سەرەتا / کوردستان / مه‌سرور بارزانی: سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان توانیمان خۆڕاگر بین

مه‌سرور بارزانی: سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان توانیمان خۆڕاگر بین

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی “مع جیزال” له‌ كه‌ناڵی “سكای نیوز عه‌ره‌بی” رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هه‌موو قه‌یرانه‌كان توانیمان خۆڕاگر بین و هه‌نگاو بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن و بووژاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی بنێین.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو، گوتی: “وه‌ك ده‌زانیت، هه‌موو ئیداره‌یه‌ك چوار ساڵ كار ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ هه‌ڵبژاردن، به‌و هیوایه‌ی له‌و چوارساڵه‌دا هه‌ندێك پێشكه‌وتن له‌ بواری گه‌شه‌سه‌ندنی ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت له‌پاڵ دابینكردنی ئاسایش و گه‌شه‌ی ئابووری، به‌داخه‌وه‌ له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربوونمان ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا و نرخی نه‌وت دابه‌زی، په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌غدا باش نه‌بوون، داهات كه‌مبوویه‌وه”‌.

گوتیشی: “سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ستمان به‌ چاكسازی كرد و توانیمان خۆ رابگرین، ته‌نیا ئه‌وه‌ش نه‌بوو، توانیمان ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ و ره‌وشی كوردستان له‌ رووی ئابووری و ئه‌منییه‌وه‌ پێش بخه‌ین. ئێستا له‌ نیوه‌ی رێگه‌داین و هیوادارین له‌ ئاستێكی باشدا بین. هیواخوازین كوردستان له‌سه‌ر رێگه‌ی راست بێت و به‌ره‌و پێشكه‌وتنی زیاتر هه‌نگاو بنێین”.

په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداوه‌ گوتی: “به‌ سرووشتی حاڵ په‌یوه‌ندییه‌كان باشبوونه‌، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كانی نێوانمان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌بوون، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ حكومه‌تی به‌غدا هیچ پاره‌یه‌كی بۆ كوردستان نه‌ناردووه‌، كوردستان پێویست بوو، قه‌رز له‌ بازرگانانی نه‌وت و خه‌ڵكی خۆمان و ته‌نانه‌ت بانكی ناوه‌ندی عێراقیی بكات، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزێكی چه‌ند ملیار دۆلاری و ئه‌و قه‌رزانه‌ به‌ میرات بۆمان مانه‌وه‌ و ئێمه‌ش رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كانی كۆرۆنا و په‌ككه‌وتنی بازرگانی و داڕمانی نرخی نه‌وت بووینه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانین هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و پێشكه‌وتن بنێین و توانیمان خۆڕاگر بین و ئه‌ركی خۆمان له‌ پێدانی مووچه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین”.

گوتیشی: “كارمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان پله‌ به‌ پله‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاك بكه‌ین. په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی هه‌یه‌ و ئێمه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ باشتر و به‌هێزتر بكه‌ین”.

گه‌نده‌ڵی

له‌ باره‌ی پرسی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: بانگه‌شه‌كان جیاوازن له‌ واقیع، ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانوتووه‌، گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا نییه‌، به‌ڵام ئاستی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی هه‌یه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌یه‌. هه‌وڵی بنبڕكردنیمان داوه‌ و ئه‌وه‌ له‌ پێشینه‌ی ئه‌ركه‌كانمانه‌. ئاستی گه‌نده‌ڵی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه‌، به‌ڵام كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌ بۆ زۆرینه‌ی وڵاتان راسته‌، به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ كوردستان له‌ ره‌وشێكی زۆر باشتردایه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ره‌وشی هه‌ندێك وڵاتی ده‌رودراوسێ باشتره‌.

كۆچبه‌ران

له‌ باره‌ی كۆچی هاووڵاتیانیشه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: به‌ وردی و چڕی چاودێری ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین. له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی فیدراڵی به‌غدا قسه‌م كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌و دوو پرسه‌ دوولایه‌نی هه‌یه‌: یه‌كه‌میان: لایه‌نه‌ مرۆییه‌كه‌یه‌تی، دووه‌میان: لایه‌نی سیاسیی ئه‌و پرسه‌یه‌”.

گوتیشی: “به‌و په‌ڕی متمانه‌وه‌ ده‌ڵێم، هیچ كه‌سێك له‌و كۆچبه‌رانه‌ به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی و فشاری جۆراوجۆره‌وه‌ نه‌ڕۆیشتوونه‌ته‌ بێلاڕووس، ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌زاران دۆلاریان داوه‌ته‌ قاچاخچیان و بازرگانانی سیاسی و چوونه‌ته‌ بێلاڕووس و له‌وێ به‌كارده‌هێنرێن وه‌ك كارتی ململانێ دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌و كه‌سانه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی ژیانێكی باشتردا رۆیشتوون، نه‌ك له‌به‌ر بێكاری و ئه‌و بانگه‌شانه‌ی كه‌ هیچ كات به‌ راست ناگه‌ڕێن، هیچ كات به‌ هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ نه‌بووه”.

مه‌سرور بارزانی، روونیكرده‌وه‌، خه‌ڵكی بیانی بۆ كاركردن دێنه‌ كوردستان و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: “ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ زیاتر روون بكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك په‌نابه‌ر و ئاواره‌مان له‌ خۆ گرتووه‌ و بۆ ئاسایش و هه‌لی كار و سه‌قامگیری روویان له‌ هه‌رێم كردووه‌ و هه‌زاران كه‌س له‌ ئاسیا و توركیا و ئێران و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ كوردستان و كار ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ی چوونه‌ته‌ بێلاڕووس له‌به‌ر بێكاری نه‌چوون، چونكه‌ هه‌زاران كه‌س له‌به‌ر كاركردن هاتوونه‌ته‌ كوردستان، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قاچاخچیان و بازرگانانی سیاسی ئه‌و كه‌سانه‌یان فریو داوه‌ و ره‌وانه‌ی بێلاڕووسیان كردوون بۆ مه‌به‌ستی سیاسی”.

گوتیشی: “من وه‌ك خۆم زۆر نیگه‌رانم له‌ ره‌وشی ژیانیان و ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بكه‌ین. ئێستا به‌ سه‌دانیان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشوازییان لێكراوه”‌.

هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ر

مه‌سرور بارزانی، روونیكرده‌وه‌، هۆكاری كه‌می به‌شداری هاووڵاتیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گوتی: خه‌ڵك ده‌نگی دا، به‌ هۆی زۆر پرسه‌وه‌ رێژه‌ی به‌شداری زۆر نه‌بوو، به‌شێك له‌ كێشه‌كان ته‌كنیكی بوو، زۆرێك بێهیوابوون له‌ ده‌نگدان، كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌ پشت نزمی ئاستی به‌شدارییه‌وه‌ بوون، پرسێكی دیكه‌ی گرنگ هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان زۆر بووه‌ مه‌رج نییه‌ كورسییان زۆر بووبێت، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سیستمه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ هه‌بوو، عێراق یه‌ك بازنه‌ نه‌بوو، فره‌ بازنه‌ بوو، ئه‌و حزبانه‌ی رێكخستنی وردیان نه‌بوو، به‌ پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ نه‌یانتوانی كورسی پێویست بهێنن، به‌ڵام ئه‌و حزبانه‌ی رێكخستنی به‌هێزیان هه‌بوو، كورسی زۆریان به‌ده‌ستهێنا، ئێمه‌ هیواخوازین هه‌موو لایه‌ك رێز له‌ ئه‌نجامه‌كان بگرن، له‌ كۆتاییشدا، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌موو چوار ساڵ جارێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌”.

میلیشیاكان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌

له‌ باره‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی پرۆسه‌كه و هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیران،مسته‌فا كازمی، ‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: “سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به‌و په‌لاماره‌ی كرایه‌ سه‌ر ماڵی سه‌رۆك وه‌زیران،  پێویسته‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین، ئێمه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌مان كرد و پشتیوانیمان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی، ئه‌ركه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی ئه‌و تاوانه‌ بكرێت، تا ئێستا به‌ ره‌سمی ناوی كه‌س نه‌هێنراوه‌ و ناوی هیچ لایه‌نێك نه‌براوه‌ و نازانرێت به‌ وردی كێ به‌رپرسه‌ له‌و تاوانه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌و كات هه‌مووان قسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن”.

گوتیشی: “ئه‌وانه‌ی دژی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنن و داوای دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، عێراق به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و هیوادارین ئه‌وانه‌ی له‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ رێز له‌ ئه‌نجامی كۆتایی بگرن، به‌ ئامانجی پێكه‌وه‌ كاركردن و هیچ رێگه‌یه‌كیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رازیبین به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی”.

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

له‌ باره‌ی بوونی كاندیدێكی دیكه‌ی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: “پۆسته‌كه‌ پشكی كورده‌ و هێشتا بڕیار له‌ باره‌ی نه‌دراوه‌، تا ئێستا هیچ ناوێك یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌. وه‌ك نه‌ریتێك شیعه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سوننه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و كورد سه‌رۆكی كۆمار ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، بزانین پاڵێوراوی شیعه‌ كێیه‌ و هیوادارین كه‌سێكی په‌سندكراوی هه‌موو لایه‌ك بێت”.

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و واشنتن

مه‌سرور بارزانی، له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكاوه‌ گوتی: “په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌”.

گوتیشی: “ناتوانم له‌ جیاتی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان قسه‌ بكه‌م، ئه‌وان ده‌توانن له‌ بری خۆیان قسه‌ بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك دۆست و هاوپه‌یمان ده‌ستوه‌ردانیان له‌ عێراق كرد و یارمه‌تیان داین له‌ رووخانی رژێمی به‌عس له‌ 2003 و هاوكار بوون له‌ شه‌ڕی دژی داعش و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ سایه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا رووبه‌ڕووی عێراق بوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ردوو بواری ئابووری و ئه‌منی كه‌ عێراق ناتوانێت به‌ ته‌نیا رووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌، پێویستیی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هاوكار بن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و یارمه‌تیدانی له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌، هیوادارین بمێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی وڵاته‌كه‌ ده‌گاته‌ ئاستێكی باشتر”.

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: په‌یوه‌ندییه‌كی سرووشتیمان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا هه‌یه‌. په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واو سرووشتییه‌.

له‌ باره‌ی ئیسرائیلیشه‌وه‌ گوتی: “ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كرابوو له‌ هه‌ولێر به‌ بێ ئاگاداری پێشوه‌خته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بوو، ره‌نگه‌ پێشتر ئامانجی جیاواز بووبێت و ناونیشانی كۆنگره‌كه‌ جیاواز بوو، په‌یوه‌ست بوو به‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراقه‌وه‌، دواتر به‌شداربووانی كۆنگره‌كه‌ ئاراسته‌یان گۆڕی بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ پشتیوانی ناكه‌ین، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ رێكخستن و به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌كه‌ نه‌بووه‌”.

سلێمانی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌ له‌ ناویشیاندا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هاوبه‌شی سه‌ره‌كییه‌ له‌ حكومه‌تدا و وه‌زیری هه‌ن و له‌م سه‌ردانه‌شدا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ یاوه‌رمه‌ و ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستانه‌ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زۆر باشه‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌”. گوتیشی: “هیچ گرژییه‌ك له‌ نێوان ئێمه‌ و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا نییه‌”.

ئاواره‌ و په‌نابه‌ران

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا له‌ باره‌ی كوردانی رۆژئاوا، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: “ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری و ئه‌منی عێراق تێكبچێت كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئه‌گه‌ر ره‌وشی ئابووری عێراق باش بێت، كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت. ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێكین له‌ عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كان ده‌بینه‌وه‌. ره‌وشی ئه‌منی عێراق ناسه‌قامگیر بێت، له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ئاواره‌ روومان تێده‌كه‌ن، ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ی عێراقی و زیاتر له‌ 250 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریامان له‌ خۆ گرتووه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی زۆری بۆ درووست كردووین، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پشتیوانییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كراوین و حكومه‌تی به‌غدا هاوكاری نه‌كردووین. ئێمه‌ نازانین بۆ هاوكاری ناكه‌ن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێویستی به‌ هاوكاری زۆر هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌ پێی توانا هاوكاریان ده‌كه‌ین و ده‌رگامان به‌ روویاندا كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی به‌غدا بودجه‌ی بڕین و هیچمان نه‌بوو، ئێمه‌ ده‌رگامان به‌ رووی هاووڵاتیانی ئاواره‌ی عێراق كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیانه‌ن كه‌ رووبه‌ڕوویان بووینه‌ته‌وه‌”.

گوتیشی: “ئاسته‌نگی ئابووری سه‌ره‌كیترین ئاسته‌نگ بووه‌، كه‌ رووبه‌ڕووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ره‌وشی ئابووری باش بێت، خه‌ڵك بیر له‌ توندوتیژی ناكاته‌وه‌ و ژینگه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر ناڕه‌خسێت”.

مه‌ترسی داعش

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و داعشه‌وه‌ گوتی: “داعش له‌ هه‌موو شوێنێكه‌، به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی جێی ناكۆكین، له‌ خۆرئاوای عێراق و له‌ ناوچه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، داعش زه‌وی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام هه‌موو چه‌كداره‌كانی له‌ده‌ست نه‌داوه‌ و توانیویه‌تی خێزانی دیكه‌ و كه‌سانی دیكه‌ ته‌جنید بكات و په‌لاماری هێزه‌ عێراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ش ده‌دات، واته‌ هێشتا ماوه‌”.

داهاتووی عێراق

له‌ باره‌ی روانگه‌ی خۆی بۆ داهاتووی عێراق، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی: “ئێمه‌ پێكگه‌یشتن و گه‌ڕان به‌ دوای پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانمان  ده‌وێت، پێكهاته‌كان به‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن داهاتوویان پرشنگدار بێت، هیچ لایه‌ك نابێت به‌ دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێت لایه‌كی دیكه‌ سه‌ركوت بكات، پێویسته‌ سیاسه‌تی سه‌ركوتكارانه‌ بوه‌ستێت، ئه‌وه‌ش به‌ده‌ست دێت، ئه‌گه‌ر راستگۆ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین و ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ین، پێویسته‌ هه‌ندێكی جێبه‌جێ نه‌كه‌ین و چاوپۆشی له‌ هه‌ندێكی دیكه‌ی بكه‌ین، ده‌بێت هه‌مووی وه‌ك یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت، پێویسته‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین، له‌ عێراق ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستدراوه‌ متمانه‌یه‌، پێویسته‌ متمانه‌ بگێڕینه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانیشمان له‌ دۆسته‌كانی عێراق ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی عێراقییه‌كان بده‌ن له‌ رێی رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری وڵات و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كی چوونیه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی دوولایه‌نه‌یان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌بێت”.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌موو دۆسته‌كانی عێراق، به‌ چاوپۆشی كامه‌یانه‌، ئه‌وه‌ی دۆستی عێراقه‌ پێویسته‌ رێز له‌ ئیراده‌ی عێراقییه‌كان و بڕیاره‌كانی بگرێت و خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ سه‌پاندنی هه‌ر شتێك به‌سه‌ر خه‌ڵكی عێراقدا”.

عێراق و ئێران

له‌ باره‌ی رۆڵی ئێران له‌ عێراقدا، سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: “حكومه‌تێك له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌سه‌ریه‌تی ره‌وشه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێت و بزانێت وڵاتانی دراوسێ چ هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر به‌غدا هه‌یه‌ و چه‌نده‌ په‌سندكراوه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆچوونێكی تایبه‌تمان هه‌یه‌ و ده‌ستوه‌ردانی هیچ وڵاتێكی دراوسێ قبوڵ ناكه‌ین، جا هه‌رچی بێت، ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ هه‌بێت، به‌ڵام هیچ كاتێك رازی نابین وڵاتێكی دراوسێ و بیانی زاڵ بێت و هیوادارین ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غدا جێبه‌جێ بكرێت و كار بكات بۆ چاككردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ده‌ستوه‌ردانی وڵاتان ره‌ت بكاته‌وه‌”.

سامانی عێراق

له‌ باره‌ی سامانی عێراقه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “پێویسته‌ دادگاكان بڕیار له‌ باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ بده‌ن، كه‌ له‌ عێراق هه‌یه‌، هه‌مووان ده‌زانن سامانی عێراق ده‌دزرێت و ئه‌وه‌ دادگایه‌ پێویسته‌ بڕیار بدات، كێیه‌ ئه‌و سامانه‌ ده‌دزێت و رووبه‌ڕووی دادگایان بكاته‌وه‌”.

عێراقیی یان كوردی

له‌و باره‌یه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: “پێشتر ئه‌و پرسیاره‌م ئاراسته‌ كرابوو، گوتم من كوردم و شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌م، له‌ عێراقیش ده‌ژیم”.

روونیشیكرده‌وه‌، “ده‌وڵه‌تی ره‌سمی عێراقه‌، هه‌رێمی كوردستانیش كیانێكی فیدراڵییه‌ له‌ عێراقدا و ئه‌وه‌ واقیعی ئه‌مڕۆمانه‌، ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆییمان نییه‌ له‌ عێراقدا و كیانێكی فیدراڵیمان هه‌یه‌ و پێی ده‌وترێت هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ واقیعه‌كه‌یه‌، مافه‌كان جیاوازن و هه‌مووان مافی خۆیان هه‌یه‌. مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد هاوشێوه‌ی مافی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ ده‌ستی به‌ سه‌ربه‌خۆیی و مافه‌كانی بگات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه‌ واقیعێكمان هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كیانێكی فیدراڵیمان هه‌یه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غداد باشتر بكه‌ین”

بەپەلە

بەفەرمی مەسرور بارزانی: هەموو پڕۆژەکان دەبێ هەلی کار لە %75 بۆ گەنجانی کوردستان بێت

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێنادرێت، ئەگەر بێت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .