شارەزایانی یاسایی جەخت دەكەنەوە كە لە ڕووی دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتیش، هەرێمی كوردستان مافی هەیە سنوورەكانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بپارێزێت.
ئاراس عەبدوڵا، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی ،راگەیاند، بوونی په‌که‌که له هه‌رێمی کوردستان پێشێلکردنی سه‌روه‌ریی خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقه، چونکه ئەو هێزە لەگەڵ ئەوەی هیچ مۆڵه‌تێکی فەرمیی له هه‌رێمی کوردستان و عێراق نییە، بووەتە هۆکاری چۆڵکردنی سەدان گوند و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی و ڕفاندنی منداڵان و ئەنجامدانی کاری نایاسایی تا ئاستی ئەوەی بەپێی راگەیەنراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو حزبە کاری تیرۆریستیی ئەنجام داوە و پیلانی هەبووە کاری گەورەتریش ئەنجام بدات کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدات.
ڕوونیشی كردەوە، له روانگه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییەوە، په‌که‌که حزبێکی دەرەوەی یاسایە لە هەرێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی داگیر کردووه، جگه له داگیرکردنەكەش، بۆته هۆی زیانی ماڵی و گیانی بۆ خه‌ڵکی ناوچه سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای دروستکردنی کێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کە هۆکاری له‌شکرکێشیی وڵاتانی دراوسێیە بۆ سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان، که ئه‌مه‌ش پێشێلکردنی تەواوی سەروەریی خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقە”.
ئەو چاودێرە سیاسییە، سێ رێگای بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو بەم شێوەیە:
- لە ڕێگەی ئاشتی و دانوستان لەگەڵ پەكەكە ڕازی بكرێن بەوەی خاكی هەرێمی كوردستان جێ بهێڵن.
- دەکرێ هەرێمی کوردستان له ڕێگەی سکاڵا له رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و وڵاتانی زلهێز، فشار بخاتە سەر په‌که‌که تاوەكوو خاكی هەرێمی كوردستان چۆڵ بكەن.
- هه‌رێمی کوردستان به هاوکاریی حکوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان، له‌ژێر بڕگه‌ی پاراستنی سه‌روه‌ریی خاک و به‌رگریی شه‌رعی (الدفاع الشرعی)، دەری بکات.