له كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتن له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه پێویسته هه‌ردوولا پابه‌ند بن، به‌ڵام له دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه، به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان دژی حكوومه‌ت و بڕیار و كاره‌كانی حكوومه‌ت وه‌ستانه‌وه.
حه‌كیم عوبێد ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، راگه‌یاند، رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كابینه‌ی نۆ له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان و چاكسازی كردووه، پێشتریش داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی هه‌رسێ حزبی به‌شداری حكوومه‌تمان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكرێت و حكوومه‌ت بچێته قۆناغێكی تر.
زیاتر گوتی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تا ئێسته‌ش پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانه، جڤاتی نیشتمانی هه‌ندێ تێبینی له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه هه‌یه، ئه‌و ورده كێشانه‌ی هه‌ردوولا گرفت دروست ناكات، ده‌كرێ به‌جۆرێكی تر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه هه‌موو شته‌كان راگیرابن.