نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعییەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینییانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتییەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكییانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكانی كرد كە بە پەرۆشییەوە هاتوونەتە سەر هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینییەكانی پارتیان وەرگرتووە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوە دا كە ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.

سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات.

ڕاشیگەیاند كە هەم یەكێتیی ئەوروپا و هەمیش نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتییانە و سەركەوتوو نابێت.

بەپەلە

زیاتر لە 85 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ كرا

لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، بەشێك لە …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *