حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گرنگیدان به ژێرخانی ئابووری و گه‌شتوگوزار و بازرگانی، چه‌ندان پڕۆژه‌ی گرنگ بۆ هه‌ڵه‌بجه و شاره‌دێیه‌كانی ئه‌و سنووره خستووه‌ته واری جێبه‌جێكردن.
كاوه عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، ڕاگه‌یاند، بودجه‌ی ڕێ و پردی تووه‌قووت به فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له هه‌شت ملیار و 450 ملیۆن بۆ 27 ملیار و 681 ملیۆن دینار زیاتر كراوه.
روونیشی كرده‌وه كه ڕێی پردی تووه‌قووت 27 كیلۆمه‌تره، له ڕووی گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ و بازرگانی، مه‌وادی بیناسازی له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بۆ گه‌رمیان زۆر گرنگه، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌و ڕێیه، كاڵای پارێزگای كرماشان به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و پارێزگاكانی عێراق و گه‌رمیان نزیكترین ڕێ ده‌بێت.
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه گوتی، بۆ ساڵی 2022 زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانمان ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن، پڕۆژه‌كانی ساڵی 2021 كه ئێسته ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی 10 پڕۆژه‌ن به گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و 500 ملیۆن دینار.