چەکدارانی تاڵیبان لە ویلایەتی بەغلانی ئەفغانستان هونەرمەندێکی گۆرانیبێژیان گولەباران کرد.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی، چەکدارانی تاڵیبان لە ویلایەتی بەغلان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هونەرمەندی گۆرانیبێژ فوئاد ئەندەرابی و دوای ئەوەی لە ماڵەکەی بردوویانەتەدەرەوە گولەبارانیان کردوە.
لای خۆیەوە مەسعود ئەندەرابی وەزیری پێشووی ناوخۆی ئەفغانستان و کوڕێکی ئەو هونەرمەندە هەواڵەکەیان پشتڕاست کردوەتەوە.
سەرکردەکانی تاڵیبان لە ماوەی رابردوودا و دوای دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەفغانستان بەردەوام باسیان لەوە دەکرد کە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و بە شێوەی توندوتیژ و داخراو مامەڵە ناکەن.
سەرباری ئەوەش لە رۆژانی رابردوودا زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاندبوو، هەڵوێستیان بەرامبەر بە مۆسیقا نەگۆڕاوە و لەوانەیە قەدەغەی بکەن، چونکە لە ئایینی ئیسلامدا حەرامە.
لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2001 تاڵیبان مۆسیقای قەدەغەکردبوو، هەر لەو ساڵانەدا بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ هونەرمەندان و ئەو کەسانەشدا کردبوو کە گوێیان لە مۆسیقا و گۆرانی گرتبوو.