نوێترین هەواڵ
سەرەتا / ڕاپۆرت / ڕاپۆرتێکی ورد بزانە چۆن بەرپرسانی کەرکوک دزی دەکەن

ڕاپۆرتێکی ورد بزانە چۆن بەرپرسانی کەرکوک دزی دەکەن

بەهۆی ئیدارەیەكی سەپێندراوەوە، خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان لە كەركووك بۆ ئاستی سفر دابەزیون و شار بووەتە زبڵدانێكی گەورە، كە بە دوو ڕێگا مانگانە پارەی هەڵگرتنەوەی خاشاك لە هاووڵاتییان وەردەگیردرێت و، دۆخی ئەمنییش زۆر خراپە، بەرپرسانی كوردیش دەڵێن، ئیدارەی سەپێندراو خۆیان بە خاوەنی كەركووك نازانن و سەرقاڵی گەندەڵی و خۆدەڵەمەندكردنن.

ڕەسووڵ ڕەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاند: “لەگەڵ داگیركردنی كەركووك، بەعەرەبكردنی شارەكە دەستی پێكردووە بۆ زیاتر ڕێخۆشكردنیش 119 پۆستی گرنگ لە كورد وەرگیراونەتەوە و بە كەسانی عەرەب پڕ كراونەتەوە، شارەكەش بەسەربازگە كراوە لە هێزەكانی پۆلیس و حەشدی شەعبی و سوپا لە بەرژەوەندسی عەرەبی شیعە”‌.

ڕەئووف ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “لە تەواوی عێراق كاتێك چەكدارێكی حەشدی شەعبی دەكوژرێت، لە كەركووك زەوی بە كەسوكارەكەی دەدرێت و بۆیان دەكەن بە بینا، پاشان خانەوادەكەیان لە كەركووك جێگیر دەكرێن و لە فەرمانگەكان دایاندەمەزرێنن، ئەمەش بۆ ئەوەیە زیاتر ڕێژەی عەرەب لە شارەكە زیاد بكەن”.

ئەو زانیاری زیاتر دەدات و دەڵێ: “هێزە سەربازییەكان نەهاتوون ئەمنییەت بۆ شارەكە دابین بكەن، بەڵكو بەشێكی زۆری خراپیی دۆخی ئەمنی، ئەو هێزانە خۆیانن و نەیانتوانیوە ئەمنییەت بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “لە ساڵی 2003ـوە، خراپترین قۆناغی ئیدارەدانی كەركووك، ئێستایە، لە ڕووی ژینگەییەوە زۆر خراپە و شارەوانی كارناكات و شەقامەكان تەندراون بە خۆڵ و خاشاك، كارەبا لە 24 سەعاتدا، كەمتر لە 5 سەعات هەیە، خراپی دۆخی كەركووك بە بەرنامە وای لێ دەكرێت و هاووڵاتیانیان بێهیوا كردووە”.

هاوكات، شێخ سدیق ئەحمەد، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای كەركووك و ئەندامی سەركردایەتیی حزبی شیوعی كوردستان، ڕاگەیاند: “لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، كەركووك لە رووی خزمەتگوزارییەوە پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە، هیچ پڕۆژەیەك جێبەجێ ناكرێت و شار تەواو تەندراوە بە خاشاك، هەروەها ئیدارەی كەركووك بە تەواوەتی ڕۆچووە لە گەندەڵی لە پارێزگار و قایمقام و هێزە سەربازییەكان كاریان ئەوەیە چۆن بتوانن پشكی خۆیان بەرن لە داهاتی كەركووك، ئەوەش وای كردووە پڕۆژەكان و خزمەتگوزارییەكان پەكیان بكەوێت، ئێستا كەركووك وەك گوندێكی گەورەی لێ هاتووە و تەنانەت بە شەو كەركووك تەواو تاریكە و گڵۆپی شەقامەكانیش كارناكەن و سیمای شاری پێوە نابیندرێت”.

ئەحمەد گوتیشی: “دەسەڵاتی ئیداریی ئەم شارە بیر لە ژیانی هاووڵاتیان ناكاتەوە و خەریكی گەندەڵین، خۆیان بە خاوەنی ئیدارەی كەركووك نازانن و خۆیان بە كاتی دەزانن و چاوەڕێی ئەوەن بیانگۆڕن، هاووڵاتیانیش چاوەڕێی ئەوەن دەسەڵاتی كوردی بگەڕێتەوە، بۆیە پەلەی كۆكردنەوەی پارەیانە، كورد هیچ بوونێكی ئیداری لە كەركووك نییە و پێویستە ڕێككەوتن بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی كوردی پەلەی لێ بكرێت و پارێزگار بدرێتەوە بە كورد، هاتنەوەی پارتییش بۆ كەركووك، باشترە و ئیدارەی كوردی بەهێزتر دەتوانێت بگەڕێتەوە”.

گوتیشی: “داعش بوونی هەیە لە سنوورەكە و دەشتوانن بێنە ناوشار بینایەك داگیر بكەن و دوو ڕۆژ شەڕی تێدا بكەن، بەڵام وەك ئەوەی بتوانن كەركووك ئەوانیش داگیری بكەن، نا ناتوانن كەركووك بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان”.

لە لایەكی دیكەوە، جوان زەنگەنە، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، گوتی: “نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ چاودێریی دەسەڵاتی ئیدارەی شار و تاكلایەنە بڕیاردان و خەرجكردنی بودجە، وای كردووە گەندەڵییەكان گەیشتوونەتە لوتكە و شەقام و كۆڵانەكان پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاك، لە كاتێكدا مانگانە بە دوو ڕێگا پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵكی وەردەگیردرێت، لەگەڵ وەسڵی مۆلیدە و وەسڵی مەجاری، بە ناوی پاككردنەوەی شارەوە پارە لە خەڵكی دەستێندرێت”.

“ئەو پارەیەی بە ناوی پاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی خاشاك لە ماڵان كۆدەكرێتەوە، كەس نازانێت چی بەسەر دێت و كێ دەیخوات، بۆیە كەركووك بووەتە زبڵدانێكی گەورە”. جوان زەنگەنە وای گوت.

كەركووك ساڵانە بە سێ قۆناغ بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ دابین دەكرێت، كە بریتین لە بودجەی (تەنمیەی ئەقالیم)، بودجەی شار و بودجەی سندووقی ئاوەدانكردنەوە، بودجەكەش ساڵانە لە نێوان 200 ملیار دینار بۆ 400 ملیار دینارە، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە ناوی هاوكاری لە لایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەكبەخشەوە پێشكەشی ئەو شارە دەكرێت، بەڵام دۆخی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان زۆر خراپە و چاودێری نییە و پارەكە دەخورێت.

بەپەلە

وەهاب هەڵەبجەیی چۆن هەوڵى نانەوەى شەڕى هەورامى و سۆرانى دەدات لەژێر ناوى کوڵەباڵەکەدا

وەرن لە کۆمێنت زیاتر لەوبارەوە بخوێنەرەوە بەرپرسە هەورامیەکانیش هاتنەسەر خەت حاجى تاهیر هەورامیی پیاوێکى سەرمایەدارى …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *