“دادگاکان سەربەخۆنین”
نووسینی :بزاڤ ھیوا ئەحمەد
دەمێکە لە کوردستان تەپڵی ئەوە لێدەدرێ کە دادگاکان سەربەخۆنین و لەلایەن پارتەسیاسیەکانەوە بۆ بڕیاردان ئاراستەدەکرێن.
ئەم قسە و دەنگۆیانە ئێستا زۆر بەربڵاون بەشێوەیەک لە مێشکی خەڵکیدا چەسپیووە و ڕۆچۆتە ناو بیرکردنەوەی خەڵک بەجۆرێک کە تەنانەت لە منداڵێکیش بپرسی و بڵێی دادگاکان سەربەخۆن، لە وڵامدا دەڵێ نەخێر. ناحەقیشیان نیە! چۆن؟
بۆ ئەوەی لە کرۆکی ئەم بابەتە تێبگەین و خۆمان لە ڕاستی بابەتەکە لانەدەین، ئەوا کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ لەم نێوەدا دەبێ وەڵام بدرێنەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵەرە ئەکادێمیەکانی بەشە سیاسی، کۆمەڵناسی و یاساییەکان دەبێ دەوری خۆیان ببینن و وڵامی درووستی پشتڕاستکراوەی زانستیی ئەم پرسیارانەی خوارەوە و چەندین پرسیاری تر بدەنەوە:
شێوازی دادگا لە نێو مێژووی کورددا چۆن بووە و دەبوایە چۆن بێت؟ سەربەخۆ بوونی دادگا چیە؟ سەربەخۆ نەبوون واتای چیە و چۆنە؟ ھۆکار چیە کە دەوترێ دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین؟کێ وا دەڵێت؟ لە کوێی کوردستان سەربەخۆن؟ دەرئەنجامی ئەو وتنەوەیە چیە و کۆمەڵگا بەرەوە کوێ دەبا؟ لە کوێ وادەڵێن؟ ئەگەر ڕاستە، بۆچی دادگاکان سەربەخۆ نین؟ کێ زەرەرمەندە و کێ سودی لێدەبینێ؟
دادوەرەکان کێن و چۆن بوون بەدادوەر؟ کاریگەری ژینگە لەسەر دادوەر چۆنە و چیە؟ ئایین و کەلتوور لەکوێی ئەم باسەن؟ سرووشتی ستراتیجیەتی پارتەسیاسیەکانی کوردستان لە ململانێی یەکتریدا بۆ ڕازی کردنی جەماوەر چیە و چۆنە؟
دەستووری کوردستان لە کوێیە بۆ نەنوسراوە؟ ئایا ئەویش لەبەر ناسەروەری ناوەندە یاساییەکانە کە نەنووسراوە؟ چارەسەرەکان چین؟
لەھەمووشی ھەستیارتر دەبێ لەچەند پرسیارێکدا بابەتی ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری گەل ھەڵبسەنگێنرێ! چونکە گەلی ھۆشیار سەرچاوەی ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانە و دەبێ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی خەباتی ھەزاران گیانی بەخشراو بکا لەپێناو گەیشتن بە ھەبوونی دامەزراوەی سەربەخۆیی نیشتمانی.
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە لەوانەیە سەدان ڕۆژ بخایەنێت. بەڵام ئەگەر بەڕاستی پەرلەمان و ناوەندە ئاکادیمی و نیشتمانیەکان لەخەم ئەم بابەتەن، دەبێ ئەم بابەتە زیاتر گەورەبکەن و زانستیانە و بابەتیانە دەنگی گەورەی لێوەبێنن، چونکە ناکرێ تاھەتایە سەروەری دادگاکان لەژێر پرسیار و تەمومژدا بمێننەوە.
بەم شێوەیە بۆ ھەموو ئەوکەسان دەیانەوە بەڕاستی تێبگەن یان لانی کەم بۆ نوخبەیەک ڕووندەبێتەوە کە (درووستە دادگاکان سەروەر و سەربەخۆ نین) یان ئەوەتا (دەستی دەرەکی و فزول و خائینی ناوخۆیە کە دەیەوێ سەروەتە نیشتمانیەکان لەبەرچاوی خەڵک ناشیرین بکا)!
بەکورتی دەڵێم, بە تێگەیشتنی من، ئەگەر فعلەن دادگا سەروەر و سەربەخۆبێ ئەوە ھەر پارت و کەسێک بیەوێ ناوی دادگا بزڕێنێ، دەبێ بدرێتە دادگا. ئەگەر واشنەبێ دیارە دادگا سەروەر نیە دەبێ سەروەری بۆ بگەڕێندرێتەوە.
گەڕاندنەوەی سەروەرییش بە ھەبوونی دەستوور و پێگەیاندنی گەلی ھۆشیاردەکرێ. گەلی ھۆشیاریش بەمانای دژایەتی کردنی دەستەڵات نایە، بەڵکو بەمانای دژایەتی ئەو کەس و لایەنانە دێ کە دژی پرەنسیپە نیشتمانیەکان یاری تۆزاوی و وێرانکەر دەکەن و دەیانەوێ عاتیفەی خەڵک وەک ئامێری سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی بەکاربھێنن.
ھەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی ھەموو کۆمەڵگەیەکیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری ھەست و سۆز، بەڵام ئەوە دادگاکانن لەژێر چەتری دەستووردا کە دەبێ ڕێگری لە خراپ بەکارھێنانی ھەست و سۆزی گەل بکەن!
جگە لەوەش ئەگەر بەوشێوەیە بڕوا تەنانەت سزادانی دز و جەردە و تاوانبارەگەورەکانیش کاتیک دادگا سزایەکیان بەسەردا بسەپێنێ، قسەی لەسەر دەکرێ و گومان دروست دەکات، ئەو کاتە وڵات یەکجاری بەرەو هەڵدێردەچی و دادگا ناتوانێ سزای خراپەکاران بدات.