
بابه‌كر زێبارى راوێژكارى سەربازیی سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند داعش ئێستا شه‌ڕى پارتیزانى به‌رامبه‌ر سوپاى عێراق ده‌كات، ئه‌وانیش شاره‌زاییان له‌و شه‌ڕه‌دا نییه، بۆیه هیچ ئۆپه‌راسیۆنێكیان به بێ هاوكاریى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، سه‌ركه‌وتوو نابێ.
بابه‌كر زێبارى كە پێشتر سوپاسالاری عێراق بووە، راگه‌یاند “چه‌كدارانى تیرۆریستیى داعش ئێستا شێوازى هێرش و به‌رگرییان به‌رامبه‌ر سوپاى عێراق گۆڕیوه له شه‌ڕى بەرەییەوە بۆ شه‌ڕى پارتیزانى، ئه‌مه‌ش ئه‌ركى هێزەكانی عێراقی قورس كردووه، چونكه هێزه عێراقییه‌كان هیچ شاره‌زاییه‌كیان له شه‌ڕى پارتیزانیدا نییه”.
راشیگه‌یاند “هێزه عێراقییه‌كان له ماوه‌ى مانگی رابردوودا چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكیان دژى چه‌كدارانى داعش ئه‌نجام دا له سنوورى پارێزگاكانى مووسڵ و كه‌ركووك، كه ناوچه كوردستانییهكانیشى گرته‌وه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه به‌بێ به‌شدارى و هه‌ماهه‌نگى پێشمه‌رگه سه‌ركه‌وتوو نابن و ئامانجى ته‌واو ناپێكن، چونكه ئه‌زموون و رابردوو ئه‌مه‌یان سه‌لماندووه”.
زێباری ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو “هێزه‌كانى پێشمه‌رگه شاره‌زایی و ئه‌زموونێكى ته‌واویان له شه‌ڕى پارتیزانیدا هه‌یه، بۆیه گرنگه حكوومه‌تى فیدراڵی بیر له به‌شداریپێكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بكه‌نەوە له پاراستنى ئاسایشی ئه‌و ناوچانه، چونكه داعش ئێستا تواناى گرتنى شار و شارۆچكه‌ى نه‌ماوه، به‌ڵكو سه‌رجه‌م هێرش و په‌لاماره‌كانى به‌شێوه‌ى مه‌فره‌زه‌ى بچووكى پارتیزانى ئه‌نجام ده‌دات”.

























