
ەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمان، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکان کرد و داوای کرد، لیژنەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەست بە کارەکانیان بکەن.
باکرهان ئاماژەی بەوە دا، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران تێپەڕیوە و لە چوارچێوەی یاساکەیشدا چوار لیژنەی لاوەکی پێکهێندراون، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیان بە کار نەکردووە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، “لە زمانی کوردیدا قسەیەک هەیە، دەڵێن ‘هەنگاوێک لە هەزار قسە باشترە’. ئێمەش دەمانەوێ بڵێین کە چی دیکە چاوەڕێی قسە ناکەین، بەڵکو چاوەڕێی هەنگاوی کۆنکرێتین.”
لەبارەی (دەستەی هاوئاهەنگی ستراتیژی و چەکدانان)، کە یەکێکە لە لیژنە لاوەکییەکان بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، باکرهان گوتی، گرنگییەکی مێژوویی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەیە و گوتی، “پێویستە ئەم دەستەیە هەرچی زووە بە هاوئاهەنگی بەڕێز ئۆجەلان دەست بە کارەکانی بکات. کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی بوێرانە و جیدی بنێن.”















