
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی
فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە دەربڕی کە ئەم دواییە لە
دامەزراوە دادوەری و میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونەتەوە.
تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی سزادراون، لە هەرێمی
کوردستان و لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە
هیچ بارەگا، ناوەندێکی مەشق یان چالاکیی هەواڵگریی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی
کوردستان بوونی نییە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەستنەوەی هەرێمی
کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە، و تەنیا
ناسەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە
فاکتەرێکی سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە لە عێراق و ناوچەکەدا، و بەپێی
دەستووری عێراق پابەندە بە پرەنسیپی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی. جەختیشی
کردەوە کە ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی
دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق
کرد کە بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ و
ڕێگری لەو پێشێلکاریانە بکات کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێم. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی کرا هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاشتی لە
ناوچەکەدا چڕ بکەنەوە.
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای هەموو فشار و
قوربانییەکان، بەردەوام دەبێت لەسەر حوکمڕانییەکی بەرپرسیارانە و پاراستنی
هاووڵاتییانی خۆی، و پەرەپێدانی پەیوەندییە بیناکەرەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە