نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / سوپاس بۆ برایانی كۆمەڵی ئیسلامی!

سوپاس بۆ برایانی كۆمەڵی ئیسلامی!

ئەگەر بە قسەی سەركردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بێت! دەبێ ئەم مانگە هەرچی مووچەخۆری كوردستانە، كە مووچەی وەرگرت، ئیتر نانێك بخوات و نانێك بكاتە خێر، بۆ جەنابی ئەمیر و كاك ئەحمەیی حاجی رەشی و جەناب ئاغای عەبدولسەتاری مەجیدی، خۆ ئەگەر كەسێك مووچەكەی تێیدا هەبێت و باش بێت و بەش بكات، خراپ نییە مەڕێكی گۆشتن و خرپنیش لەبەردەم بارەگای ئەمارەتی كۆمەڵ بدا بە عەرزا! ئاخر برایانی هەمیشە حەقبێژی! كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان دەڵێن: ”مستەفا كازمی بە قسەی ئێمە مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی نارد!“… جا توو خوا پیاوگەلێك لەم رۆژە رەشەدا، بتوانن نان لە قوڕگی نەهەنگدا بۆ میللەتەكەی خۆیان دەربهێنن، موستەحەقی سوپاسگوزاری و خێری لەوە زیاتریش نیین؟!

هەزار رەحمەت لە قەبری باوكی بێرناردشۆ و لەو شیرەی، چونكە دەڵێ: ”ئەوە كێشە نییە كە كۆمەڵێك خەڵك هەن درۆ دەكەن، كێشەكە ئەوەیە كە خەڵكانێك هەن باوەڕ بەم درۆیانە دەكەن“.
هانام بۆ بێرنارد شۆ برد تا بیری ئەحمەیی حاجی رەشی و خەڵكی كوردستانیشی بهێنمەوە كە هەر ئەو كاك ئەحمەوە بوو چەند مانگێك لەمەوبەر، لەگەڵ پەرلەمانتارە كوردە كوردفرۆشەكانی تری بەغدا، داوایان لە حكوومەتی عێراق دەكرد: ”مووچە نەنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان“.

ئەی خوا مەرگ، لە شاگردانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و وەستاكەیان! هەر رۆژەو لە ئاوازێك دەخوێنن و هەر سەعاتەو لەسەر پەتێك گەمە دەكەن و هەر دەمەو بە دەهۆڵێك خەڵكی عەوام و كەمزان هەڵدەپەڕێنن و هەر دەقەو بە دەلەسەیەك مەردومی ساویلكە دەخەڵەتێنن، جارێك دەڵێن: ”خەونمان بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ەوە بینیوە“، لە هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردندا، دەڵێن: ”ئەوەی دەنگ بە ئێمە نەدات تەڵاقی دەكەوێ“ و جارێكی تر دەڵێن: ”بۆ ئەوەی خودا و ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز و پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، پارێزراو بن، دەنگ بە ئێمە بدەن!“ تۆ سەیری ئەو خاپاندن و بەگەوج زانینەی باوەڕداران! وەك ئەوەی زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵ بێت، كۆمەڵی ئیسلامی، قورئانی پیرۆزی موسڵمانان و ئایینی ئیسلامی پاراستبێت!

پێشتر پەرلەمانتارێكیان هەبوو، دەتگوت لە دوكانی حەواڵە كار دەكات، رۆژ تا ئێوارە رەقەمی بە گوێی خەڵكدا دەدا، دواجار دەركەوت لە سفرەوە تا ملیاری، هەمووی بێ بەڵگەن و لە بەركی خۆی دەریان دەهێنێ و ساڵانێكی زۆرە وێڕای مووچە زۆرەكەی پەرلەمانتاریی، مووچە و بودجە و خەرجیی تایبەتیش لەسەر دەزگایەكی ئەمنیی سەر بە حزبێكی تر وەردەگرێت. هەموو ئەمانە بە بەڵگە بڵاو بوونەوە، كەچی نە ئەمیر و نە كەونە وەزیر، نە حەكیم و نە سەلیم، نە هیچ سەركردەیەكی تری حزبەكە، نقەیان لێوە نەهات! سەیرە تۆ حزبێكی ئیسلامی بیت و ناوی خۆت نابێ حزبێكی سەربەخۆ و دەیان ئۆرگانت هەبێت، بەڵام رازی بیت، پەرلەمانتارێك و كادیرێكی پێشكەوتووی حزبەكەت، مووچە و خەرجیی سەفەر و فەخفەخەی ژیانی، لە پارەی دەزگایەكی ئەمنیی سەر بە حزبێكی تر بێت! ئەرێ توو ویژدانتان حزب هەیە لە دنیادا، جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی)ی لای خۆمان ئەمە قبووڵ بكات؟!

مامۆستا عەبدولسەتارێكیان هەیە، خزمی ئەمیریشە و كەونە وەزیریشە! ئەم (عەبدولسەتار)ە هەر كە قسەی كرد، دەبێ لەبەر خۆتەوە بڵێی: ”یا سەتار!“ ئەمە نەك لەبەرئەوەی (مامۆستا عەبدولسەتار) پیاوێكی موهیمە و ستارە لەسەر شتێكی مەستوور لادەبات! بەڵكوو (یا سەتار)ەكە بۆ ئەوەیە، كە نازانێ قسە بكات! لە دانیشتنەكەی رۆژی ٥ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكی حكوومەت ئامادەی بوو، كە نۆرە ئاخاوتنی عەبدولسەتار هات، گوتم: ”یا سەتار دەبێ چ بڵێ!“، كە گوێم لێ گرت، دەركەوت خۆیشی نازانێ چ دەڵێ و ئەگەر ئێستا قسەكانی خۆی بە ڤیدیۆ بۆ لێدەیتەوە، دڵنیام خودی خۆی دەڵێ بریا هەر نەدوابام و بێدەنگیم لەو قسانەم باشتر بوو!

جا هەر ئەم كاك سەتارە بوو، گوتیشی: ”بە بەڕێز كازمیمان گوتووە مووچەی هەرێم بنێرێت و جەنابیان موافەقەتی فەرمووە!“، لێدوانێكی لەوە بەهێزتری هەبوو كە لە بەغدا هاتەوە، لێیان پرسی: ”ئەرێ ئێوە چوون بۆ لای بەڕێز كازمی تا وەكوو كۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەكان، لەگەڵ لیستی مستەفا كازمی بەشدار بن؟“. كاك سەتار ئاوها وەڵامی داوەتەوە: ”ئەو لیستە لەبەر خەڵك بەر ئێمە ناكەوێ!“… خەڵك حەیای بێ ئەو قسەیە كاك سەتاری بەسە! ئەوەیە وەڵامی پیاوی سیاسی، پیاوم ئەوێ تەحلیلی بكات!

جا كاكم عەبدولسەتار، لەم رۆژانەدا، كە ویستبووی وەك پاڵەوانی موعارەزە و پارێزەری راستەقینەی ئیسلام، خۆی بناسێنێ، قسەیەكی موهیمتریشی فەرمووبوو، لەخۆیەوە بێ موناسەبە، لەم رۆژانەدا لە فەیسبووك نووسیویەتی: ”پێم سەیرە، دەسەڵاتدارێك ئەوەندە رووقایم بێت، هەوڵی داماڵین و گۆڕینی ئایینی خەڵكیش بدات، لێگەڕێن دەست بۆ ئایینی خەڵك مەبەن و بۆ رازیكردنی كەمینەیەكی كەم، شعوور و موسڵمانێتی خەڵك مەڕوشێنن“، خواو بێ كا عەبدولسەتار، هەر هیچ نەبێ رێز لە پەیامی خودای گەورە بگرە كە رێنوێنیمان دەكات راستگۆ بین و ئەگەر قسەمان كرد، راست بڵێین! یەكێ شارەزای هەرێمی كوردستان نەبێت یان لێرە نەژی، وا دەزانێ پیاوانی دەسەڵات، شەوانە رۆژ بە خەنجەر و شمشێرەوە هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و خێزانانی كوردستان و بە زۆر ئایینیان پێ دەگۆڕن!

ئەرێ ئەنگۆ تا كەی لە هەوڵی فریودانی خەڵكدا دەبن؟! كەسێك ئایینی بگۆڕێت یان نا، باوەڕی بە هیچ ئایینێك نەبێت، یان باوەڕداری ئایینێكی دیاریكراو بێت، حكوومەت و دەسەڵات چ پەیوەندییان بەمەوە هەیە؟ جا كاكە سەتار گیان، بەپێی یاسای ئەو پەرلەمانەی كە مانگانە مووچەی ملیۆنان دیناری لێ وەردەگریت، ئایینداری لە هەرێمی كوردستان ئازادە، هەموو ئایینێكیش لە وەزارەتی ئەوقاف، نوێنەرایەتیی فەرمیی خۆی هەیە، جا یان قبووڵی مەكە لەو پەرلەمانە دانیشیت و مووچەی خۆت و پاسەوانەكانت و ئۆتۆمبێل و ئیمتیازی تری لێ وەرگریت، یان چاوەڕێ بە تا رۆژێك لە رۆژان دەبنە زۆرینەی پەرلەمان و ئەوكات ئەو یاسایە بگۆڕن و هەوڵ بدەن، جزیەش لە ئێزدی و مەسیحی و كاكەیی و سابیئە و زەردەشتییەكان وەرگرن لەپای مانەوەیان لەسەر ئایینی خۆیان! ئەگەر نەشیان دا وەكوو داعش هەڵكوتنە سەریان!

یان دانیشە بە حاڵی خۆتەوە خوای گەورە نانێكی چەوری پێداویت بیخۆ!
ئاخر نەك من و خەڵكی یاسانەناس، تەنانەت دامەزرێنەران و داڕێژەرانی یاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش نازانن، ئەگەر تۆ پاش ئەم خولە، خانەنشین بوویت، مووچەی خانەنشینیی چی وەردەگریت؟ هی وەزیری یان پەرلەمانتاری؟ یان هەردووكیان، یان هیچیان؟! خوای گەورە عەلیم و خەبیرە، دەنا ئێمەومانانێكی بێ ئاگا لەو بوارە، هەر هیچی لێ نازانین.

ویستم، هەر لەم وتارە، كەمێك باسی كاك ئەحمەوی حاجی رەشیش بكەم، لێ گوتم رەنگە دەستم وشك بێت و زمانم لاڵ بێت ئەگەر بە زیكری خێر باسی ئەو پیاوە نەجیبە نەكەم! خۆ هیچ نەبێ دەبێ ئەو پیاوەتیەیم لەبەرچاو بێ كە ئەم مانگە مووچەكەی لە بەغداوە بۆ هێناین!

بەپەلە

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *