وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی گۆرانییە نوێیەکەی کۆمسای کارێکی نەشیاوی دور لە نەریتی گشتییە و هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان، پەخشکردنی لەسەرجەم میدیاکان قەدەغە دەکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، هەر میدیایەک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتە بەر.
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتوە،”لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەگوێرەی مادەی سێیەمی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2014 ، بڕیاردراوە بە راگرتنی پەخشکردنی گۆرانییە نوێیەکەی گۆرانیبێژ کۆمسای بەناوی(slaw bitch) لەسەرجەم میدیا بیستراو و بیندراوەکان “.
هەر لە نوسراوەکەدا هاتوە،” گۆرانییەکە کارێکی زۆر نەشیاوی دور لە نەریتی گشتییە، لەروی دەق و هونەری میوزیک و میلۆدیەوە لاوازە و هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و بێڕێزیکردن بە ئاین و دابونەریتی کوردی”.