
کچێکی تەمەن 15 ساڵ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە گەڕەکی باشاکشەهیری ئیستەنبووڵ و هەشت قوتابی بریندار کرد، کە یەکێکیان ئەم ئێوارەیە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 08:45ــی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6-10-2026 روویدا.
کچەکە کە قوتابی پۆلی 10ی قوتابخانەیەکی دیکەی هەمان گەڕەکە، بە جلوبەرگی قوتابخانەکەی خۆیەوە چووە نێو باڵەخانەکە و بە دوو چەقۆ کە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆی بردبوونی، پەلاماری قوتابییانی دا.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند: “ئەو کچەی هێرشەکەی کردووە، خەڵکی هەمان گەڕەکە و قوتابی قوتابخانەیەکی دیکەیە و بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، پەلاماری قوتابییانی داوە.”
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پۆلیس و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.















