نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / وه‌زاره‌تی شاره‌وانی وه‌ڵامی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆران ده‌داته‌وه

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی وه‌ڵامی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆران ده‌داته‌وه

دەقی روونکردنەوەکە:

بەڕێز عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك، شێواندنێكی زانیاریی لەسەر گرێبەستەكانی كۆكردنەوەی خاشاك لە شاری هەولێر بڵاو كردووەتەوە كە نەشارەزایی و بێئاگایی تێدایە و بە مانشێتێكی زەق نووسیویەتی: “ملیۆنان دۆلاری داھاتی گشتی لە تەندەری پاککردنەوەی ھەولێردا بە فیڕۆ دەچێت”.

لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پشتبەستن بە بنەماكانی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و داخوازیی یەكەمی هاووڵاتییان کە چاكسازییە، دەستمان بەو پرۆسەیە كردووە و تێیدا بەردەوام و پشوودرێژ دەبین. یەكێك لەو چاكسازییە گەورانە، پێداچوونەوە بوو بە گرێبەستەكانی كۆكردنەوەی خاشاك.

چەندان ساڵە ئەم گرێبەستانە بەبێ پرۆسەی تەندەرینگ درێژ دەكرێنەوە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەم، توانی بە شەفافی گرێبەستەكان بە مەرجی زیاتر و کوالێتی باشتر نوێ بكاتەوە و كۆتایی بەو قۆرخكارییە بهێنێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ سەرجەم كۆمپانیاكان بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان بەشدار بن. دوای ئەم هەموو ساڵە، لەم كاتەدا كە یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازیمان هاویشتووە، شێواندنی ڕاستییەكان لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە، جێی گومانێكی گەورەیە! بۆیە ئەم خالانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:


1- لە شێواندنەكەیدا وەك بەفیڕۆدانێكی گەورە، باسی مەرجی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانی كردووە، بێئاگا لەوەی كە ئەو مەرجە (مۆدێل ٢٠١٨) تەنیا بۆ ئەو ئامێرانەیە کە خاشاک دەگوازنەوە لە جۆری (کەپس، فاون، پیک ئاب، بۆب کات، قەللابی بچووک)، ئۆتۆمبێلەكانی پێشوو چەندان ساڵ بەسەر بەكارهێنانیان تێ پەڕیوە و نازانێت ئەو ماوە درێژە بۆ ئۆتۆمبێلی پاككردنەوە كە پاشماوەی خاشاك دەگوازێتەوە، لیك و پیسیی ترسناكی لێ دەكەوێتەوە و لەکاتی ڕژانی بەسەر شەقامەکاندا هەروەها دووكەڵکردن، چ مەترسی و زیانێكی گەورە بە تەندروستیی هاووڵاتییان و شارەکانمان و ژینگە دەگەیەنێت. ئەو ئامێرانەی کە گەورەن و توانای مانەوەی زیاتریان هەیە، مەرجە لە ٢٠٠٨ کەمتر نەبن، وەک: شۆڤڵ، تەنکەری ئاوی خاوێن، تانکەری ئاوی قورس، ترێلەی گواستنەوەی قورس ٦٠م٣، قەللابی گەورە ١٢م٣ و شۆڤڵ/حەففارە.

2- هەر بۆ زانیاری، مەرجى پشکنینى ساڵانەى ئۆتۆمبیلەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ ئەنجام دەدرێت، زیاد کراوە. ئەمەش بە مەبەستى پاراستنى ژینگە، بەتایبەتى لە ڕووى کەمکردنەوەى دەرهاوێشتە گازییەکان و نەهێشتنى بڵاوبوونەوە و ڕژانى لیکى زبڵ لە سەر شەقامەکان کە هاووڵاتییان بە بەردەوامى ناڕەزاییان هەبووە لەم دیاردەیە. هەروەها مۆدیلى ئامێرەکان بەرز کراوەتەوە لەسەر بنەماى ڕەچاوکردنى ڕێژەى بەکاربردن (قیمە الاندثار) بۆ ئامێرەکانى خزمەتگوزارى کە ئەمە بابەتێکی زانستییە، جگە لەوەی هەموو ئامێرێك تەمەنێكی دیاریكراوی كارکردنی هەیە.

3- بە ناوی بەڕێوەبەرانی شارەوانییەوە چەواشەیەکی سەبارەت داواکردنی گۆڕینی جۆر و مۆدیلی ئۆتۆمبیلەکان بڵاو کردۆتەوە کە دوورە لە ڕاستییەوە. گرێبەستەکان بەپێی بڕگەکانیان بەبێ هیچ تەداخولێک بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوە دەچن و هیچ دەستکارییەک لە بڕگەکان نەکراوە.

4- لە هەموو كایەکانی بەڕێوەبردندا، ڕەچاوكردنی ئەزموونی کارکردن گرینگیی خۆی هەیە بە تایبەتی لە سێكتەرێكی هەستیاری وەك کۆکردنەوەی خاشاك كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەندروستی و سەلامەتی گشتییەوە هەیە. هەر كەمتەرخەمی و بێ ئەزموونییەك لەو بوارەدا، ئەگەری هەیە كارەساتی تەندروستی و ژینگەیی مەزن بەدوای خۆیدا بهێنێت. بۆیە ئەو مەرجە هونەرییانەی پەیوەستن بە ئەزموونی کارکردنەوە، پاڵپشت بە ڕێنماییەکان بۆ گرێبەستە حکوومییەکانى ساڵى (٢٠١٦) و (وثائق قیاسى) کە لەلایەن وەزارەتى پلاندانان دەرکراوە، دانراوە. لە بەشى سێیەم (معاییر التقیم و التأهل)ى وثائق قیاسى، ئاماژکراوە کە بەشداربوو لە پرۆسەى تەندەرێن بۆ کارى هاوشێوە و دەکرێت بەڵێندەر یەک لەمانە بێت (بەڵێندەرى سەرەکى و بەشدارە لە کۆمپانیا، بەڵێندەرى کارگێرى، یان بەڵێندەرى لاوەکى) بۆ هەر گرێبەستێکى واژووکراو لە بوارى خزمەتگوزارى خاشاک.

5- کارى خاوێنکردنەوەى شار بە تایبەتى شارێکی وەک هەولێر کە نزیکەى ملیۆنێک کەسى تێدا دەژى و چەندین شوێنى بازرگانى و بازار و شوێنى قەرەبالغ و جەنجاڵى تێدایە، پێویستى بە پسپۆریى شارەزایی هەیە، لە ڕووى گەورەیی شار و دابەشکردنى ئامێرەکان و دیارىکردنى ڕێڕەویان لە گەڕەکەکان و بازاڕەکان و دیاریکردنى کاتەکان، هەروەها دابەش کردنى کرێکارەکان، بۆ ئەنجامدانى باشترین خزمەتگوزاریی لە کەمترین کاتدا. ئەم بابەتە لەسەر ئاستى جیهاندا بە زانستێکى تایبەت دادەنرێت کە گرنگى تایبەتى پێ دەدرێت.

6- هەموو شارەکانی وەبەرهێنان کە ژمارەیان دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، لە ناو هەولێر و دەوروبەری خراوەتە ناو ئەو گرێبەستانە.

7- پرۆسەى تەندەرینگ بۆ پڕۆژەکانى خاوێنکردنەوە بەپێى یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجام دراون و هیچ قۆرخکارییەکی تێدا نییە و چەندین کۆمپانیا کە ژمارەیان (٢١) کۆمپانیایە بەشدار بوون.

8- تەندەرەكان بە ئاشكرا كراون و تەواوی زانیارییەكان بە شەفافی بڵاو كراونەتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەی ئامێر زیادی كردووە، مۆدێلیان بەرز بووەتەوە، هەم ژمارەی زۆنەكان زۆرتر بوون و ناوچەی نوێ خراونەتە چوارچێوەی گرێبەستەكان و چەندین مەرجی تەكنیكی وەکو كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریكردنی لەڕێی جی پی ئێس و تیمەكانی چاودێری زیادی كردووە، سەرباری ئەوانەش 7 ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكوومەت گەڕاوەتەوە.

9- كاری پەرلەمانتاری ئوسووڵی خۆی هەیە، ئەو بەڕێزە زۆر بە سادەیی دەیتوانی سەرنجەكانی خۆی بە شێوەیەكی فەرمی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بنێرێت و ئێمەیش سەرنجەكانیمان وەڵام دەدایەوە، ئیدی دوای ئەوە ئەگەر سووربوو لەسەر سەرنجەکانی خۆی، دەیتوانی هەر ڕێكارێك بە پێویستی دەزانێت بیگرێتە بەر.

ئێمە بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدەین، وێڕای هەوڵەكانی هەندێک بۆ كەمكردنەوە لە بەهای دەستكەوتەكان و لەمپەرخستنە بەر هەنگاونان بەرەو چاكسازیی، پاشگەز نابینەوە و لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەم بەردەوام دەبین

بەپەلە

مەسرور بارزانی فەرمانێكی لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/4/2024، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *