ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بەپەلە درا و لەجێی خۆیدا نەبوو و کاریگەریی خراپی بەسەر کۆی دۆخی عێراقدا دەبێت، بۆیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەو کێشەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدادا چارەسەر بکرێت.
دکتۆر بێوار خنسی، ڕایگەیاندووە: ”بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی کوردستانەوە لەجێگای خۆی نەبوو و زۆر پەلەی پێوە دیار بوو و لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا ئەو بڕیارە درا کە ئەوەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کۆی دۆخی عێراق و پەیوەندیی سیاسی و پەیوەندیی نێوان حیزبەکان، لە کاتێکدا کە سەرۆککۆمار ھەڵنەبژێردراوە و حکوومەتی نوێ پێک نەهاتووە و دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ دانەنراوە.
دکتۆر بێوار خنسی دەڵێ: ”ناکرێت دادگا ئەو یاسایە هەڵوەشێنێتەوە کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردووە، بۆیە پێش دوو ڕۆژە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی کرا و داوا لە حکوومەتی عێراق کرا کە دەرگای گفتوگۆ بکرێتەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن.
خنسی باسی لەوەش کرد: ”داھاتی ھەموو عێراق لەسەر نەوت و غازە ناکرێت بە ئاسانی دادگا بڕیار بدات بەو شێوەیە کە کاریگەریی خراپی دەبێت، بۆیە ھەرێم ئامادەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەپێی دەستوور چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.