هەنگاوەکانی حکومەتی ئێراقی لە جرف الصخر، تەنها هەنگاوێکی ئەمنی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەنین، بەڵکو ڕووداوێکن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر هاوسەنگی سیاسی و شێوازی دەسەڵات لە عێراقدا دابنێن.
دامەزراندنی فەرماندەییەکی هاوبەش، بەشداری سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەروەها گواستنەوەی بەرپرسیاریەتی پاراستنی بۆری نەوت بۆ پۆلیسی وزە، هەموویان بەشێکن لە هەوڵی حکومەت بۆ یەکخستنی بەڕێوەبردنی ئەمنی ناوچەکە.
بەڵام پرسیاری بنەڕەتی لەوەدایە: ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستپێکی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی دەسەڵاتی عێراق، یان تەنها ڕێکخستنەوەیەکی کاتییە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانێکی ئەمنی؟
لە ڕاستیدا، کێشەی جرف الصخر لە سنووری ناوچەیەکدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو پەیوەندی بە پرسیارێکی گەورەترەوە هەیە: لە عێراق کێ خاوەنی بڕیاری کۆتاییە؟ دەوڵەت و دامەزراوەکانی، یان ئەو هێزە سیاسی و چەکدارانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نفووزێکی فراوانیان بەدەست هێناوە؟
ئەگەر حکومەت بتوانێت ئەم پرۆسەیە بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا بەردەوام بکات، دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی دەسەڵات و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ملمڵانێی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی نفووز، ئەوا عێراق لە قەیرانێکی ئەمنییەوە دەچێتە قەیرانێکی قووڵتری سیاسی و دەستووری.
هەروەها نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە چارەسەری جورفولسەخەر تەنها بە کۆنترۆڵکردنی خاک و گۆڕینی هێزەکان تەواو نابێت؛ بەڵکو دەبێت مافی دانیشتووان، گەڕانەوەی ئاوارەکان، دادپەروەری و پاراستنی سەروەری یاساش لەخۆ بگرێت.
لە ئاستێکی فراوانتردا، ئەم ڕووداوە تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئایندەی سیستەمی سیاسی عێراق؛ چونکە ئەگەر بنەمای دەسەڵات لەسەر یاسا و دامەزراوە نەبێت، هەر گۆڕانکارییەکی ئەمنی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی هاوسەنگییەکی نوێی کاتی، بەبێ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات.
جرف الصخر تەنها تاقیکردنەوەی توانای زەیدی نییە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت؛ بەڵکو تاقیکردنەوەی خودی دەوڵەتی عێراقە، کە ئایا دەتوانێت لە سیستەمێکی چەندناوەندیی دەسەڵاتەوە بگاتە دەوڵەتێک کە یاسا، نەک نفووز، چارەنووسی بڕیارەکان دیاری بکات و رێگری وکەم کردنەوەی دەسەڵات ودەست تێوەردانی دەرەکیش تارادەیەک کەم بکاتەوە






























