ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دوای كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبوونی بە بەیانی ژمارە (1)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، بڕیاری دا دوو لیژنە بە سەرپەرشتیی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەک لە نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێکبێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
هەروەها بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی دا بۆ سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریکردنی فهرمانبهرانیان لە کاتی دەوام بۆ پابەندبوونیان بە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاووڵاتییانەی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بهبێ بهستنی (دهمامك) دەچنە ناو فهرمانگهکان.
داواشی لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر كرد لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی، پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بە تایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەر کەسێک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
ژوورەكە راشیگەیاند كە هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازار، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیەری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ههرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبهجێنهكات، لێژنەی قائمقامییەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
هەروەها هۆشداری دەدەنە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بڕیاریشی دا كە ئەم شوێنانەی خوارەوە لە کاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-
(یانهی شهوانه، نێرگهلهكێشان، یانهكانی مهی خواردنهوه (بار)، موزیك لایف، ئاههنگی شهوانەی یانەکان)
ئەم شوێنانەش بە داخراوی دەمێننەوە:-
(هۆڵهكانی بووك گواستنهوه، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک).
هەروەها پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێر خێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هاوینەهەوار و شوێنە گەشتییاریەکانیش دەبێت ڕەچاوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتیارانیان پایەندبن بە بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.