
بۆ یەکەمجار بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن، 25 خوێندکار لەم بەشەدا وەردەگیرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، زانکۆی ئیلام بە فەرمی راگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەکەنەوە. بەپێی زانیارییەکان، لەم قۆناخەدا 25 خوێندکار لە قۆناخی بەکالۆریۆس وەردەگیرێن.
لە دوای زانکۆی کوردستان لە سنە، ئەمە دووەم زانکۆیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بەشی ئەکادیمیی زمان و ئەدەبیاتی کوردی تێدا دەکرێتەوە.
پڕۆگرامی خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بۆ قۆناخی بەکالۆریۆس لە ساڵی 2000 لە زانکۆی کوردستان لە سنە پێشنیاز کرا و لە ساڵی 2003 لەلایەن وەزارەتی زانست و خوێندنی باڵای ئێران پەسند کرا، بەڵام دەستپێکردنی فەرمیی خوێندن لەو بەشە دواکەوت بۆ ساڵی 2014، کە لەو کاتەوە ساڵانە دەیان خوێندکار وەردەگرێت و ئێستاش ئامادەکاری بۆ کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر) لەو بەشەدا دەکرێت.















