
لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەی نایاسایی زیاتر لە دە هەزار و ٦٠٠ كەس لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕدرا.
لەمبارەیەوە حامیدی حاجی غالی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارێکی باشی كردووە کە مووچەی ئەو کەسانەی بڕیووە کە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن“.
ڕوونیشی كردەوە، ھەندێک خەڵک هەن بە شێوەی نایاسایی مووچە وەردەگرن، بۆیە ”دەستی حکوومەت خۆش بێت کە مووچەی ئەو کەسانە دەبڕێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر كەسێك تەنیا مووچەیەكی هەبێت و مووچەكەی ببڕێت، ئەوا پشتیوانی لە بڕیاری بڕینەكە ناكات، بەڵام ”ئەگەر بە بەردەوامی مووچەی نایاسایی ببڕدرێت، دەچێتە چوارچێوەی چاکسازییەوە و ھەمووان پاڵپشتی دەکەن“.