شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی نەسار ئەلڕوبەیعی لە بەغدا كۆبووەوە و تاوتوێی دوا پێشهاتی گفتوگۆكانی بودجەی 2021ی عێراقیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی2ی2021 بەڕێوەچوو، جەخت كرایەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 و زاڵبوون بەسەریاندا لەڕێگەی دیالۆگ و بە گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستوور.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندیی خۆیان بە چارەسەرە یاسایی و دەستوورییەكان دووپات كردەوە و دیدگای خۆیان لەبارەی پرسەكانی ناو بودجەوە لە كۆبوونەوەكەدا خستەڕوو.
لای خۆشییەوە، سەرۆكی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر، جەختی لە دانانی چارەسەری ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە، باسی لەوەشكرد سەدرییەكان پشتیوانی لە پاراستنی مافەكانی هەموولا دەكەن لەسەر بنەمای دادگەری.