نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: هیچ ئاهەنگێک بۆ مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام ناکرێت

ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: هیچ ئاهەنگێک بۆ مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام ناکرێت

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رێکاری نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند، لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و گردبوونەوە بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەڵێت، هیچ جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دابەشکردنی شیرینی و سازدانی ئاهەنگ ناکرێت.

  ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا بە سەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووەوە. 

بڕیارەکانی لیژنەکە:

یەکەم:پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بە دابینکردنی 100 هەزار دەمامک لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر بۆ بەشێک لە دامودەزگەکانی پۆلیس و هاتووچۆ و فەرمانگەکان، کە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

دووەم: هاووڵاتیان و هاوشاریانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم قۆناخەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن بە گشتی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).

سێیەم: سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت و دووکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی دەمامک بۆ کرێکاران، خاوەن دووکان، فرۆشیاران، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانییان دەکەن، بە پێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان راسپێردراون هەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

چوارەم: داوا لە مامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە رابردوودا هاوکارمان بوون، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە خۆیان نەدەن بەبێ بەستنی دەمامک برۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان.

پێنجەم: وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بە جیاواز لە هەموو جیهان، پێشەنگ بووە لە پێشوازيی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیە بە رێوڕەسم و شێوە و شێوازێک کردووەتەوە کە لە ئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بە پشتبەستن بە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە رازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرز رابگرن، هەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە مزگەوت، تەکیە، ناو سەنتەری شار و ژێر قەڵات و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەراسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەو بۆنەیەوە ناکرێت.

شەشەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت دەمامک ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام دەمامکی نەبەستبێت، رێکاری کارگێڕی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاووڵاتییەک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی دەمامک بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.

حەوتەم: داوا لە سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەسوکارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی خێزانەکانیان، لە کاتی چوونی رۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان، رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و دەمامک ببەستن.

هەشتەم: هاووڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە زیادبووندایە، بۆیە ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختتر دەبێت، ئەو کات بە ناچارییەوە دەبێت بیر لە رێگەی تووندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.

بەپەلە

مەسرور بارزانی فەرمان بۆ تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەردەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/3/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “مەسرور بارزانی، …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *