
وتەبێژی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی رووداوەکانی لالەزار ڕایگەیاند، لە سجن و چاکسازیی گەورانی سلێمانی سەردانی (لاهوور شێخ جەنگی) و (پۆڵاد شێخ جەنگی) برایان کردووە، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی گشتی و باری تەندروستییان.
بەپێی وتەی وتەبێژی پارێزەران، باری تەندروستیی هەردوو دەستگیرکراوەکە باشە و هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە بێبەریین لەو تۆمەتانە.
ئەم سەردانەی تیمی پارێزەران لە کاتێکدایە کە دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار یەکێکە لە دۆسیە گەرمەکانی سەکۆی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان و چاودێران بە گرنگییەوە لە پێشهاتە یاساییەکانی دەڕوانن.



























