ئه‌وه‌ی له‌م دوو سێ رۆژه روویدا جۆرێكی دیكه بوو له دووباره‌كردنه‌وه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌رێكی دیكه. ئه‌مه خه‌ته‌رێكی زۆر گه‌وره و ئیشێكی زۆر خراپه و نابێت كورد له به‌غدا به‌م شێوه‌یه ئیش بكات.
مه‌سعوود حه‌یده‌ر ڕاوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، ڕای گه‌یاند:”ئه‌گه‌ر به‌یانی براده‌رانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كورد نه‌بن، واته دژایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. چونكه ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمه. جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له زۆر شوێن دووپاتیكردووه‌ته‌وه، هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت پێیه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه شتێكی دیكه بێت پێوه‌ی پابه‌ند نابێت.
مه‌سعود حه‌یده‌ر: نهێنییه‌ك هه‌یه ناچارم ئاشكرای بكه‌م، به راشكاوی سه‌ركرده‌كانی شیعه دوێنێ و پێرێ شه‌و پێیان وتم، براده‌رانی یه‌كێتی فه‌رزیان كردووه له‌سه‌ر شیعه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لانه‌به‌ن ئێمه له‌گه‌ڵتان نابین. ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه پارتی ئه‌ندامی نه‌بێت له دادگای ئیتیحادی و ئه‌وان له‌گه‌ڵ دادگای ئیتیحادی رێكبكه‌ون و دوو دادوه‌ر دابنێن و رێكیشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر یاساكه تێپه‌ڕێت، شاره‌زای شه‌ریعه‌ت بده‌نه كامه حزب و ئه‌مڕۆش ئه‌و تۆپه‌یان فڕێ دایه گۆڕه‌پانی شیعه و ئه‌مڕۆش شیعه وتیان ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لاده‌به‌ین، ئه‌وه‌ی كه دانراوه، ئێستا ده‌ڵێت، نوێنه‌ری هه‌رێمی تێدا بێت، خۆ ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراق، داوا له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم بكات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم دانپێدانراوی ده‌ستوورین و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ده‌بێت داوا له هه‌رێم بكات بۆ دیاركردنی ئه‌و دوو دادوه‌ره. ئه‌مانه پێشینه‌ی خراپن و ناكرێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بخرێته چوارچێوه‌ی ململانێی ته‌سكی حزبایه‌تی. ئه‌مه‌م بۆ مێژوو باسكرد و شتێكی زۆر خراپیان كرد و ئێمه خۆمان هه‌ڵوێستی كوردمان لاواز ده‌كه‌ین له به‌غدا.
مه‌سعود حه‌یده‌ر: پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا زۆر روونه و ئێستا پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو ده‌یانه‌وێت خۆیان بسه‌پێنن و زیاده‌ڕۆیی بكه‌ن و ئه‌زموونی سه‌د ساڵی رابردوو، كه ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردوو بوو، ده‌وڵه‌تی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه بوو، ئێستا شیعه ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئه‌زموونه دووباره بكه‌نه‌وه و ئێمه‌ی كورد ده‌بێت له عێراقدا یه‌ك بین و نابێت به میزاجی ئه‌م و ئه‌و و به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت جیاواز بین. به‌داخه‌وه روئیای كورد له باره‌ی دادگای ئیتیحادی وه‌ك پارتی و له لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه ئه‌و روانگه‌یه دانرا كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بكرێت و له ماڵی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلا كرایه‌وه و بینیمان ئه‌وه شكێنرا و گرنگه سبه‌ی له یاسای بودجه هیچ پاساوێك بۆ ئه‌م ده‌قه نه‌هێرێته‌وه .
هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ش هه‌یه پێویسته باسی بكه‌م، نوێنه‌ری یه‌كێتی، خاتوو ئه‌ڵماس فازڵ، خه‌ڵكی كه‌ركووكه له ناو لیژنه‌ی یاسایی، دژی ئه‌مه بووه. وه‌ستاوه‌ته‌وه. چووه له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی كردوویه‌تی به شه‌ڕ و وتویه‌تی: ئه‌وه‌ی كه ماوه له كوردستاندا ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌ش بفرۆشن و ئه‌مه خیانه‌ته له كورد و ناچمه ژێر باری ئه‌وه‌ش.