
ئەو گوندە کریستیانیشینانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 ئاوەدانی کردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ گەیاندن، بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کراون، پەرلەمانتارێکی ئاشووریش ئاماژە بە ئەوە دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمجارەی تورکیا زیانی گەورەی لە ئابووریی مەسحییەکانی ناوچە سنوورییەکان داوە.
كلاره عودیشو یەعقوب ، پەرلەمانتاری لیستی ئهنجوومهنی گهلی كلدانی سریانی ئاشووری،ڕایگەیاند: “گوندە کریستیانەکان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 ئاوەدانی کردنەوە و خەڵکەکەی دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان کردەوە، کە ژمارەیان لە زاخۆوە تاوەکو سنووری شاری دهۆک لە دەڤەری بەرواری باڵا، 15 گوند دەبێت ئێستا بە تەواوی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و بوونی پەکەکە تیایاندا چۆڵکراون”.
گوتیشی: “لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی بوونی چەکداری پەکەکە لە یەکێک لەو گوندانە کڵێسایەک کەوتووەتە بەر هێرشی تورکیا و زیانی گەورەی بەرکەوتووە و وێران کراوە، ئەوە جگە لە زەوی و خانوو و مەڕوماڵاتی گوندنشینان کە کەوتوونەتە بەر تۆپباران و خاپوور کراون و چۆڵکراون.
ئاماژەی بە ئەوەش دا: “پەکەکە بیانووی داوەتە تورکیا هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانە، لەکاتێکدا شوێنی خەباتی پەکەکە باکووری کوردستانە و ناوچەکانی خۆی بەتەواوی جێهێشتووە و بووەتە هۆکاری وێرانکردن و چۆڵکردنی گوندە کریستیانەکان، داوامان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە بە هانای مەسیحییەکانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان .