کارکردن لە بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر بەردەوامە، شارەوانی هەولێریش ئاماژەی بەوەداوە کە تاوەکوو ئێستا 32%ی کارەکان تەواو بوون.
شارەوانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە: “ئەندازیار عەبدولواحد ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بەشی دووەمی شەقامی مەتری هەولێر پڕۆژەکەی بەسەرکردەووە”.
ئەوەش خراوەتە روو: “دوای تەواو بوونی بەشی یەکەمی پڕۆژەکە و کردنەوەی بەڕووی شۆفێران کارکردن لە بەشی دووەمی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستیپێکرد”.
هەروەها ئاماژە بەوەدراوە کە بەشی دووەمی پڕۆژەکە درێژی 7 کیلۆمەترە کە لە ڕێگەی هەولێر – پیرمام بۆ هەولێر – بەحرکەیە، دوو شەقامی سەرەکی کە پانییەکەی 19,5 مەتر پانە لەگەڵ دوو شەقامی لاوەکی (ٚخدمی) 8 مەتر پان، دوو بەرزە پرد و یوتێرنی ئاراستەگۆڕی تێدایە.
شارەوانی هەولێر روونیشیکردووەتەوە کە کارکردن لە پڕۆژەکە لە بەرواری 30/8/2021 دەستیپێکردووە بڕیارە لە کۆتا مانگی ئەمساڵ تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی خێرا کارکردن پڕۆژەکە پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت، 80% کرێکارانی کار لە پڕۆژەکە دەکەن کرێکاری خۆماڵین.
هەروەها شارەوانی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە کە دوای تەواو بوونی بەشی دووەمی شەقامەکە بەشێوازێکی خێرا کاردەکرێت بۆ تەواوکردنی بەشەکانی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر.