
بەرپرسێكی بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەدات کە ئەو دینارەی لە ناوخۆدا خەرج دەکرێت، دووبارە دەگەڕێتەوە و دەبێت بە خواست لەسەر کڕینی بۆ كڕبنی دۆلار. دەشڵێت:” ئەرکی بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دراوی ناوخۆییە بەرامبەر دراوە بیانییەکان.”
سمیر فەخری، نوێنەری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: “بابەتی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە،نرخی ئاڵوگۆڕ بۆ عێراق بە گرنگ دادەنرێت، چونکە ئابووریی عێراق لە سروشتی خۆیدا بە ئابوورییەکی خاوەن داهاتی نەوتی دادەنرێت و پشتبەستووە بە داهاتەکانی دۆلار.”
گوتیشی “سەرچاوەکانی داهات لە عێراقدا پشت بە داواکاریی دەرەکی دەبەستن، و گرنگترین هاوکێشە لە ئابووریی عێراقدا بریتییە لە خەرجییەکانی حکوومەت بە دینار، پشت بەستن بە دینار وەک هۆکارێک بۆ خەرجییەکانی حکوومەت بە بزوێنەرێکی سەرەکی دادەنرێت.”
ئەوەشی خستەڕوو کە “ئەرکی بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دراوی ناوخۆییە بەرامبەر دراوە بیانییەکان، ،گەشەکردنی کەرتی تایبەت و بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بەهێز دەکات و داواکاری لەسەر دۆلار کەمدەکاتەوەو بەهای دینار بەرز دەكاتەوە و بەهای دۆلار كەمدەكاتەوە.”
جەختیشی کردەوە کە هەر دینارێک حکوومەت خەرجی دەکات، خواست لەسەر دۆلار دروست دەکات :”هەر دینارێک کە لە بودجەی گشتییەوە خەرج دەکرێت داواکاری لەسەر دۆلار لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دروست دەکات.”
نوێنەرەکەی بانکی ناوەندی هۆشداری دەدات کە ئەو دینارەی لە ناوخۆدا خەرج دەکرێت، دووبارە دەگەڕێتەوە و دەبێت بە خواست لەسەر کڕینی بۆ كڕبنی دۆلار، دەشلێت”70%ی ئەو دینارانەی خەرج دەکرێن بە شێوەی داواکاری لەسەر دۆلار دەگەڕێنەوە، لە کاتێکدا بەشەکەی تری لە نێو یەدەگەکانی بانکی ناوەندیدا کەڵەکە دەبێت.”
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: “یەدەگەکانی بانکی ناوەندی موڵکی دەوڵەتن، و حکوومەت لە بەرامبەر ئەو دینارانەدا ڕاوەستاوە کە لە ڕێگەی میکانیزمی نرخی ئاڵوگۆڕییەوە خەرج کراون.”
دەشڵێت:”ناردنی کەلوپەلی عێراقی بۆ دەرەوە (هەناردەکردن) بە ڕێژەی 98% پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت، لە کاتێکدا داهاتە نەوتییەکان زیاتر لە 93%ی کۆی داهاتە گشتییەکان پێکدەهێنن.”


























