەستوور، بە شایستەیی و ئاكارپاكییەوە، بكەین بە تەوەری گفتوگۆیەكی دیمۆكراسییانەی پارلەمانیــی و سیاسـیی!
*
لە دیدارە هزریـــیە دڵنشینەكانی ساڵـی 1993ی دەربەندیخانی شیرینەوە تا ئەمڕۆ، ڕاشكاوانە دەڵێم كە (بە فیڕۆدانی هەر رۆژێك كە تیایدا پرسی دەستوورێكی دیمۆكراسی بۆ گەلی كوردستان نەكرێت بە پرسێكی شكۆداری كۆمەڵایەتی و سیاسـیی بەفیڕۆدانی پیــرۆزیی خەباتی سیاسیــی و دەستهەڵگرتنە لە دەرفەتــە كاتییــەكانی ئایندە)!
بە ئەدەبـــەوە، بە ڕێزەوە، بە سینەسافیــیەوە دەیشڵێم كە:
“لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەرەی كوردستانی و ئاشتبوونەوەی گشتییدا لە ساڵـی 1987 دەبوو سەركردەی كورد، میهرەبانانەتر، دوورئەندێشانەتر، سەركێشانەتر، واقیعبینانـــەتر، بیری لە پرۆژەی دەستوورێكی دیمۆكراسیـی بۆ گەلی كوردستانـــ(ـی ئێـراق) بكردایـەتەوە و (پەسەندی بكردایـە)!
ئەو دەستوورەی ئەو دەمە، بۆ ئەمڕۆ دەبوو بە سامان، بە كتێبی پیرۆز، بە ڕێبـــەری سیاســیی!
*
من خۆشباوەڕ و ساویلكە نیم.
دەزانم لە سەردەمێكدا كە دۆخی مادیی و سیاسـیی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرز و بەهێزدا بوو، لەبەر كینەی حزبی و ڕقـی كەسێنیی خۆكووژ نەمانتوانی بێت پرۆژەیەكی شایستە بۆ دەستوورێكی دیمۆكراسـیی پەسەندبكەین، ئەمڕۆ، لە سەردەمی ئابڵووقـــەی سیاسـیی و ئابووریی سەر كوردستان و، لە ڕۆژگاری (شكستباری) دوای 16ی ئۆكتۆبـەری ڕەشدا، كاركردن بۆ ئەم پرســە فــرە ئاستەمترە !!
من خەوبیــن و ناواقیعیــی نیـم!!
لــێ‌ دەیشزانم كە خستنەوە پشت كەنووی ئەم پرسـە هەستیار و نەتەوەیی و نیشتمانیـــیە زیانـی ستراتیــژیی بۆ گەلی كوردستان دەبێـت و، لە ئایندەی كەم ڕوونـــدا، بە ئاسانی قەرەبووی ئەو زیانانە ناكرێنــەوە!
چــۆن گومانم نیــە كە پارلــەمانتار(ى بە پيشە یاساهـۆنــەر) كەسێكی (بۆرژوا)یــە و، كەسێكە كە لە ئارامیی و هێورییدا بیردەكاتەوە و، دوور لە هەڵچوونی دەروونیی و حزبیی و سیاسـیی و خێڵــەكیی گفتوگۆدەكات و، بە بێلافییـەوە هزری یاسایـی خۆی دەردەبڕێت ئاوایش دڵــنیام كە سیـاسـەتكارانی بەڕێزی وڵاتی من و، ڕاوێــژكارانی سیاسـیی وڵاتی شیرینی من، لە پرسـی پرۆژەی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستاندا، دەبێت وەك پارلەمانتار (بۆرژوا) و پشوودرێژ بن لە بیركردنەوەدا و، وەك شۆڕشگێــڕيش (یاخـی و مووزبر بن) لە بڕیـــارداندا!
ئەگــەر لە كولتوری یاسایـی و ئەزموونی پارلەمانییدا پرۆژەی (یاسا داڕشتن)ی شۆڕشگێڕانە (یان خۆینگەرمانە) لێكەوتـــەی نەرێنیی و مەترسیدارانەی زیاتریان هەبێت، لە كولتوری سیاسـییدا هەند وەرنــــەگرتن لە مەزنیی پرۆژەی دەستووری دیمۆكراسـیی مەترسیــی بۆ سـەر ماف و ڕەوایـــیە نەتەوەییەكان جێگیرتر و زيادتــر دەكەن!!
*
سۆز، لە یاساهـــۆنینــدا، سۆز لە هزرسازیی سیاسيــدا، چەك و كەرەستەی كەسانی ئایدیالیست و پێنەگەیشتووە!
مەزنیـی پێشمەرگــەی دوای كارەساتەكان لەوەدابوو كە لە نــــەبوون بوونیــــان ڕەنێودەهێــنا! كە بە گیرفانی بەتاڵ و، بە سكی برسی و، لەناو قووڵایی ترس و تۆقین و كێڵگەی میندا، ئومێــدی خۆشگوزەرانی و شكۆمەندیی و ئاوەدانی و تەناهییان لە دڵی هاونیشتمانییـــاندا دەچەسپاند!
ئەوان بە مەچەكی هزر و، بە بازووی نیشتمانپــەروەرییەوە ڕۆژگاری شيرينى ژیانی خــۆيان دەبەخشی بە شەوگاری تاڵی ژێردەستەیی گەلی خۆیان!

لە سەردەمی تاریكیی و تەنگژە و بێ‌ ئومێدییدا سیاسـەتمەداری ڕاستەقینە دەردەكەوێت! سیاسەتمەداری ڕاستەقینە، هەمیشـە ئارگیومێنتی شایستە دەدۆزێتەوە بۆ هۆنینەوەی ئومێد و بەخشینەوەی متمانە!
*
من ئومێـدم زۆرە كە هەردوو كابینەی (سەرۆكایـەتی هەرێم) و (حوكومەتی كوردستان)، سەرباری هەندێك لاوازیی گوتارسازیی و كۆمیونیكەیشنی كەسێنی، لــێ‌ ئەم ئابڵوقــە فرە ڕەهەند و فرە لایەنانەی سەر هەرێم تێدەپەڕێنن و، ئارامیی زیاتر و ئاوەدانی باشتر و دادپەروەریی بەرجەستەتر، بۆ گەلی كوردستان، فەراهەم دەكەن!
*
بـــا، لەم رۆژگاری چەواشـەكاریـــیە سیاســـییە بەرفراوانــەی كوردستانماندا، پــرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بكــەین بە (مــــــەرج)، بە مـــەرجـــــی سەرەكیـی، بۆ داڕشتنــەوەی شەرەفنامەی دیمۆكراسـی بۆ حزبایـەتیكردن و بۆ (ئاساییــكردنـەوەی پەیوەندیە حزبیــیەكانی ناو هەرێمی كوردستان). پەسەندكردنـی پرۆژەی (دەستوری دیمۆكراسـی گەلی كوردستان)، چ بە ڕێــفێــراندۆمێكی ئازاد چ بە پرۆژیەكی پارلەمانیـی، گارانتیــە بۆ خاوەندارێـتی جیۆگرافیای نیشتمانیـــمان و بۆ بەهێزبوونەوەی دەنگ و پێگـەی گەلی كوردستان لە مێژووی ئایندەدا!
*
دەستوور و پرۆژە یاساییەكەی، كتێـبی پیــرۆزی گەل و نەتــەوەن،
نەك چەكی مانۆڕی بێ‌ سەنگی كەسێنیی و چەرەزاتی كاتیـی و حزبیی ئەم يان ئەو فراكسیۆنی پــارلـەمانيى!!
*
بەڵـی بەڵـێ‌ بەڵـێ‌ بۆ پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان

***********************************
ئەم نووسینە، هاوارنامەیەكی كۆنی هێــشتا تازەی كەسێنیـــە و، تەنیا من لێی بەرپرسیارم تكایە!
10ى حوزەيرانى 2020

بەپەلە

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *